Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: لانە جاف


بەردەوام هونەرمەندانی شێوەکار دەکەونە بەردەم پرسیاری ئەوەی ئایا هونەری شێوەکاریی کوردی توانیویەتی بگاتە ئاستی جیهانی؟ یان دەپرسرێت ئایا هونەری شێوەکاریی کوردی توانیویەتی ببێتە سەرچاوەیەک بۆ ڕوانیینەکان و بیرکردنەوەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا.

بە گشتی گەر لە وەڵامی ئەو پرسیارانە و پرسیارگەلێکی تریش ورد ببینەوە، دابەشبوونێکی بەرچاو دەبینین و هەندێک پێیان وایە؛ بەڵێ و هونەری شێوەکاریی کورد گەیشتۆتە ئاستی جیهانی و ئەم هونەرەش لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنی خۆیدا توانیویەتی بیرکردنەوەکانی سەروەختەکانی خۆی بهێڵێتەوە. ئەڵبەت ڕای دووهەمیش تەواو پێچەوانەی ڕای یەکەمە و لەو بڕوایەدایە؛ هونەری شێوەکاریمان زۆری ماوە بگاتە ئاستی جیهانی و دەشڵێن چونکە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا خاوەنی ڕێبازی هونەریی نین کە تایبەت بێت بە خۆمان، ئەوا قورسە بتوانرێت بگوترێت هونەری شێوەکاری ڕەنگدانەوەی قۆناغەکانی مێژووی کۆمەڵایەتیمانە.

خاڵێکی گرنگ هەیە و بە پێویستی دەزانم لەم بەرنامەیەدا باسی بکەم؛ ئەویش بریتییە لە ڕۆڵی لاوان لە هونەری شێوەکاریدا، لەو سۆنگەیەوەی هەر مێژوویەک بۆ ئەم هونەرە هەبێت پێویستە لەبیرمان نەچێت کە لاوانی هونەرمەند و بەهرەمەندیش بەشێکن لێی.
جا کاتێک باس لە هونەرمەندێکی گەورە و ناودار دەکرێت، هەڵەیەکی ئێجگار گەورەیە سەروەختی گەنجێتی ئەو هونەرمەندە فەرامۆش بکرێت و قسەی لەسەر نەکرێت.
جا بەڕاستی بۆ من ئەمە جێی پرسیارە؛ بۆچی بەردەوام وتووێژمان لەگەڵ گەنجەکان خۆیاندا نەبێت، بۆچی دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت تا دەبنە ناوی گەورە ئەوجا باس لە ئەزموونە هونەرییەکەیان بکرێت لە سەروەختی لاوێتیاندا.
لانە جاف، یەکێکە لەو هونەرمەندە لاوانەی خاوەنی دیدێکی تایبەت بە خۆیەتی لە هونەری شێوەکاریدا.

کاتێک پەیامم بۆ لانە نارد تا بزانم دەتوانێت ببێتە میوانی ئەم بەرنامەیە یان نا، لانەی هونەرمەند پێی وتم " ناتوانم بەخۆم بڵێم هونەرمەند، دەشێت بەهرەیەکم هەبێت بەڵام ناتوانم بڵێم من هونەرمەندم."
منیش لای خۆمەوە کاتێک دەمڕوانییە تابلۆکانی لانە جاف، کاتێکیش لە ڕەنگەکان و ڕوخسارەکان ورد دەبوومەوە، ئەم خانمە خوێندکارەی بەشی سیاسەت، ڕێک هەستم بەوە دەکرد ئەم خانمە هونەرمەندەمان قۆناغەکانی بەهرەمەندی تێپەڕاندووە و وەک هونەرمەندێکی خاوەن ئەزموون کاردەکات و هەوڵیش بۆ پەرەپێدانی کارە هونەرییەکانی خۆی دەدات.

ڕوخسارەکان لە تابلۆکانی لانە، هەڵگری گەلێک مانان و هەر یەکێکیشیان سەرگوروشتەیەکی هەیە و بە ڕەنگ بەسەرهاتەکانمان بۆ دەگێڕنەوە، ڕەنگەکان تێکەڵن، ئاڕاستەکانی بیرکردنەوە و خوێندنەوەکانی تابلۆکانیش جیاوازن.
لانە جاف، هونەرمەندی شێوەکار وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:51 0:00

XS
SM
MD
LG