Accessibility links

هەسەدە: گەورە سەرکردەیەکی داعش لە ئەلهۆل دەکوژرێت


هێزەکانی سوریای دیموکرات کە کورد ڕێبەرایەتی دەکات، کوژرانی سەرکردەیەکی باڵای داعش ڕادەگەیەنێت لەناو ئۆردوگای ئەلهۆلدا.

"هەسەدە بە پشتیوانی و یارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژە داعش بە هاوبەشیی، کردەیەکی لەشکرییان کردووە لەناو ئۆردوگای ئەلهۆل و لەو کردەیەدا گەورە سەرکردەیەکی داعش ئامانج بووە." وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا هاتووە.
هەسەدە دەڵێت "ئەو گەورە بەرپرسەی داعش، هاووڵاتییەکی عێراقییە و بەرپرسیار بووە لە پیلان دانان بۆ جموجۆڵی تێرۆریستانە لەناو ئۆردوگاکەدا."

هەسەدە، لەشکری دیفاکتۆی بەڕێوبەرایەتی خۆسەرییە لە سوریادا و ڕووبەرێکی بەرفراوانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریای لەژێردەستدایە و بەردەوامیش کردە لەشکری و ئاسایشییەکانی خۆی بەڕێوەدەبات لە ئۆردوگای ئەلهۆل.

هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمەریکا پشتیوانییەتی، لە ساڵی 2019دا سەرکردایەتی شەڕی دەرکردنی داعشی کرد لە دوا مۆڵگەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستیەدا.

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 48 هەزار کەس لە ئۆردوگای ئەلهۆلن.

ئەم ئۆردوگایە بە ڕووداوە ئاسایشی و کردەی کوشتنەکانیش ناوی دەرکردووە و یو ئێن دەڵێت لەوەتای ساڵی 2022ەوە زیاتر لە 40 کەس لەو ئۆردوگایەدا کوژراون.

زیاتر لە نیوەی ئەوانەی لە ئەلهۆل دەژین، منداڵن؛ هەروەها ئاوارە سوریاییەکان و پەنابەرانی عێراقیش لەوێن و ئەمە بێ لەوەی زیاتر لە 10 هەزار کەسی بیانیشی تیادایە کە بە خەڵکی 60 وڵات مەزەندە کراون لەو ئۆردوگایەدا.

کاربەدەستانی کورد، دەمێکە داوا لە وڵاتان دەکەن تا هاووڵاتیانی خۆیان ببەنەوە، بەڵام حکومەتەکانی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، زۆر بە کاوەخۆ وەڵامی ئەو داوایە دەدەنەوە، وەک دەگوترێت "ترسیان لە کاردانەوەی ناوخۆیی هەیە."

ئەگەرچی شکستهێنان بە داعش ڕاگەیەندراوە، بەڵام ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستیە هێشتاش هەر جموجۆڵی ماوە و لە عێراق و لە سوریاشدا هێرش دەکاتە سەر دانیشتوانی سیڤیل و هێزە ئاسایشییەکانیش.

لەوەتای ساڵی 2011وە کە قەیرانی ناوخۆیی سوریا دەستیپێکردووە، زیاتر لە 500 هەزار کەس کوژراون.


XS
SM
MD
LG