Accessibility links

مافی مرۆڤی تورکیا لە دانیشتنێکی کۆمسیۆنێکی کۆنگرێسی ئەمەریکادا


کۆمیسیۆنی تام لانتۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ لە گۆنگرێسی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە، 16ی مانگی چوار دانیشتنێکی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا بەڕێوەبرد، ئەمەش پێش سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ ئەمەریکا کە بڕیارە لە 9 ی مانگی پێنجدا سەردانی واشنتن بکات.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی تایبەتی کریس سمیث، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و هاوسەرۆکی کۆمیسیۆنی تام لانتۆس بۆ مافی مرۆڤ، بڵاوکراوەتەوە، هاتووە کە ناوبراو سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کۆنگرێسی کردووە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی تورکیا لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا و ڕایگەیاندووە "بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ، حکومەتی تورکیا لە ساڵی 2016ەوە هەتا ئێستا، زیاتر لە 95 هەزار هاووڵاتی دەستگیر یان زیندانی کردووە و هەروەها زیاتر لە 1500 ڕێکخراوی ناحکومیشی بە بیانووی جۆراوجۆر قەدەغەکردووە، لەوانە بە بیانووی پەیوەندی لەگەڵ بزوتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن."

کریس سمیث، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا
کریس سمیث، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا

سمیث لە دانیشتنەکەدا سەرەڕای ئاماژەدان بە کۆمەڵێک پێشێلکاریی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، وەک کوشتنی بە مەبەست، مردنی گوماناوی کەسانی دەستبەسەرکراو، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان، دەستگیرکردنی بە مەبەست و بەردەوامی دەستبەسەرکردنی دەیان هەزار کەس و سنوردارکردنی توندی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری، دەشڵێت "داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین ڕێڕەوی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بگۆڕێت و ڕەوشەکە باشتر بکات."

لە دانیشتنەکەی کۆمیسیۆنی تام لانتۆسدا چەندین کەس سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکان و ئازادییەکان لە تورکیا شایەتییان داوە و ئەزموون و ڕاپۆرتی خۆیان لەو بارەیەوە پێشکەش کردووە.
نێدین ماینزا، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی (IRF) و سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمەریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی یەکێک لە بەشداربوانی دانیشتنەکەی کۆمیسیۆنی تام لانتۆس بوو کە سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە پیشێلکارییە مرۆییەکانی حکومەتی تورکیا، ئاماژەی بەوەشکرد و دەڵێت "تورکیا لە لیستی چاودێریدایە سەبارەت بە پێشێلکردنی ئازادی ئایینی و بەرزبوونەوەی هەست و کردەوەی دژە جوو و هەروەها خراپ بەکارهێنانی یاساکان لە ژێر ناو و بانگەشەی سووکایەتیکردن بە سەرۆک ئەردۆغان."

ماینزا دەڵێت "زۆرێک لە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان ڕووبەڕووی هەراسانکردن و هەڵاواردن دەبنەوە، لەوانە عەلەوییەکان کە گەورەترین کەمینەی ئایینین لە وڵاتەکەدا و لەلایەن حکومەتەوە دانپێدانەنراون و شوێنەکانی عیبادەتکردنیان ڕووبەڕووی تێکدان و هێرش دەبنەوە."

دەشڵێت "ئەمەریکا دەبێت تورکیا بخاتە ژێر گوشار بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی کورد و ناچاری بکات بگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ پەکەکە و بیانووی ئەردۆغان ببڕێت بۆ درێژەدان لە پەراوێزخستنی کوردەکان."

سمیث، هاوسەرۆکی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی تام لانتۆس کە بە بەردەوامی لەگەڵ ئەو کەسانە کۆدەبێتەوە کە لەلایەن حکومەتە بیانییەکانەوە گۆشەگیرییان لەسەرە و لە ناوخۆی ئەمەریکادا بە دوایاندا دەگەڕێن، داوای لە هاوکارەکانی خۆی لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد پشتگیری لە یاسای سیاسەتی سەرکوتی نێودەوڵەتی (HR 3654) بکەن، ئەمەش وەک "وەڵامێک بۆ وەڵامدانەوەی لاوازی بەڕیوبەرایەتی بایدن بۆ هەوڵەکانی حکومەتە بیانییەکان بۆ زیانگەیاندن، ترساندن، بێدەنگکردن، ڕفاندن، یان سیخوڕیکردن بەسەر ئەو کەسانەی لە نێو ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەدا بە هۆی ڕەوشی خراپی مافەکانی مرۆڤی وڵاتەکانیانەوە ئاوارە بوون."

هاوسەرۆکی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی تام لانتۆس، کریس سمیث، پێشتریش لە ساڵی 1996دا ڕێبەرایەتی بڕیارنامەیەکی کرد کە بانگەشە بۆ دانوستاندنی ئاشتی دەکرد لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا و داوای ئاگربەست و ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی دەکرد لە تورکیادا.

تەواوی دانیشتنەکە لەسەر یوتیوب دانراوە:

XS
SM
MD
LG