Accessibility links

کورد کارتى بۆ کەرکوک بەدەستەوە نەما


هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە، ئەو کارتەى دەستى کوردى بەتەواوەتى سوتاند، کە دەیویست لە ڕێگەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکەوە، پۆستى پارێزگارى ئەو شارە بەدەست بهێنێتەوە.

هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، یەکێکبوو لە داواکارى خۆپیشاندەران، کە پێیانوایە ئەنجومەنەکان، هۆکارى گەندەڵى و سست بەڕێوەچوونى پرۆژە خزمەتگوزاریەکانن.

هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاکان، هەوڵەکانى کوردى بۆ بەدەست هێنانەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک بەیەکجارى شکست پێهێنا، بەو پێیەى ئەنجومەنە زۆرینە کوردەکەى ئەو پارێزگایە، چیتر دەسەڵاتى لابردن و دانانى پارێزگارى نەما.

رێبوار تەها یەکێک لە نوێنەرانى کەرکوک لەئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"دەرفەتێکى زۆر لەبەردەم کورددا بوو بۆ دانانى پارێزگار بۆ کەرکوک، بەڵام ئەو دەرفەتە لەدەست دراو ئەنجومەنى پارێزگاکان هەڵوەشێنرایەوە."

وتیشى"لایەنە سیاسیەکان لە هەڵنەبژاردنى پارێزگارى کورد بۆ کەرکوک بەرپرسیارن، دەبێت

ئەوان تەحەمولى بەرپرسیارێتى دۆخى ئێستاى کەرکوک بکەن."

لەکۆى 41 کورسى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، لیستى برایەتى کوردى خاوەنى 26 کورسى بوو، بەڵام بەهۆى ناکۆکى نێوان حیزبە کوردیەکانەوە، زۆرینەبوونى کورد لەنێو ئەو ئەنجومەنە، سودى بۆ دانانى پارێزگارێکى کورد لێ نەبینرا.

بەهەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، ڕاکان جبورى پارێزگارى ئێستاى شارەکە، جیا لە گەرەنتى مانەوەى لە پۆستەکەى، هاوکات لە چاودێرى و مشت و مڕى ئەنجومەنە نەیارەکەشى رزگارى بوو.

جوان حەسەن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، هەنگاوەکانى بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى پارێزگاکە وەستاند، وتى"لەمەودوا پارێزگارى کەرکوک، دوور لە چاودێرى ئەنجومەنى پارێزگا، چى بوێت دەیکات."

داواکردنى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، هۆکارەکەى بوونى ناکۆکى بوو لەنێوان ئەنجومەنى پارێزگاکان و پارێزگارەکاندا، کە ئەم ناکۆکیە زیانى بە کەرتى خزمەتگوزارى گەیاندبوو.

دواى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاکان، دەسەڵاتى چاودێریکردنى پارێزگارەکان دراوە بە پەرلەمانتارانى عێراق، بەم پێ یە پەرلەمانتارەکان لەمەودوا ڕۆڵى ئەنجومەنى پارێزگاکانیش دەگێڕن.

رێبوار تەها، روونیکردەوە لەمەودوا بە وردى چاودێرى پارێزگارى کەرکوک دەکەن، وتى"هەرکارێکى نایاسایى ببینین، رێوشوێنى پێویستى بەرامبەر دەگرینە بەر."

هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە، لەکاتێکدایە ئەو ئەنجومەنە ماوەى سێ ساڵە و بەهۆى ناکۆکى نێوان لایەنەکانەوە ئیفلیج کراوە و هیچ بڕیارێکى گرنگى دەرنەکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:05 0:00


XS
SM
MD
LG