Accessibility links

فەرەنسا دەڵێت دوواین ڕاگەیاندنی ئێران ڕێککەوتنی ناوکی زیاتر دەشێوێنێت


فەرەنسا داوا لە ئێران دەکات لە دوواین بڕیاری خۆی بۆ کەمکردنەوەی وابەستەیی بە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 پاشگەزبێتەوە و پاریس دەڵێت لە ئێستادا چاوەڕانی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاودێری ناوکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لەسەر ئەو بابەتە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئەنێس ڤان دێر مول لە پاریس بە پەیامنێرانی گوت " ڕاگەیاندنەکەی ئێران لە ڕۆژی 5 ی مانگی 11 بۆ زیادکردنی توانایی پیتاندنی دژی ڕێککەوتنەکەی ڤێنایە کە بەشێوەیەکی توند ئەو جۆرە چالاکیانە قەدەغە دەکات. ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان چاوەڕوانی ڕاپۆرتی داهاتووی IAEA ( ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێونەتەوەیی) دەکەین لەسەر ڕاگەیاندنەکەو کردارەکانی ئێران."

ئەو خانمە گوتەبێژە گوتیشی فەرەنسا وابەستەی ڕێککەوتنەکەیەو و داوا لە ئێرانیش دەکات بە تەواوەتی پابەندبێت و هاوکاری تەواو بکات لەگەڵ هەردوو ڕێکخراوی IAEAو JCPOA.

یەكێتی ئەوروپاشنیگەرانی لەمەڕ ڕاگەیاندنەکەی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دەزگایەکی ناوکی ژێرزەمینی دەربڕی، ئەمەش هەنگاوێکی ترە لە کەمکردنەویە پابەندبوونەکانی ئێران بە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015. گوتەبێژی ڕێکخراوی JCPOA ماها کۆسیانچیچ ڕایگەیاند " ئێمە نیگەرانی ئەم ڕاگەیاندنەی سەۆرک ڕۆحانین کە پابەندبوونەکانی لە JCPOA کەم دەکاتەوە".

ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاند ئێران دەستدەکاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە دەزگایەکی ناوکی ژێرزەمین لە باشوری تاران و ئەمەش دوواین هەنگاوە لە کەمبوونەوەی پابەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 کە لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهاندا مۆری کرد.

بەڵام واشنتن لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابوردوو لەو ڕێککەوتنە کشایەوەو دەستیکردەوە بە دانانی سزاکان لەسەر ئێران و ئێرانیش لە مانگی 5 ی ئەمساڵەوە دەستیکردەوە بە سەرپێچی کردن لەو ڕێککەوتنە.

ڕۆحانی ڕایگەیاند پڕکردنی 1،044 سەنتەرفیوج لە گازی یۆرانیۆم بڕیارە لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستپێبکاتەوە.

ڕۆحانی لە وتارە تەلەفیزیۆنییەکەی ڕۆژی سێشەممەیدا گوتیشیهەمو ئەو هەنگاوانەی کە ئێران هەتا ئێستا ناونێتی دەشێ بگێڕدرێتەوە ئەگەر لایەنەکانی تری ڕێککەوتنە ناوکییەکە بەڵێنەکانی خۆیان بۆ لابردن سزای ئابوری لەسەر ئێران بەجێ بگەیەنن.

ئەم بڕیارەی ئێرانیش ڕۆژێک پاش ئەوە دێت کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند واشنتن سزای سەپاندووە بەسەر نۆ کەسدا کە پەیوەندییان هەیە بە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵڵا عەلی خامنەئیەوە، لەوانەش بەڕێوبەری ئۆفیسەکەی و یەکێک لە کوڕەکانی و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا گوتیشی ئەمەریکا سزاشی سەپاندووە بەسەر لیژنەی گشتی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا، ئەمەش لە یادی چل ساڵەی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تاران و دەستگیرکردنی زیاتر لە 50 ئەمەریکی لە باڵیۆزخانەکەدا.

XS
SM
MD
LG