Accessibility links

وەزارەتی درەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا تیشک دەخاتە سەر مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران


لە ڕاپۆرتی ئەم ساڵی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، کۆمار ئیسلامی ئێران بە یەکێک لە وڵاتە سەرەکییەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دانراوە.

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوە کە ڕۆژی دووشەممە 22ی مانگی چوار بڵاو کرایەوە تیشک خراوەتە سەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی 2023دا و بەدواداچوون بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردنی 198 وڵات پەیوست بە مافەکانی مرۆڤەوە کراوە.

ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند "کاریگەرییەکانی بزووتنەوەی 'ژن،ژیان،ئازادی' بەسەر ڕاپۆرتەکەی ئەمساڵەوە بە روونی دیار بووە، چوونکە لە ساڵانی رابردوودا کەمایەتییە نەتەوەییەکان بە بەردەوامی ڕووبەرویو سەرکوتکردن و شێوەکانی دیکەی پێشێلکاری مافەکان دەبوونەوە، بەڵام وڵاتانی دیکە یان باسیان لێوە نەدەکردن یان زۆر بە کەمی باس دەکران، بەڵام دوای شۆڕشی ژینا ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاتر بە بایەخ و گرنگییەوە باس لە پێشێلکارییەکان دەکەن بەرامبەر بە نەتەوەکانی دیکەی ئێران."

ڕەحمانی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم چەشنە ڕاپۆرتانە گوتی "پێشتر حکومەتی ئێران بە بێ تێچوو و بە بێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ جۆرە بەرپرسیارییەتییەک ببێتەوە، دەستی دەدایە پێشێلکردنی مافی کەمایەتییە نەتەوەییەکانی وەک کورد و بەلووچ و عەرەب و ئەوانی دیکە، بەڵام ئێمە وەک چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ هەوڵمانداوە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بخەینە سەر ئەو باوەڕە کە کۆماری ئیسلامی ئێران تاکو ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی ئەو کارانەی دەیکات، نەبێتەوە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی کەمایەتییەکان بەردەوام بێت و هەر بۆیە سەرنج خستنەسەر پێشێلکارییەکان لەم چەشنە راپۆرتانەدا بێگۆمان دەتوانێت کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکاتەوە."

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوە لە حەوت بەش پێکهاتوو کە بریتین لەمانە:

یەکەم پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ:

  • کوشتنی هەڕەمەکی کە پاڵنەرەکەی سیاسی بووە

پرسە گرنگەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەم ڕاپۆرتەدا بریتین لە کوشتاری هەڕەمەکی یان نایاسایی لەلایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و بریکارەکانییەوە.

ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە چەندین ڕاپۆرتی جێگای متمانە دەڵێت حکومەتی ئێران و کارمەندەکانی لە ماوەی ساڵی 2023دا کوشتنی هەڕەمەکی و نایاساییان ئەنجامداوە، لەنێویاندا لەسێدارەدان بەهۆی ئەو تاوانانەی کە بە پێی پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتییەکانی ناچنە خانەی تاوانە جدییەکانەوە یان بۆ ئەو تاوانانەی کە لەلایەن تاوانبارانی نەوجەوانانەوە ئەنجامدراون یان ئەو تاوانانەی کە لە دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانەدا سزاکەیان دەرچووە.

ڕاپۆرتەکە لەم بەشەدا بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاماژە بە ناوی دوو گەنجی کورد بە ناوەکانی پەیمان گەڵوانی و موسا ئیسماعیلی دەکات کە لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی وەرمێ بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حزبی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئاسایشدا گیانیان لەدەستداوە.

  • بـێسەروشوێن‌کردن

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە خەڵک هەیە لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی ئێرانەوە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بێسەروشوێن کراون. هێزەکانی ئاسایش پارێزەران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانیان بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن دەستبەسەرکردووە و دواتریش ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەک لەسەریان بدەن و دەستگیرکردنیان بۆ خێزانەکانیان پشتڕاست بکەنەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە چوار ئەندامی حزبی کومەڵەی کوردستانی ئێران کراوە کە لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 دەستبەسەر کران و تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو سەرەڕای ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملێیان لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی پەخش کرا، بەڵام شوێنی دەستبەسەربوونیان ئاشکرا نەکرا و لە کۆتایشدا لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ هەر چواریان لەسێدارەدران و هێشتا شوێنی ناشتنەکەیان نادیارە.

