Accessibility links

بەشار ئەسەد دەڵێت ناوبەناو لەگەڵ واشنتندا کۆبوونەوەی ئەنجام داوە


بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا لە دیمانەیەکی نوێیدا ڕایگەیاندووە، ناوبەناو لەگەڵ واشنتندا کۆبوونەوەی ئەنجام داوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا کە شەوی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، ئەسەد ڕایگەیاند کە دیمەشق ناوبەناو دیداری لەگەڵ واشنتندا کردووە.

سەرۆکی سوریا گوتیشی "ئەمەریکا ئێستا بە شێوەیەکی نایاسایی بەشێک لە وڵاتەکەمانی داگیرکردووە، بەڵام ئێمە جاربەجار لەگەڵیاندا کۆدەبینەوە، هەرچەندە ئەنجامیان نییە."

بەڵام ئەسەد زانیاری زیاتری نەخستەڕوو لەسەر ئەوەی ئایە لە کوێ کۆبوونەوەکانی نێوان سوریا و ئەمەریکا ئەنجامدراون، یان کێ بەشداری کۆبوونەوەکانی کردووە و باسی چی کراوە.

ئەمەریکا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە دەستبەجێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەسەد پچڕاند بەهۆی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی دژە حکومەت کە بووە هۆی شەڕ لە ساڵی 2011 . ئەو سەرکوتکردنانە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنانی دیکەش و ژێرخان و پیشەسازی سوریای تێکشکاند. زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبی بەهۆی ئەو شەڕەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا پچڕاند.

جگە پچڕاندنی پەیوەندییەکان، ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای بەسەر سوریادا ڕاگەیاند، و پێشتریش لە سەردەمی حوکمڕانی حافز ئەسەدی باوکی بەشاردا پەیوەندییەکی باشی نەبوو.

لە ساڵی 2020دا واشنتن یاسایەکی نوێی سزاکانی دەرکرد، کە بە قەیسەر ناسراوە، ئەو سزایە هەموو ئەو کۆمپانیایانە دەگرێتەوە کە لەگەڵ ئەسەد کاردەکەن.

یاسای قەیسەر، هاوکات لەگەڵ سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر تاک و کۆمپانیاکانی نزیک لە ئەسەد، لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکات کە بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها پشتگیری لە چارەسەرێکی سیاسی دەکات.

واشنتن و دیمەشق لە هەمانکاتدا لەسەر پرسی پشتیوانیکردنی ئەمەریکا بۆ ناوچەی نیمچە ئۆتۆنۆمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر)یش ناکۆکن.

دیمەشق ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بە سەرکردایەتی کورد، کە زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکەی بەدەستەوەیە، بە جوداخوازی ناودێردەکات. هەروەها دیمەشق کورد بە ناپاکیکردن تۆمەتبار دەکات بەهۆی پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ ئەمەریکا.

هاوکات لەگەڵ ئەمەریکا، زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبیش لە ساڵی 2011وە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق پچڕاندووە.

بەڵام دوای زیاتر لە دە ساڵ سوریا لە مانگی پێنجی 2023وە لە ناو کۆمکاری عەرەبی وەرگیرایەوە.

ئەسەد هەروەها ڕایگەیاندووە، هەمیشە هیوادارن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا باشتر بکەن.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG