Accessibility links

چارەنوسی سێ موچە دابەشنەکراوەکەی ساڵی 2023 ی فەرمانبەرانی هەرێم


ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراقین لەسەر سێ موچە دابەشنەکراوەکەی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، تا بزانن ئەرکی کێیە ئەو سێ موچەیە بدات و چۆن موچەکان بدرێت.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"نوسراوێکمان ئاراستەی سەرۆک وەزیران کردووەو واژۆی 25 پەرلەمانتاری لەسەرە بۆ ئەوەی سێ موچە دابەشنەکراوەکەی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت. نوسراوەکە لای سەرۆکی دادگای فیدراڵییەو چاوەڕوانی وەڵامی ئەوین."

ڕۆژی 2 ی مانگی 4 ی 2024، وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، بۆ گفتووگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم و پرسی بودجەی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد.

ڕۆژی 4 ی مانگی 4 ی 2024، حکومەتی عێراق موچەی مانگی 3 ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانە کرد، بەپێی وتەی بەرپرسانی عێراق و هەرێم، ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەریم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەردەوامی دەبێت.

ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەکاتێکدایە، هێشتا موچەی 3 مانگی ساڵی 2023 ی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشنەکراوە، بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق داوای ناردنی ئەو پارەیە لە حکومەتی عێراق دەکەن.

سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سێ موچە دابەشنەکراوەکەی ساڵی 2023 ی فەرمانبەرانی هەرێم نزیکەی سێ تریلیۆن دیناری پێویستە، ئەم پارەیە بۆ عێراق و هەرێمیش زۆرە. هەندێک پەرلەمانتار داوای ڕوونکردنەوەیان لەبارەی ئەو سێ موچەیە لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە."

سەرچاوەکە دەڵێت،"عەبدولحەمید خزی سەرۆکی ئەمیندارێتی گشتی وەڵامی داوەتەوە، ئەنجومەنی وەزیران بەپێی یاسای بودجەو بڕیاری دادگا بەردەوامە لە مامەڵە کردن لەسەر ئەم مەسەلە. مادام لە وەڵامەکەدا ئاماژە بە یاسای بودجە کراوە کەواتە مەسەلەکە لاستیکییەو قورسە عێراق موچەی ئەو سێ مانگە بدات."

دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق و ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لە ئێستادا وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی موچەخۆرانە بۆ ئەوەی ڕەوانەی عێراقی بکات.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حکومەتی عێراق پێیڕاگەیاندین، کاتێک دەستیان بە دابەشکردنی موچەی مانگی 4 ی موچەخۆرانی عێراق کرد، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەنێرن."

ئەو وتیشی،"حکومەتی عێراق لە نێوان 18 بۆ 20 ی مانگ موچە دابەش دەکات، ڕەنگە لە دوای 20 ی مانگەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بکات."

ڕۆژی 21 ی مانگی 2 ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای سێ هاووڵاتی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی پابەندکرد بەچەندین بڕیاری کارگێڕی و دارایی و بڕیاری ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمیشی بە حکومەتی عێراق دەرکرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:45 0:00

XS
SM
MD
LG