  • ئەشکەنجە و کردەوەی تری دڕندانە و سزای نامرۆڤانە

ڕاپۆرتەکە دەڵێت هەرچەندە لە دەستووری ئێراندا ئەشکەنجە بۆ دانپێدانان قەدەغەکراوە، بەڵام ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لە ئێران شتێکی باوە، بەتایبەت لە کاتی دەستبەسەرکردنی کاتیدا، لەوانەش لە لەگەڵ خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراودا، هەروەها هەواڵ هەیە کە هێزەکانی حکومەت و کارمەندانی زیندانەکان بە درێژایی ساڵ ئەشکەنجە و ئازاری زیندانییەکانیان داوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها ئاماژە بە ناوی سامان یاسین، گۆڕانیبێژی کورد کراوە کە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا ڕووبەڕووی شێوە جیاواز و دەڕەندەکانی ئەشکەنجە بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، شێوازە باوەکانی ئەشکەنجەدانی زیندانەکان بریتی بوون لە هەڕەشەی لەسێدارەدان و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر زیندانیان یان ئەندامانی خێزانەکانیان، پشکنینی زۆرەملێی زێ و کۆمی ژنان، بێخەوی، تا ئاستی خنکاندن بردن، خواردنی زۆرەملێی ماددە کیمیاییەکان، بێبەشکردنی بە ئەنقەستی زیندانیان لە چاودێری پزیشکی، لێدانی تەزووی کارەبا لەوانەش لێدانی تەزووی کارەبا لە ئەندامی زاوزێ، سووتاندن و لێدانی توند شێوازەکانی ئەشکەنجەدان بوون بە درێژایی ساڵی ڕابردوو لە زیندانەکانی ئێراندا.

  • ڕەوشی گرتوخانە و زیندانەکان

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە دۆخی زیندانەکانی ئێران بە هۆی کەمیی خۆراک، قەرەباڵغی زۆر و خراپی باری جەستەیی زیندانییەکان و کەمیی کەرەستە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆر خراپ بووە و ژیانی زیندانیانی خستووەتە مەترسییەوە. ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە دەسەڵاتدارانی ئێران ڕەتکردنەوەی چاودێری پزیشکییان وەک جۆرێک لە سزادان بۆ زیندانیانی سیاسی بەکارهێناوە.

  • دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و ناڕەوا

ڕاپۆرتەکە دەڵێت بە پێی دەستور و یاسای ئێران بۆ دەستگیرکردنی کەسێک پێویستە داوای فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسەکە دەربچێت و هەروەها دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا، دەستگیرکراو لەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی ئاگادار بکرێتەوە، بەڵام زۆر جار بەبێ ئاگادارکردنەوە و فەرمانی دەستگیرکردن خەڵک لە ئێران دەستگیرکراون و بۆ ماوەیەکی زۆر لە گرتووخانەکاندا هێڵراونەتەوە بەبێ ئەوەی تاوانبار بکرێن یان ناونووس بکرێن و تەنانەت مافی پەیوەندیکردن بە خێزانەکانیان و ئاگادارکردنەوەیان لێ قەدەغەکراوە.

  • نەبوونی دادگاییەکی ڕەوا و دادپەروەرانە

ڕاپۆرتەکە دەڵێت هەرچەندە لە دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە، بەڵام دادگاکان لەژێر کاریگەری سیاسی بەرپرسانی حکومەتدان و چاودێرانی نێودەوڵەتی ڕەخنەیان لە سەربەخۆ نەبوونی سیستەمی دادوەری وڵاتەکە گرتووە و پێیان وایە کە دادگان پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پەیڕەو ناکەن و زیندانیان لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێک بە دڵی خۆیان و مافی تانەدان لە سزاکانیان لە ماوەی ساڵی 2023دا بێبەشکراون.

لەم بەشەدا ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان نووسیوێتی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەکانی هەمەدان سەیفوڵڵا حوسێنی، پیاوێکی ئایینی کوردی سوننەی بە تۆمەتی ئەندامبوونی لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی مەکتەبی قورئانی کوردستان، تێکدانی نەزمی گشتی، سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و پڕوپاگەندە دژی حکومەت بە بە 17 ساڵ زیندانیکردن و لێدانی 74 قامچیی سزا داوە.

  • زیندانیانی سیاسی و ئایینی

ڕاپۆرتەکە نووسیوێتی هەرچەندە ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی زیندانیانی سیاسی لەبەردەستدا نییە، بەڵام ڕێکخراوی ناحکومی "یەکگرتوویی بۆ ئێران" لە کۆتایی ساڵی 2023دا بڵاویکردەوە کە لانیکەم 1074 زیندانی سیاسی و ئایینی لە ئێراندا هەیە و ئەو پارێزەرانەش بەرگریان لەو زیندانییە سیاسیانە کردووە یان پشتگیریان کردووەن، زۆرجار بانگهێشت و دەستبەسەر کراون یان لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە. ڕاپۆرتەکە لەم بەشەدا بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا-مەهسا ئەمینی، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکومەت، بە یەک ساڵ زیندانیکردن سزا دراوە.

  • تۆڵەسەندنەوە بە مەبەستی سیاسی لە خەڵکی دەرەوەی وڵات

حکومەت بەردەوام بووە لە بەشداریکردن لە سەرکوتکردن و ڕفاندن و ترساندن یان تۆڵەسەندنەوە لە تاکەکانی دەرەوەی وڵات، لەوانەش سەرکوتکردن و هەڕەشەکردن لە نەیارانی سیاسی، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان.

  • دەستبەسەرداگرتنی موڵک و دارایی

راپۆرتەکە دەڵێت دەستوری ئێران ڕێگە بە حکومەت دەدات موڵک و ماڵێک کە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامیدا ناگونجێت دەستی بەسەردابگرێت و پێدەچێت حکومەت لە ڕێگای ئەم یاسایەوە کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکانی کردبێتە ئامانج، لەوانەش بەهاییەکانی ئێران کە لە ساڵی ڕابردوودا بە هۆی باوەڕەکانیانەوە زیندانی کراون و دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا گیراوە.

  • دەستێوەردانی نایاسایی لە تایبەتمەندی، خێزان، ماڵ و نامە و پەیوەندییەکان

بە پێی ڕاپۆرتەکە، هێزەکانی ئاسایشی ئێران چاودێری چالاکی هاوڵاتیانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردووە و چوونەتە ناو ماڵ و ئۆفیس و شوێنی عیبادەتکردنیان و چاودێری پەیوەندی تەلەفۆنی و پەیوەندییەکانی ئینتەرنێتیان کردووە و بەبێ مۆڵەتی دادگا نامەکانیان کردوونەتەوە.

دووهەم ڕەچاوکردنی ئازادییە سڤیلییەکان:

  • ئازادی ڕادەربڕین

لە بەشی ڕەچاوکردنی ئازادییە سڤیلییەکاندا ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە دۆخی ئازادی ڕادەربڕین لە ئێران، باس لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی ئەم ئازادییە و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی ئازاد بۆ خەڵکی ئێران دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگە بە هاووڵاتیانی ئێرانی نادەن بە ئاشکرا ڕەخنە لە سیستەمی حکوومەت، ڕێبەرایەتی یان ئایینی فەرمی وڵات بگرن و هێزەکانی ئاسایش و دەسەڵاتی دادوەری سزای ئەو کەسانە دەدەن کە ئەو کۆت و بەندانە پێشێل دەکەن. لەم بەشەدا ئاماژە بە ناوی سپیدە قولیان، چالاکوانی مەدەنی و کرێکاری کراوە کە لە ساڵی 2022دا دوای بەسەربردنی زیاتر لە چوار ساڵ لە زیندان ئازادکرا، بەڵام دوای چوار کاتژمێر لە ئازادکردنی، جارێکی دیکە بە هۆی وتنەوەی دروشمی دژە حکومەت دەستگیرکرایەوە.

