Accessibility links

بەرپرسێکی یەکێتی: کارنامەی لایەنەکانی کەرکوک دوورە لە یەکترییەوە


بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەکەرکوک ڕایدەگەیەنێت، کارنامەی پێکهاتەکانی کەرکوک کە پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراقییان کردووە بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دوورە لەیەکترییەوە و تا ئێستا نزیکبوونەوە لە نێوان پێکهاتەکاندا نییە.

شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گفتووگۆی نافەرمی لەنێوان پێکهاتەکان هەیەو سودانی چاوەڕوانی لەیەکترنزیکبوونەوەی لایەنەکانە، ناکرێت دۆخی ئێستای کەرکوک بەردەوامی هەبێت، چونکە نەتوانراوە ئەنجامی هەڵبژاردن تەرجەمە بکرێت و خواستی دەنگدەری کەرکوک جێبەجێ بکرێت."

ڕۆژی 3 ی مانگی 3 ی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دووەمجار لەگەڵ نوێنەری کورد، عەرەب و تورکمان کۆبوویەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕێککەوتن کراوە لەسەر بەردەوامیدان بە دیالۆگی نێوان لایەنە براوەکان لەپێناو گفتووگۆکردن لەسەر کارنامەکانیان تا لەماوەی دوو هەفتەدا لەسەر کارنامەیەک ڕێکبکەون.

هەرچەندە بڕیاربوو سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سێیەمجار لەگەڵ لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکانی کەرکوک کۆبوونەوەی سێێیەم بۆ دوای سەردانەکەی ئەمەریکای سودانی دواخرا.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە کەرکوک کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عەرەب و کورد داوای پۆستی پارێزگار دەکەن، تورکمانیش بە دوو کورسییەوە داوادەکات پۆستەکە هەر 16 مانگ جارێک لای پێکهاتەیەک بێت و 5 پۆستی ئیداری و ئەمنیشی پێبدرێت."

دەشڵێت،"کارنامەی لایەنەکان دوورە لەیەکترییەوە و هیچ ڕێککەوتنێک ئەنجام نەدراوە."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە.

بڕیاربوو لە ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنی لەلایەن کوتلەی عەرەبی و تورکمانییەوە کۆبوونەوەکە شکستی هێنا.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرۆکی پارتی ئامانجی نیشتمانی عەرەبی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا ئێستا هیچ ڕێککەوتن و نزیکبوونەوەیەک لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک نییە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی، ڕەنگە ئەم دۆخە تا مانگی 6 درێژە بکێشێت."

ئەو وتیشی،"عەرەب داوای پۆستی پارێزگار دەکات، بەڵام ئاراستەیەک هەیە پۆستەکە دوو ساڵ لای کورد و دوو ساڵ لای عەرەب بێت، ڕەنگە کەسایەتییەکی بێ لایەنیش لە کۆتاییدا بکرێتە پارێزگارو هەموو لایەنەکان پێی ڕازی بن."

هاتنە سەر هێڵی محەمەد شیاع سودانی بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە لەکاتێکدایە، دانوستانەکان ڕوویان لە چەقبەستوویی کردبوو بەهۆی پێداگیری هەرسێ پێکهاتەکە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک.

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دانیشتنی جودای دوو قۆڵی و سێ قۆڵی لەنێوان لایەنەکان هەیە، دوای گەڕانەوەی محەمەد شیاع سودانی لە ئەمەریکا گەڕێکی تری دانوستانەکان دەست پێدەکاتەوە."

هەروەها وتیشی،"کۆمەڵێک پێشنیار هەیە بۆ ئەوەی لایەنەکان گفتووگۆی لەسەر بکەن، ئومێد دەکەین بگەینە ڕێککەوتنێک کە ڕەزامەندی هەموو پێکهاتەکانی لەسەر بێت."

ئەو پۆستانەی پێکهاتەکانی کەرکوک بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی گفتووگۆی لەبارەوە دەکەن بریتین لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک و یاریدەدەرەکانی، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکانی و پۆستی قایمقامی ناوەندی کەرکوک.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:25 0:00
XS
SM
MD
LG