Accessibility links

ئێران دەڵێت فراوانکردنی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر بەرنامەی چەکی ئێران 'جێگای داخە'


ئێران ڕۆژی سێشەممە بڕیارێکی یەکێتیی ئەورووپای بە " جێگای داخ" ناودێرکرد کە بە پێی بڕیارەکە گەمارۆکانی یەکێتییەکە لە دژی بەرنامەکانی چەکی ئێران فراوان دەکرێت وەک کاردانەوە بەرامبەر بە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بێپێشینەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) دەڵێت "جێگای داخە کە دەبینین یەکێتی ئەوروپا بە خێرایی بڕیاری جێبەجێکردنی سنووردارکردنی نایاسایی زیاتر لە دژی ئێران دەدات، تەنها لەبەر ئەوەی ئێران لە بەرامبەر دەستدرێژییە بێباکەکانی ئیسرائیلییەکان مافی بەرگری لە خۆی بەکارهێناوە."

دەشڵێت ""نابێت یەکێتی ئەوروپا ئامۆژگارییەکانی واشنتن بۆ ڕازیکردنی ڕژێمی تاوانکاری ئیسرائیل جێبەجێ بکات".

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، یەکێتییەکە لە ڕووی پرەنسیپەوە ڕێککەوتووە لەسەر فراوانکردنی سزاکانی ئێستای دژی بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران تا مووشەک و شیانی گواستنەوەی مووشەکەکان بۆ هاوپەیمانەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان بۆ ڕووسیا بگرێتەوە.

ئەو وتانەی بۆرێل نزیکەی 10 ڕۆژ دوای ئەوە هات کە ئێران یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل ئەنجامدا.

ئەو هێرشە لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییە کوشندەکەی 1ی مانگی چوار بوو بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا و بەشێوەیەکی بەرفراوان ئیسرائیلی پێ تۆمەتبار دەکرێت. لەو هێرشەدا حەوت ئەندامی سوپای پاسداران کوژران کە دووانیان پلەی ژەنەڕاڵیان هەبوو.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، زۆرینەی ڕەهای ئەو زیاتر لە 300 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی کراون - بە هاوکاری ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دیکە ڕێگرییان لێکراوە و هێرشەکە کەمترین زیانی هەبووە.

سەرچاوە: فرانس پرێس، ئێکس

XS
SM
MD
LG