Accessibility links

دوایین سزای ئەمەریکا بۆ سەر ئێران چوار کەس و دوو کۆمپانیا دەکاتە ئامانج


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند و چوار کەس و دوو کۆمپانیای دەستنیشانکرد کە وەزارەتەکە دەڵێت "دەستیان هەبووە لە چالاکییە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشەکان"ی سوپای پاسدارانی وڵاتەکە.

وەزارەتی خەزێنە لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت "ئەو لایەنانە زیاتر لە دەیان کۆمپانیای ئەمەریکی و دامەزراوە حکومییەکانیان لە ڕێگەی کردارە ئەلیکترۆنییەکانەوە کردووەتە ئامانج."

جگە لە سزاکان، وەزارەتی دادی ئەمەریکا و FBI دۆسێیەکی تۆمەتبارکردنیان لەسەر ئەو چوار کەسەکە ئاشکرا کردووە بەهۆی ئەوەی گوایە ڕۆڵیان هەبووە لە چالاکییە ئەلیکترۆنییەکان کە دامەزراوە ئەمەریکاییەکان دەکەنە ئامانج.

مێریک گارلاند، وەزیری دادی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانە تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە هەڵمەتێکی هاککردنی ڕێکخراو کە سەرچاوەکەی لە ئێرانەوە بووە و زیاتر لە دەیان کۆمپانیای ئەمەریکایی و وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاشی تیادا کراوەتە ئامانج.

وەزارەتی داد ڕایگەیاندووە، ئەو چالاکییە زیان بەخشە لە دەوروبەری ساڵی 2016 دەستیپێکردووە و هەتا مانگی چواری 2021 بەردەوام بووە.

وەزارەتی خەزێنە ڕایشیگەیاندووە ئەو لایەن و کەسانەی کە دەستیان لە هاککردنی خەڵک و کۆمپانیاکان لە ئەمەریکا هەبووە "بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی ئەمەریکا بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک چالاکیی ئەلیکترۆنی زیانبەخش، هەر لە بلۆککردنی فایلەکانەوە بگرە هەتا دەگاتە بردنی زانیاری لەسەر کۆمپانیا و کارمەندەکانی و دەزگا حکومییەکان."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێکخراوی فەرماندەیی ئەلیکترۆنی سوپای پاسدارانی ئێران ( IRGC-CEC (یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی سەر بە حکومەتی ئێران کە دەستی هەبووە لە چالاکییە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشە و لە ڕێگەی زنجیرەیەک کۆمپانیای ترەوە ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی تری بە ئامانج گرتووە.

وەزارەتەکە دەشڵێت بەشی زۆری خەڵکی ئێران ئاگاداری ئەوە نین کە بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئێران وەکوو مێهرسام ئەندێشە ساز نیک، یەکێک لەو دوو کۆمپانیایە کە لە 23ی چواردا سزای بەسەردا سەپێندراوە، لەلایەن IRGC-CEC وە بەکار دەهێنرێت.

لە درێژەی بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادا باس لەوەش کراوە پێویستە خەڵکی ئێران ئاگاداربن کە ڕێکخراوی IRGC-CEC کۆمپانیا تایبەتەکان و کارمەندەکانیان بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجە نایاساییەکان.

سزاکان هەر سەروەت و سامانێکی کە ئەو لایەن و کەسانە لە دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکادا هەیانە سڕدەکات و بە گشتی ڕێگری لە ئەمەریکاییەکان دەکات مامەڵە لەگەڵیاندا بکەن.

XS
SM
MD
LG