Accessibility links

پەسەندکردنی کاندیدێتی ژمارەیەک کەسی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان مشتومڕی لێ دەکەوێتەوە


کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دووشەممەی ڕێکەوتی 8 ی مانگی چواری 2024 پرۆسەیەکی تێروپشکی ئەنجام دا بۆ پێدانی ژمارەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە 57 کاندیدی سەربەخۆ و 10 پارتی سیاسی و 2 هاوپەیمانێتی. ڕاگەیاندنی ژمارەی کاندیدەکان مشتومڕێکی لە نێو خەڵکدا هێناوەتە ئاراوە، ئەویش وەک باسی لێوەدەکەن بەشداریکردنی ژمارەیەک کاندید پەسەندکراون کە لە بارەی کاری پەرلەمانی زانیارییان نییە. ڕەخنەگران دەڵێن ئەگەر بێت و ئەو کاندیدانە سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەوا گرفتەکانی نێو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هێندەی دیکە ئاڵۆزتر دەبن، بەڵام بەشێکی خەڵکیش دەڵێن ئەو کاندیدانەش لەو کۆمەڵگایەوە هەڵقوڵاون و هیچ گەندەڵی و کاری نایاساییان نەکردووە، بۆیە ئەوانیش مافی خۆیانە ببنە پەرلەمانتار.

دەپرسین:

ئایە سەرکەوتنی ئەو کاندیدانە گرفت بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانی پەرلەمان دروستدەکات؟

ئەو کاندیدانە دەتوانن ئەو بەرنامانەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن باسی لێدەکەن لە پەرلەمان بە ئەنجامی بگەیەنن؟

ئایە شیانی هەیە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بتوانن گۆڕانکارییەکی جدی لە ناو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، دوور لە ڕێکەوتنە سیاسییەکانی کە لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان ئەنجام دەدرێن؟

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دەبێت کاندید "تەواو شیاوبێت" بۆ کاری پەرلەمانتاری. پێوانەکان چین بۆ ئەم مەرجە؟

بیسەرانی بەڕێز من ژیار محەمەدم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، لە بابەتی ڕۆژی بەشی کوردی تاوتوێی پرسی مشتومڕەکان لەسەر پەسەندکردنی ژمارەیەک کاندیدی پەرلەمانی هەرێم دەکەین:

بە میوانداری بەڕێزان:

١-دکتۆر هەیمان تەحسین بەگ، بەڕێوەبەری گشتی لەفەرمانگەی پارتەسیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

٢-د.سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستوێتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان.

٣- دڵگش سادق، مافپەروەر.

جێگری بەرێوەبەری رێکخراوی ستێپ بو دیموکراسی و هەڵبژاردن.

٤-هۆگر چەتۆ، بەرپرسی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان.

دکتۆر هەیمان تەحسین بەگ

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەکات، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمیش کارەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم دەکات، بەپێی ماددە ٢١ لە یاساکە چەند مەرجێک دانراوە، لەوانە، عێراقی بێت، دانیشتووی هەرێم بێت، تەمەنی ٢٥ ساڵ کەمتر نەبێ، وە خوێندن و نوسین بزانێت، هەروەها حوکم نەدرابێت بە تاوان، لە دەرەوەی ئەم خاڵانە کۆمسیۆن ناتوانێت بە دواداچون و ڕێکار بگرێتە بەر بەرامبەر هەر کاندیدێک بۆ نمونە بابەتی بڕوانامە کە نیەتی چونکە مەرجی یاساکە نوسین و خوێندنە نەک بڕوانامە، یا ئەو کەسە کەسێکی ناسراوە لە تیکتۆک یا چی!، ئەمە بۆچونی کەسی خۆمە پێموایە دەبێت یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم هەموار بکرێتەوە چونکە یاساکە هی ساڵی ١٩٩٢وە کۆمەڵێک شتی تێدا نیە، وەک تیکتۆک و سۆشیاڵ میدیا لەبەرئەوەی ئەوکاتە نەبووە، یاساش پێویستە لەگەڵ نوێگەرییەکاندا بگونجێت.

دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان

ئەوەی ئێمە دەیبینین بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان خول لە دوای خول کوالێتی لە دابەزیندایە، دەبوو پێشتر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم هەموار بکرێت لانی کەم بڕگەی ئەو مەرجەی کە نوسین و خوێندن بە باشی بزانێت هاوتای عێراقی لێبکات بیکات بەلانی کەم بڕوانامەی ئامادەیی، پێشتر لەبەر پێشمەرگەی دێرین ئەو بڕگەیە وادانرا بەڵام خۆ ئەوە ٣٣ ساڵە پێشمەرگەی دێرینیش نەماوە، لیژنەی واهەبووە پێویستی بە پزیشک بووە پزیشکی تێدا نەبووە، سێ لیژنەی پەرلەمان پێویستییان بە ئەندازیار هەبووە تێیدا یەک ئەندازیار هەر لەناو پەرلەمان نەبووە، لیژنەی دارایی کە گرنترین لیژنەی پەرلەمانە یەک کەسی پسپۆڕی ئابوری تێدانەبووە.

ئەوەی ئێستاش دەیبینین لەم کاندیدانەی ئێستا جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە لیستی پێشکەش نەکردووە لە ٥٠%ی تەنها دەتوانێت بخوێنێت و بنوسێت واتە هیچ بڕوانامەیەکییان نیە.

حزب هەیە ٢١ کاندیدی پێشکەشکردووە ١٨ییان تەنها خوێندنەوە و نوسین دەزانن بێ بوونی هیچ بڕوانامەیەک، لیست هەیە ٣٩ کاندیدی پێشکەش کردووە، ٢٨ییان تەنها خوێندەوار و نوسین دەزانن بێ بوونی هیچ شارەزایی و بڕوانامەیەک، حزبی ناسراو هەیە کە ٦٠ کاندیدی پێشکەشکردووە ٢٩ی بێ بڕوانامە و پسپۆڕی تەنها نوسین و خوێندنەوە دەزانن، حزب هەیە خۆی پێ ئۆپزسیۆنە و داوای گۆڕانکاری دەکات ٨٧ کاندیدی پێشکەشکردووە، ٣٣ کاندیدی بەس خوێندنەوە و نوسین دەزانن بێ بوونی هیچ بڕوانامەیەک، حزب هەیە لە ٤٦ کاندید ٤٢ کاندیدی بێ بڕوانامەیە ، حزبە بچوکەکانیش کە خۆیان پێ پێشکەوتووخوازە لە ٨٦ کاندید ٦٨ییان بێ بروانامەن و تەنها خوێندنەوە و نوسین دەزانن، ئەمەش پێمان دەڵێن کە پەرلەمانێکی لاواز لە دایک دەبێت، ڕاستە بڕوانامە هەموو شتێک نیە خەڵکانێک دکتۆرای هەیە بەڵام ڕەنگە شارەزاش نەبن، بەڵام ناکرێت نزیکەی لە ٥٠%ی کاندیدەکان بێ بڕوانامە بن و هیچ شارەزایی و پسپۆڕییەکییان نەبێ.

ڕاستە ئەو بۆچونەش کەئەوانەش بەشێکن لە کۆمەڵگا مافی خۆیانە بەڵام ئەوانە وادەک،ەن کە پەرلەمان نەتوانێت بەئەرکی خۆی هەستێت و پەرلەمانێکی لاوازە.

یاسای هەڵبژاردن هەر کێشەی بڕوانامەی نیە کەدەبوو هەموار بکرێت زۆر بڕگەی تری هەیە ئەگەر لە کاتی خۆی هەموار بکرایە نەدەگەیشتینە ئەم ڕۆژە، هەڵبژاردن دوانەدەکەوت، کۆمسیۆن وای لێندەهات، کورسی کۆتاکانیش لانەدەبرا.

ئەوەی کۆمسیۆن ئێستا دەڵێ دەبێت پەرلەمانتار حوکم نەدرابێ، لە کوردستان کێشەی سەروەرنەبوونی یاسامان هەیە لە خولەکانی تری پەرلەمانی کوردستان ئەندام پەرلەمانی بکوژ(قاتل)مان هەبووە، هەیانبووە حوکمدراوە، بڕیاری دادگای لەبارەوە هەبووە و بووەتە پەرلەمانتاریش.

لە ئێستادا ١٣ پەرلەمانتاری خولی پێشوو خۆیان کاندید کردووە کە هەشت مانگ موچەی نایاساییان وەرگرتووە، ئەمانە نەیانتوانیبێ خاوەن بەڵێنی خۆیان بن و موچەی نایاساییان وەرگرتبێت و نەیانگێڕابێتەوە چۆن دەکرێث جارێکی تر دەنگدەر متمانە بە بەڵێنەکانیان بکات و دەنگیان پێبداتەوە!

