Accessibility links

بەندەرە کاتیەکەی ئەمەریکا چۆن هاوکارییە مرۆییەکان دەگەیەنێتە غەززە؟


لە کاتێکدا ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشێکی زەمینی گەورە بۆ سەر شاری ڕەفەح ئامادە دەکات، سوپای ئەمەریکا دەستیکردووە بە دروستکردنی "بەندەرێکی دەریایی کاتی" لە کەناراوەکانی غەززە، بە ئامانجی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی سڤیل.

بەرپرسێکی باڵای سەربازی له پەنتاگۆن به ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، هەزار سەرباز و کەشتیوانی ئەمەریکا له پرۆژەی کاتی بەندەرەکەدا بەشدار دەبن.

هەروەها بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەکرد، بەندەرەکە لە سەرەتادا دەتوانێت لە ڕۆژێکدا ڕێگە بە تێپەڕبوونی نزیکەی 90 بارهەڵگر بدات، وە ئامانجیانە لە کۆتاییدا بتوانن لە ڕۆژێکدا ڕێگە بۆ 150 بارهەڵگر بکەوە.

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیاندنی یارمەتییەکان لە ڕێگەی زەمینییەوە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کەمێک زیادی کردووە، بەڵام هێشتا خەڵکی غەززە پێویستیان بە یارمەتی زیاترە.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، دەیان کەس لە خەڵکی غەززە بەهۆی برسیەتی و بەدخۆراکی گیانیان لەدەستداوە.

بە گوتەی بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکا، پێشبینی دەکرێت لە مانگی پێنجدا بەندەرەکە ئامادە بێت بۆ تێپەڕبوونی باری سەرەتایی خۆراک و کۆمەکی دیکە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز باسی لە چۆنیەتی کارکردنی ئەم دەروازە مرۆییە لە غەززە کردووە، بەتایبەتی کە هەوڵەکان بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان لە ڕێگەی ڕێڕەوی دەریاییەوە بۆ کەرتی غەززە کە مانگی سێ ڕاگەیەندرا، پێویستی بە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و چەند هەنگاوێک هەیە.

XS
SM
MD
LG