Accessibility links

مێزگرد: شەپۆلی ناڕەزاییەکانی عێراق


خۆپیشاندانەکان لە عێراق بەردەوامن و خۆپیشاندەران بۆ بەهێزکردنی فشارەکانیان لەسەر حکومەت، دەستیان کردووە بە گرتنی زۆرێک لە ڕێگەوبانە سەرەکییەکانی بەغدای پایتەخت و شار و شارۆچکەکانی تریش.

خۆپیشاندەران هێشتا سوورن لەسەر داواکانی خۆیان بۆ دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی و دادگایی کردنی گەندەڵکاران.

خۆپیشاندەران دەشڵێن هەر تەنها گۆڕینی حکومەت بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی وڵاتەکەیان، بەڵکو داوای گۆڕینی تەواوی سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردنی عێراقیش دەکەن.

دکتۆر ڕێبوار فەتاح
دکتۆر ڕێبوار فەتاح

ئەگەر پێشتر هەندێک لایەنی سیاسی هەبوون و بەگژ دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەچووونەوە، بەڵام ئێستا پێدەچێت شەقامی عێراقی، دەستێوەردان و کاریگەرییەکانی ئێران لە وڵاتەکەیاندا تەواو بێزاری کردبن و بە تایبەتیش لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە شیعە ئاینزاکانن.

میوانەکانی مێزگرد:
دکتۆر ڕێبوار فەتاح، پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی.

موقتەدا ئەلسەدر، کەسایەتی ناوداری شیعەکان، کە ئاستێکی بەرزی جەماوەریی هەیە لە شەقامی عێراقیدا، پێشتر لە چەند بۆنەیەکدا جەختی لەوە دەکردەوە کە ناکرێت باس لە وڵاتێکی سەروەر بکرێت و ئێران ئەو هەموو دەستێوردان و کاریگەریانەی تیادا هەبێت.

دکتۆر کەنعان حەمە غەریب
دکتۆر کەنعان حەمە غەریب

هەرچۆنێک بێت وەک سەرچاوەکانی هەواڵ لە بەغداوە باسی دەکەن لە ماوەی ئەم دوو مانگەی ڕابردوودا، موقتەدا نزیکەی پێنج جار سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووە. دواجار کە لە ئێران گەڕایەوە، لەناو شاری نەجەف، موقتەدا چووە ناو خۆپیشاندەرانەوە، بەڵام وەک دەگوترێت "خۆپیشاندەران پێشوازییەکی ئەوتۆیان لێنەکرد."

میدیاکانی عێراق ئاماژەشیان کردووە بە سەردانێکی قاسم سولەیمانی، سەرکردەی هێزەکانی سوپای قودس/ پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکردن بە ئاستی جیاجیا لەگەڵ هێزە سیاسییە شیعەکانی عێراقدا بۆ تاووتوێکردنی ڕەوشی عێراق.

لەم شەپۆلی ناڕەزایەتیەدا سەدان کەس کوژراون و بە هەزارانیش بریندارن لە خۆپیشاندەران و لە هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکەش، بەڵام هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت هیچ یەکێک لەوانەی تەقەیان کردووە پێناچێت دەستگیرکرابن، لە کاتێکدا خەڵک داوا دەکەن ئەوانەی تەقەیان کردووە دەستگیربکرێن و لە دادگاییەکی ئاشکراشدا دادگایی بکرێن.

ئایا هاوڕایی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا هەیە بۆ گۆڕینی سیستەمی وڵاتەکە؟

ئایا دوای ئەم خۆپیشاندانانە، ئێران دەتوانێت بە هەمان ئاستی پێشوو دەستێوەردان و کاریگەریی لە عێراقدا هەبێت؟

بۆچی خۆپیشاندەران لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا گوێیەکی ئەوتۆیان بە وتاری مەرجەعی شیعەکان نەداوە؟

دکتۆر ڕێبوار فەتاح و دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، لەم مێزگردەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:40 0:00


XS
SM
MD
LG