Accessibility links

شکستهێنانی دوو هێرش بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە ڕمێلان


شەوی یەکشەممە، بنکەی سەربازی 'خەراب ئەلجیر'ی هێزەکانی هاوپەیمانان لە گوندی دێرک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێگەی دوو هێرشەوە کرایە ئامانج، هێرشەکان لە شارۆچکەی زوممار لە دەشتی نەینەوا لە ناو خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون.

میلیشیاکانی ناسراو بە مقاوەمەی ئیسلامی کە ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان گرتووەتە ئەستۆ.

بەپێی سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە ڕمێلانەوە کە نزیکە لە بنکەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، سەرەتا هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و بنکەکە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەیان خستووەتە خوارەوە".

دوای هێرشە شکستخواردووەکە، دەستبەجێ هێرشە مووشەکییەکە ڕوویداوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاسایشی عێراقی و بەرپرسێکی ئەمەریکاییەوە بڵاویکردەوە، ڕۆژی یەکشەممە لانیکەم پێنج موشەک لە شارۆچکەی زومماری عێراقەوە ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەنگی ئەمەریکا لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە دەستی کەوتووە، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە.

سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی نزیک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، "دوای هێرشەکە، هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئامادەکاریەکانیان لە بنکەکانی هاوپەیمانان لە ڕمێلان و شێداد دەستپێکردووە".

بەپێی ئاماری ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە 19ی مانگی دەی 2023ەوە، بنکەکانی ئەمەریکا لە سوریا، 127 جار لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

هێرشی شەوی یەکشەممە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا، یەکەم هێرش بوو دوای ئەوەی گرووپە چەکدرارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق لە سەرەتای مانگی دووەوە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە ڕاگرت.

هێرشەکە پاش ڕۆژێک لە گەڕانەوەی محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دێت لە ئەمەریکا، کە لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

XS
SM
MD
LG