Accessibility links

ڕاپۆرتەکان: دەنگی تەقینەوە لە ئێران و سوریا بیستراون


بەپێی هەواڵەکان لە ئێران و سوریا، چەندین تەقینەوەی بەهێز لە چەند ناوچەیەکی ئەو سێ وڵاتە بیستراون.
ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسداران دەڵێت دەنگی سێ تەقینەوە لە نزیک بنکەی شکاری سوپا لە باکوری ڕۆژئاوای ئەسفەهان بیستراوە و سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوپای پاسداران تەقەی کردووە.

ڕاپۆرتی دیکەش دەڵێن لە کاتژمێر 4:30 ی بەرەبەیان ناوچەی زەردنجانی ئەسفەهان لە نزیک دەزگای ناوەکی تەقینەوە بستراون.

هاوکات هەواڵەکان باس لەوە دەکەن سوپای پاسدارن خراونەتە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە لە تەواوی وڵاتەکە وە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە کۆبوونەوەدان.

هەروەها گەشتە ئاسمانییەکان لە ئەسفەهان و شیراز و تاران ڕاگیران.

میدیاکانی ئێران دەڵێن ژمارەیەک درۆن خراوەنەتە خوارەوە، بەڵام ئاماژە ناکەن لە کوێ.
لە ئەمەریکاش، کەناڵی ABC لە زاری کاربەدەستانی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە، موشەکی ئیسرائیلی لە شوێنێکی لە ناو ئێران داوە.

لە عێراقیش هەواڵ هەیە، لە نزیک شارۆچکەی ئیمام لە پارێزگای بابل لە باشوری عێراق دەنگی تەقینەوە بیستراوە. بەڵام هەواڵەکە لە لایەن سەرچاوەی فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە. هەندێک سەرچاوە دەڵێن تەنیا دەنگی فڕۆکە جەنگی بووە کە دیواری دەنگیان بڕیوە.

لە سوریاش، تۆڕی زانیاری سوەیدا 24 کە کۆمەڵێک چالاکوان لە ناو سوریاوە بەڕێوەی دەبن، ڕایگەیاند، دەنگی سێ تەقینەوە بە دوای یەکتردا بیستراون لە ناوچە گوندییەکانی باشوری پارێزگای سوەیدا وە بە دوایدا دەنگی فڕۆکەیەکی زۆر هاتووە.

هەروەها هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر شوێنێکی ڕاداری لەشکری سوریا کە دەکەوێتە نیوان هەردوو ناوچەی قرفا و ئیزرع لە ناوچە گوندییەکانی دەرعا لە باشوری وڵاتەکە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤیش، ئەویش هەواڵی هێرشەکانی ئیسرائیلی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت بۆیان یەکلابووەتەوە یەکێک لە ڕادارەکانی لەشکری سوریا بە تەواوی تێکشکێنراوە و هیچ زیانی گیانی نەبووە. دەشڵێت 6 فڕۆکەی ئیسرائیلی بە شێوەیەکی ئازادانە لە ئاسمانی باشوری سوریا هاتوچۆیان کردووە بەبێ ئەوەی لەلایەن هێزی بەرگری ئاسمانی سوریاوە یەک موشەکیان تێبگیرێت.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئیسرائیل بە فەرمی هیچی لەم بارەیەوە ڕانەگەیاندووە.

سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە چالاکوانان و میدیاکانەوە وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG