Accessibility links

نەتەنیاهۆ دەڵێت لە هەموو بارێکدا هێرشەکەی سەر ڕەفەح ئەنجام دەدرێت


بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە بەڵێنیدا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە ئەنجام بدات بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا ڕێککەوتنێک لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە لە ئارادابێت یان نا.

ئۆفیسی نەتانیاهۆ دەڵێت لە میانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئەندامانی خێزانی بارمتەکان نەتانیاهۆ گوتویەتی "بیرۆکەی ئەوەی کە پێش گەیشتن بە هەموو ئامانجەکان، شەڕەکە دەوەستێنین، مەحاڵە. ئێمە دەچینە ناو ڕەفەح و کەتیبەکانی حەماس لەوێ لەناو دەبەین بۆ گەیشتن بە تەواوی ئامانجەکە، جا ڕێککەوتنێک هەبێت یان نەبێت گرنگ نییە."

نەتانیاهۆ ڕایگەیاند، پێویستە هێزەکانی ئیسرائیل بچنە ناو شاری ڕەفەحەوە بۆ ئەوەی بتوانن شکستی تەواوەتی بە حەماس بهێنن، کە لە مانگی 10 ڕابردوودا هێرشێکی چەکداری کردە سەر ئیسرایل و 1200 کەسی کوشت.

هەروەها حەماس لە کاتی هێرشەکەدا نزیکەی 250 کەسیشی بە بارمتە گرتووە و پێدەچێت هێشتا نزیکەی 100 بارمبەتی لا مابێت، لەگەڵ تەرمی نزیکەی 30 بارمتەش کە لەو ماوەیەدا کوژراون یان گیانیان لەدەستداوە.

زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەززە پەنایان بردووە بۆ شاری ڕەفەح کە لەسەر سنوری نێوان غەززە و میسرە.

زۆرێک لە فەلەستینییەکان بۆ خۆپاراستن لە هێرشەکانی ئیسرائیل بەرەو ڕەفەح هەڵهاتن و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتی مرۆیی ئەگەر ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی زەمینی لەو شارە ئەنجام بدات.

کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنیدا لەگەڵ میسر و قەتەر کاربکات بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئاگربەستی پێشنیارکراوی نێوان ئیسرائیل و حەماس.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی میری قەتەر، بایدن داوا کرد هەموو هەوڵێک بدەن بۆ بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لەلایەن حەماسەوە لە غەززە دەستبەسەرن.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ئازادکردنی بارمتەکانی بە "تاکە بەربەست لەبەردەم ئاگربەستی دەستبەجێ و فریاگوزاری بۆ خەڵکی غەززە" داناوە.

ئەمەریکا و میسر و قەتەر چەند مانگێکە لە هەواڵدان بۆ وەستاندنی شەڕەکە. پێشنیارێک کە ئێستا تاوتوێ دەکرێت بریتییە لە ئاگربەستێک کە نزیکەی شەش هەفتە دەخایەنێت، ئازادکردنی بارمتەکانی حەماس، ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل و زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی لە غەززە.

بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس ڕۆژی دووشەممە لە قاهیرە لەگەڵ نوێنەرانی میسر و قەتەر کۆبوونەوە و تاوتوێی ئەو پێشنیازەیان کرد.

ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدایە کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە گەشتێکی ناوچەکەدایە و لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە و ئوردن و ئیسرائیل دۆخەکە تاوتوێ دەکات.

بە پێی وەزارەتی تەندروستی غەززە، هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس هەتا ئێستا 34 هەزار و 500 کەسی تێدا کوژراوە کە دوو لەسەر سێی ئەو ژمارەیە ژن و منداڵن.

سەرچاوە: ئەسۆشیەیتد پرێس، فرانس پرێس و ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG