Accessibility links

"یاسای مەهسا" لە ئەمەریکا پەسەند دەکرێت


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا 'یاسای مەهسا' (MAHSA Act) کە کورتکراوەی 'یاسای مافەکانی مرۆڤ و لێپرسینەوەی ئاسایشی مەهسا ئەمینی"یە، ڕؤژی چوارشەممە مۆر کرد کە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند کرابوو.

ئەم یاسایە بەشێک بوو لە پاکێجی ئاسایشی نیشتمانی.

یاسای مەهسا پڕۆژە یاسایەکە کە لەلایەن جیم بەنکس، ئەندامی کۆماریخوازی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە بۆ پشتیوانی لە دوایین ناڕەزایەتییەکانی ئێران پێشکەشی ئەم ئەنجومەنە کرا. مانگی 9ی ساڵی 2023 لە سەروبەندی ساڵڕۆژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، ئەنجومەنی نوێنەران بە 410 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر سێ دەنگی نەخێر ئەم گەڵاڵەیەی پەسەند کرد.

"یاسای ماهسا" سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەند دەکات بە سەپاندنی سزا لە شێوەی قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی بیانی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.

لەسەر بنەمای ئەم یاسایە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیبراهیم ڕەئیسی سه ڕۆکی کۆماری ئێران و داموده زگاکانی په یوه ندیداریان به تاوانی "پێشێلکردنی مافه کانی مرۆڤ" و "پشتیوانی له تیرۆر" دەکەونە ژێر سزاکانەوە.

هەروەها بە پێی "یاسای کەشتیوانی"ش کە بەشێکە لەم پاکێجە ئاسایشییە، سەرۆکی ئەمەریکا پابەندە سزاکانی وەک قەدەغەکردنی ڤیزا و بەستنی سەروەت و سامان بەسەر ئەو کەسانەی کە بەشداری بازرگانی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانەوە دەکەن، بسەپێنێت.

مەبەست لە پاکێجی ئاسایشی نیستمانی پەسەندکراوی ئەم دواییەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە چوار گەڵاڵەی جیا لە خۆ دەگرێت، بەرنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، چین و ڕووسیایە.

ئەم پڕۆژە یاسایە بریتییە لە 61 ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکرانیا لە دژی ڕووسیا، 26 ملیار دۆلار هاوکاری ئیسرائیل لە دژی چەکدارانی فەلەستین و زیاتر لە 8 ملیار دۆلار هاوکاری تایوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کردەوەکانی چین.

پڕۆژە یاسای چوارەم بریتییە لە دابینکردنی بودجە بۆ قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی "تیک تاک"، ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی سەروەت و سامانی دەستبەسەرداگیراوی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا، هەروەها ڕێوشوێنیەکانی سەپاندنی سزای نوێ دژی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە "یاسای مەهسا" ناسراوە.

چاک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سینات، پەسەندکردنی پاکێجی ئاسایشی نیشتمانیی بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژوودا ناوبرد.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای دەربڕینی دەستخۆشی خۆی بۆ پەسەندکردنی ئەو پڕۆژە یاسایایە، جەختی لەسەر پشتیوانیی توندی واشنتن بۆ دیموکراسی و ئازادی کردەوە.

XS
SM
MD
LG