هۆگر چەتۆ

خۆکاندید کردنی ئەو کەسانە تاوان نیە، بەڵکو ئەگەر ئێمە پێناسەی یەکێتی پەرلەمانتارانی نێودەوڵەتی وەربگرین پێناسەی سەرکەوتوترین پەرلەمان دەکات بەوەی کە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگاکەی خۆیان بن، لە عێراق و هەرێمیش کە لە ٣٠%ی کۆمەڵگا نەخوێندەوار بن ئەمانەش پێویستییان بەنوێنەرە، بۆ بابەتی کاراکتەری سۆشیاڵ میدیاش، ئێمە هەموومان ڕۆژانە کاتژمێر یا زیاتر سۆشیاڵ میدیا بەکاردەهێنین واتە ئەمە پێشکەوتن و نوێگەری ژیانە کاراکتەری سۆشیاڵ میدیاش تاوان نیە، تەنانەت من لەگەڵ هەندێک لەمەرجی یاسای هەڵبژاردنیش نیم بۆ کاندید، دەبێت هەموو کۆمەڵگا نوێنەرییان هەبێ، تەنانەت ئێمە لەگەڵ ئەوەین چۆن لەتەمەنی ١٨ساڵی مافی دەنگدانی هەبێ دەبێت لە ١٨ساڵیش مافی خۆ کاندید کردنی هەبێ نەک لە ٢٥ساڵی، چونکە دواجار گەورەترین فلتەر کە یەکلایی دەکاتەوە کێ شیاوی پەرلەمانە دەنگدەرە نەک کۆمسیۆن، ئەگەر پەرلەمانی کوردستان هەمووی حاکم و یاساناس بێ کە هاتە سەربابەتی یاسای کشتوکاڵ بەهەموویان بەئەندازەی چوار جوتیار شارەزا نین، یا کەمئەندام، یاخود وەرزشەوان. یا هەر توێژێک دەبێ نوێنەری خۆی هەبێ .

پەرلەمان لە کوردستان وەک دامەزراوە لاوازە نەک وەک کەسەکان، گەورەترین جەنەراڵ ببە ناو پەرلەمان هەر وایلێدەردەچێت، دەبێت کار لەسەر دوو ست بکرێت، یەکەم پەرلەمان نوێنەرایەتی هەموو توێژێکی تێدابێت، دووم، هۆشیارکردنەوەی دەنگدەر، لەگەڵ ڕێزم دەرفەتی دەرچوون لەبەردەم کاندیدە سەربەخۆکان زۆر کەمە، مەرج نیە ئەوەی لایکت بۆ دەکات یا نامەت بۆ دەنێرێت دەنگت پێبدات، خۆ ئەوانەی لە کوردستان بڕیار دەدەن پەرلەمان نیە، سیاسیەکانن کە زۆرییان بڕوانامە و پسپۆڕییان نیە، دیارە هەر پەرلەمانتار و کاندید نیە.

مافپەروەر دڵگەش سادق

وەک بەڕێزانی تر ئاماژەیان پێکرد کە خول لە دوای خول پەرلەمان لاوازتر دەبێت پێشبینیش دەکرێت ئەمجارەش بەو جۆرەبێت، لە هەرێمی کوردستیانیش خەڵکی جۆراوجۆر و توێژی جۆراوجۆر هەیە، پێویستە هەر توێژێکیش نوێنەری خۆی هەبێت، لە خولەکانی ڕابردوو بۆمان دەرکەوت مەرج نیە خەڵکێک بڕوانامەی بەرزی هەبێت بەلای دەنگدەرەوە پەسەند بێت بەڵکو خەڵک متمانەیان بە کەسی تر هەبووە و دەنگیان بە خەڵکی تر داوە، ڕاستە ئەوە گرفت دروست دەکات بۆ پەرلەمان کە خەڵکی شارەزا لە لیژنەکاندا نەبن، بەداخەوە لە هەموو خولەکان پەرلەمان بە ئەرکی خۆی هەستێت خول لە دوای خولیش ئەمە بە زەقی دەرکەوتووە کە لاوازتر بووە، بەڵام دەزانین کە پەرلەمان لیژنەی جیاوازی هەیە و پێویستی بە کەسانی جیاواز هەیە هەروەک کاک هۆگر وتی لیژنەی کشتوکاڵمان هەیە پێویستی بە خەڵکی شارەزا یا جوتیار هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بە فلتەری جیاواز هەیە تا خەڵکانێک بۆ ئەرکی پەرلەمان کە ئەرکێکی قورسە دابنرێت نەک هەموو کەس، وە دانانی کەسانی ڕاوێژکار بۆ کەسانێک کە پەرلەمانتارە و شارەزاییان باش نەبێت.

XS
SM
MD
LG