Accessibility links

لەگەڵ ڕوودواەکاندا: عێراق بەرەو کوێ


خۆپیشاندەران هەروادێ و فشاری زیاتر دەخەنە سەر حکومەتی عێراق تا دەست لە کار بکێشێتەوە.

ئەم داواکارییەش بۆیە بابەتی هەرە گەرمی وتووێژەکانی لایەنە شیعە سیاسییەکانی عێراق.

موقتەدا ئەلسەدر، کەسایەتی ئاینی شیعە ئاینزاکان لە پەیامێکیدا بۆ دکتۆر عادل عەبدولمەهدی، سەرەک وەزیری عێراق داوای لێدەکات تا دەست لە پۆستەکەی بکشێنێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختیش بکرێت. ئەلسەدر بە سەرۆکی حکومەتیش دەڵێت ئەگەر بێتوو دەست لەو پۆستەت نەکشێنێتەوە ئەوا تەواوی لۆمەکان دەکەونە ئەستۆی خۆت و حکومەتیشەوە.

دکتۆر عادل عەبدولمەهدی، سەرەک وەزیری عێراق
دکتۆر عادل عەبدولمەهدی، سەرەک وەزیری عێراق

لە وەڵامی ئەو پەیامەشدا، دکتۆر عادل عەبدولمەهدی دەنوسێت؛ ئەو هەنگاوە پێویستی بە ڕێوشوێنی دەستوری هەیە کە پێویستە سەرەک وەزیر وابەستەیان بێت.

لەو شەپۆلی ناڕەزاییەی عێراقدا توندوتیژیش ڕوویانداوە، دەسەڵاتدارانی عێراقی نکوڵی دەکەن لەوەی هێزی لە ڕادەبەدەریان بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارهێنابێت، یانیش تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردبێت، وەک لە ڕاگەیاندنەکانی هێزە ئاسایشییەکانی عێراقدا هاتووە.

لەگەڵ ئەو جەخت کردنەوانەشدا بەڵام تا ئێستا، بەپێی لێدوانی خۆپیشاندەران و دامەزراوە تەندروستییەکان، سەدان خۆپیشاندەر کوژراون و هەزارانیش بریندارن.
هەندێک سەرچاوەی هەواڵ لە بەغدادەوە باس لەوە دەکەن چەکداری نەناسراو لە یەک کاتدا تەقە لە خۆپیشاندەران و لە هێزە ئاسایشیەکانیش دەکەن.

دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود
دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود

خۆپیشاندانەکان زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقیان گرتۆتەوە و خەڵک داوای بنەبڕکردنی گەندەڵی و دادگاییکردنی گەندەڵکاران و دابین کردنی خزمەتگوزاریە بنچینەییەکان دەکەن.

یونامی دەڵێت پێویستە خۆپیشاندەران دەست بە دانوستاندن بکەن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بۆ کۆتاییهێنان بەو توندوتیژیانەی شەقامەکانی شارەکانی عێراقی گرتۆتەوە.

دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراقیش تەرخان کرا بۆ تاووتوێکردنی ڕەوشی عێراق و هەروەهاش داواکردن لە سەرەک وەزیری عێراق تا بچێتە بەردەم پەرلەمان و وەڵامی پرسیارەکانی پەرلەمانتاران بداتەوە.

موحەمەد ئەلحەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت بە نوسراو داواکاریەکەی ئاڕاستەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی کردووە و دەشڵێت ئەگەر بێتوو ئامادە نەبێت ئەوا لە پەرلەماندا ڕێوشوێنی پێویستی دەستوریی بەرامبەری دەگیرێتەبەر، بەڵام ناڵێت ئەو ڕێوشوێنە دەستوریانە چین و چی نین.

لەوەتای ساڵی 2003 و ڕزگاربوونی عێراق لە چنگی دیکتاتۆر، بە دیاریکراویش لە ساڵی 2005 ەوە کە حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق پێکهێنراون، ئەم کێشانەی ناو وڵاتەکە سەریان هەڵداوە و گەندەڵی بووە یەکێک لە سیماکانی ئەو وڵاتە.

بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا هەر بە تەنها حکومەتەکەی عەبدولمەهدی لەو کێشانە بەرپرسیارە؟ ئەی ئەوانی پێش عەبدولمەهدی؟
شیکەرەوە لەوبڕوایەدان لە عێراقدا کێشەکان کێشەی ئەوە نییە کێ سەرەک وەزیرە یان چ لایەنێک حکومەت پێکدەهێنێت، بەڵکو تەواوی کێشەکان لە سیستەمدایە و داواش دەکەن ئەو سیستەمەی لە 2003 وە کاری پێکراوە پێویستە گۆڕانکاری تیادا بکرێت، چونکە ڕووداوەکان شکستی ئەو جۆرە سیستەمە کارپێکراوە نیشان دەدات.

ئەمە بێ لەوەی دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە 2003 وە و ناکۆکییەکانی ماڵی شیعەش لەولاوە بوەستێت کاریگەرییەکی نەرێنی هەبووە لەسەر مانەوەی عێراق لە ڕەوشێکی لەرزۆکدا.

زۆرێک لە چاودێری عێراقی لەوبڕوایەدان وڵاتەکەیان بۆتە مەیدانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ دەرەکییەکان و بە دووریشی نازانن ئەوەی ئێستا لە عێراقدا ڕوودەدات بەشێک بێت لەو ململانێ دەرەکیانە.

کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژە بە ڕۆڵ و دەستێوەردانی ئەمریکا دەکات لەم ڕووداوانەی عێراق و لوبنانیشدا.

ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران داوا لە وەک دەڵێت دڵسۆزەکان بۆ ئەو دوو وڵاتە دەکات تا ڕووداوەکانی عێراق چارەسەر بکەن، وەک دەڵێت "ئەمریکا و ئیسرائیل و پارەی هەندێک لە وڵاتە دواکەوتووەکان کێشە و ئاڵۆزییان لەو دوو وڵاتەدا دروست کردووە.

ئەم لێدوانەی ئایەتوڵا خامەنەئی لە کاتێکدایە کە یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران نەهێشتنی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە عێراقدا. لەم دوا شەپۆلی ناڕەزاییەدا لە زۆرێک لە شارەکانی باشوری عێراقدا کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعەن، دروشمی دژی دەستێوەردانی ئێران دەگوترێنەوە و تەنانەت ئاڵای ئێران و وێنەی سیمبۆلەکان و بەرپرسە باڵاکانی ئێرانیشیان سوتاندووە.

ئایا ناچارکردنی سەرەک وەزیری عێراق بە دەست لەکارکێشانەوە، هیچ شتێک لە ڕەوشی عێراق دەگۆڕێت؟

بۆچی تەواوی قەیران و کەموکوڕیی و کەمتەرخەمییە کەڵەکەبووەکانی عێراق لە ئەستۆی ئەم حکومەتەی ئێستای عێراق دەنرێت؟

ئایا ئەڵتەرناتیڤ بۆ حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، کێیە و چییە؟

دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی عێراق لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:34:32 0:00


XS
SM
MD
LG