  • ئازادی ئینتەرنێت

ڕاپۆرتەکە هەروەها باس لە چەندین حاڵەتی سانسۆر، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و پەکی خستنی ماڵپەڕەکان و سانسۆر دەکات و دەڵێت بە پێی هەواڵەکان حکومەت چاودێری پەیوەندییە تایبەتەکانی خەڵک لە سەر تۆڕەکان دەکات. بەپێی زانیارییەکانی فریدۆم هاوس، دەسەڵاتداران سیستەمێکی فلتەرکردنی ناوەندییان بەکارهێناوە کە دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ماڵپەڕێک لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بلۆک بکات.

  • ئازادی گردبوونەوە و خۆپـیشاندانی ئاشتییانە

ڕاپۆرتەکە دەڵێت دەستوری ئێران ڕێگەی بە کۆبوونەوە و ڕێپێوانی کەسانی بێ چەک داوە بەمەرجێک بنەماکانی ئیسلام پێشێل نەکەن، بەڵام حکومەت بۆ ڕێگریکردن لەو چالاکییانەی کە بە دژی خۆیانی دەزانن، ئەو مافەی سنووردار کردووە و لە نزیکەوە چاودێری هەموو کۆبوونەوەکان و ناڕەزایەتی خوێندکاران و ژنان، کۆبوونەوە ی مەدەنی و گروپە ئایینییە کەمینەکان و ناڕەزایەتی کرێکاری دەکات و ئەمەش لە کاتێکدایە کە لایەنگرانیانی خۆیان بە دەگمەن کێشەیان دەبێت بۆ گردبوونەوە و خۆپێشاندان.

  • ڕەوشی پەنابەران

ڕاپۆرتەکە نووسیوێتی بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان حکومەت ناتوانێت پەنابەران بە زۆر بگەڕێنرێتەوە بۆ وڵاتێک کە ژیان یان ئازادییان لە مەترسیدایە بە هۆکاری سیاسی، ڕەگەزی، یان ئایینی، یان بەهۆی ئەندامبوونیان لە گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراودا، بەڵام بەگوێرەی گروپە چالاکوانەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان، دەسەڵاتدارانی ئێران بە شێوەیەکی ڕۆتینی ئەفغانییەکانیان دەستگیرکردووە و هەندێکجاریش هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان لێدەکەن.

حکومەت ئەو ئەفغانیانەی گەڕاندووەتەوە کە لەکاتی هەوڵدان بۆ چوونە ناو ئێران دەستگیرکراون، ئەمەش سەرەڕای داکۆکیکردنی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران بۆ ئەو کەسانەی لە شەڕ هەڵدێن. بەپێی خەمڵاندنەکانی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، %40 ی ئەو کەسانەی کە لەم دواییانەدا رۆیشتوونەتە ئێران، لەلایەن حکومەتەوە دیپۆرت کراونەتەوە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ئاماژەیان بەوە کردووە کە مانگانە نزیکەی 40 هەزار ئەفغانی ڕێگەیان پێنادرێت بچنە نێو ئێران و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی حکومەت تەقەیان لەو ئەفغانیانە کردووە کە هەوڵی پەڕینەوەیان داوە بۆ ناو ئێران و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

سێهەم ئازادی بەشداریی کردنی خەڵک لە کاروباری سیاسیدا:

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە ئێران بۆ هەموو کەسێک یەکسان نییە، بە تایبەتی بە هۆی ڕۆڵی شورای نێگەهبانەوە کە کاندیدەکانی پارلەمان دیاری دەکات و ئەوەی جێگای متمانەی حکومەت نەبێت، ڕەت دەکرێتەوە. هەروەها ژنانیش لە پڕۆسەی سیاسیدا لە ئێران پەراوێز خراون و ژمارەیەکی سنووردار لە ژنان پۆستی باڵای حکومەتیان هەبووە. ژنان تەنها نزیکەی لەسەدا 6ی پەرلەمانی ئێرانیان پێکهێناوە.

چوارەم بوونی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت لە کارکردنی حکومەت:

ڕاپۆرتەکە لەم بەشەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران یەکێک لەو بەشانەن کە دەستیان لە گەندەڵییەکی زۆردا هەیە و چالاکیەکانیان زۆر جار نایاساییە. ئەو کۆمپانیایانە لە کەرتەکانی وەک پەیوەندی و کانگە و بیناسازیدا کار دەکەن. هەروەها هەندێک لەو کۆمپانیانە دەستیان لە قاچاخ و مامەڵەی نایاسایی بە دەرمان و ماددە هۆشبەرەکان و کەرەستەی خاودا هەیە.

پێنجەم هەڵوێستی حکومەت بەرامبەر بە داواکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە جیهانییەکان بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ:

بە پێی ڕاپۆرتەکە ئێران هاوکاری ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی نەکردووە کە لێکۆڵینەوە لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بکەن. حکومەت داواکارییە دووبارەکانی نێردە تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ سەردانی ئەو وڵاتەی ڕەتکردەوە. لە مانگی یازدەی ساڵی 2022 ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد و لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە پەیوەست بە دوایین خۆپیشاندانەکانی لە ئێران پێکهێنا. لیژنەکە حەوت جار نامەی ناردووە بۆ حکومەتی ئێران و داوای لێکردووە ڕێگەی بدات بۆ سەردانێک بۆ وڵاتەکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری گرنگ بۆ لێکۆڵینەوەکانی، بەڵام ئەم داواکاریانە بێ وەڵام بوون.

شەشەم هەڵاواردن و خراپ مامەڵەکردنی حکومەت لەگەڵ خەڵک:

  • ژنان

ڕاپۆرتەکە لەژێر ناونیشانی هەڵاواردن لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا ئاماژە بە چەندین حاڵەتی هەڵاواردن لە دژی ژنان دەکات و باس لە پرسی حیجابی زۆرەملێ و هەڕەشەکان لە دژی ژنان لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە جێبەجێکردنی یاساکانی حیجابی زۆرەملێ لە ئێراندا ژنانی بەرەوڕووی غەرامە و زیندانیکردن و سزای جەستەیی وەک قامچی لێدان و چەندین هەڕەشەی دیکە کردووەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە یاسای ئێراندا ماف و پاراستنی یەکسان بە پیاوان بۆ ژنان دابین نەکراوە و بڕگەکانی ناو یاساکە، بەتایبەتی ئەو بەشانەی باس لە یاسای خێزان و موڵک و ماڵی دەکەن، جیاکارییان لە دژی ژنان دەکات.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت لەسەر کوشتنی ژنان لەژێر ناوی "شەرەف" یان نەریتە زیانبەخشەکانی تر لە ماوەی ساڵی رابردوودا هیچ ئامارێکی فەرمی لە وڵاتدا نییە، بەڵام بەپـێی وتاری ئەکادیمی و لێکۆڵینەوەکانی زانکۆ کە ڕۆژنامەی ئیبتیکار وەک سەرچاوە بەکاری هێناون، هەموو ساڵێک لە نێوان 375 بۆ 450 کوشتنی لەو شێوەیە لەسەر پرسی شەرف ڕوودەدەن، کە بە زۆری ژنان بە دەستی پیاوانی خزم و کەسوکاریانەوە وەک هاوسەر و باوک و براکانی خۆیان لە ژێر ناوی پاراستنی "شەرەفی خێزان " دەکوژرێن.

  • توندوتیژی و جیاکاری دژی ئەندامانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان

راپۆرتەکە لەم بەشەدا بە پشتبەستەن بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە کە کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو رووبەڕووی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردن پێش دادگاییکردنیان بوونەتەوە. دەسەڵاتداران ئەندامانی کەمایەتییە نەتەوەیی و گروپە ئاینییەکانیان زیاتر لە زیندانییەکانی دیکە لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا و پێش دادگاییکردن خستوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی قورس بەبێ گوێدانە جۆری تاوانەکەیان. حکومەت بە شێوەیەکی خراپ گروپە کەمایەتییەکانی وەک کورد، ئەهوازییەکان، ئازەرییەکان و بەلوچییەکان، لە ڕێگای دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و دەستبەسەرکردن و ئازاردانی جەستەیی و بێسەروشوێنکردنیان کردووەتە ئامانج. گروپە کەمایەتییە نەتەوەییەکان ڕاپۆرتیان داوە لەسەر جیاکاری و نادادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری، بە تایبەتی لە دەستگەیشتنیان بە یارمەتییە ئابوریـیەکان، مۆڵەتی بازرگانی، وەرگرتنیان لە زانکۆ، هەلی کار، مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی کتێب، مافی خانووبەرە و زەوی.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت "هەشت ملیۆن کورد لە ئێران بە بەردەوامی داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکەن. حکوومەتی ئێران کوردەکانی ئەو وڵاتە بە تاوانی بەکارهێنانی مافی خۆیان لە ئازادی ڕادەربڕین و بەشداریکردن لە کۆڕ و گردبوونەوەکان دەستگیر و دادگایی دەکات."

راپۆرتەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی دیکە نووسیوێتی "حکومەت هەندێک ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبی بە زمانی کوردی قەدەغە کردووە و بە هۆی ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکومەت سزای بەسەر بڵاوکەرەوەکان، ڕۆژنامەنووس و نووسەرانی کورد سەپاندووە. دەسەڵاتداران چالاکیی ڕێکخراوە ناحکومییە کوردییەکانیان سەرکوت کردووە و حکومەتی ئێران بەردەوام بەکارهێنانی زمانی کەمایەتییەکانی لە قوتابخانە بۆ فێرکردن قەدەغە کردووە."

  • دژایەتی جووەکان

لەم بەشدا ڕاپۆرتەکە باس لە پرسی دژە جوو لە سیستەمی حکوومەتی ئێران دەکات و دەڵیت سەرەڕای ئەوەی کە جووەکان نوێنەریان لە مەجلیسی ئێراندا هەیە، بەڵام ئەندامانی پێکهاتەی جووەکان ڕووبەڕووی سنووردارکردنی حکومەت و هەڵاواردن بوونەتەوە. بەرپرسانی حکومەت، لەوانەش سەرکردایەتی و سەرۆک و بەرپرسانی باڵای دیکە، بە شێوەیەکی ڕۆتینی لێداوان و قسەی دژە جوو دەکەن و هۆلۆکاست ڕەتدەکەنەوە.

  • پێشیلکارییەکان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە مافی ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی لە ئێران بە بەردەوامی پێشێل دەکرێت و ئەندامانی ئەم پێکهاتەیە ڕووبەڕووی جۆرە جیاوازەکانی هەڵاواردن و توندوتیژی دەبنەوە و دەشڵێت ئەندامانی ئەم پێکهاتەتە ئەگەر لە لایەن پۆلیسی ئێرانەوە دەستبەسەر بکرێن، ئەوا لە لایەن ئەو هێزانەوە رووبەڕووی حاڵەتەکانی توندوتیژی جەستەیی و زارەکی و سووکایەتی پێکردن دەبنەوە.

حەوتەم مافی کرێکاران:

ڕاپۆرتەکە دەڵیت دەستوور و یاساکانی ئێران مافی سەندیکاکانی دیاری نەکردووە. لە هەموو سێکتەرەکاندا مانگرتن نایاساییە، هەرچەندە کارمەندانی کەرتی تایبەت دەتوانن خوپیشاندانی "ئاشتیخوازانە" لە ناو شوێنی کارەکەیاندا بکەن. ڕاپۆرتکراوە کە دەسەڵاتداران ڕێزیان لە ئازادی کۆبوونەوەکان نەگرتوە و بە توندی سنوورداریان کردووە و هەروەها بەریان بە هەوڵی کرێکارن گرتووە بۆ ڕێکخستنی خۆیان. لە ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ناوی چەندین چالاکوانی مافی کرێکاران کراوە کە بە هۆی چالاکییەکانیانەوە دەستبەسەرکراون. لەوانە چەند چالاکی کوردی مافی کرێکاری کە بریتین لە کەمال کەریمی، شادمان عەبدی، عەبدوڵڵا خەیرئابادی، سیروان مەحموودی، ئیقباڵ پیشکاری، خەبات مەحموودی و حەبیبوڵڵا کەریمی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی شاری سنەوە بە تۆمەتی نادیار دەستبەسەرکراون و لێیان دراوە و دواتر هەرکامەیان سزای زیندانیکردنی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپێنراوە.

XS
SM
MD
LG