Accessibility links

زیندانییەکی سیاسی کورد کە مانی لە خواردن گرتووە باری تەندروستی ناجێگیرە


کیوان ڕەشوزادە، زیندانییەکی سیاسی کوردی خەڵکی ورمێ ماوەی دوو هەفتەیە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە مامەڵەی خراپی کارمەندانی زیندان و ڕەوشی خراپی خۆی لە زیندانت ورمێ، دەستی داوەتە مانگرتن و بە گوێرەی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕەوشی تەندروستی ناوبرا لە ئیستادا بووەتە مایەی نیگەرانی چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و خێزانەکەی.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو رایانگەیاندووە بارودۆخی جەستەیی کەیوان ڕەشوزادە کە نزیکەی دوو هەفتەیە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ مانی لە خواردن گرتووە، مایەی نیگەرانییە.

نازدار ڕودساز دایکی ئەو زیندانییە سیاسییە لە گرتەیەکی ڤیدیوییدا پەیامێکی سەبارەت بە دۆخی کوڕەکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی تەندروستی کوڕەکەی، ڕایگەیاندووە کیوان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن کارمەندانی زیندانەوە بە دەستی بەستراو، ئەشکەنجە دراوە و لە ژووری تاکەکەسیدا زیندانی کراوە.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان پەیامی دایکی ئەو زیندانییە سیاسییەی لە هەژماری تایبەتی خۆت لە تۆڕی ئیکس بڵاو کردووەتەوە کە دەڵێت "من دایکی کیوان ڕەشوزادەم کە ماوەی پێنج ساڵە بە بێ ئەوەی مووڵەتی کاتی هاتنەوە درەوەی بۆ ڕۆژێکیشی پێدرابێت، لە زیندان بەسەر دەبات و کەس گرنگی بە بارودۆخەکەی نادات و سەردانی هەت بەرپرسێک دەکەم دەڵێن ئێمە هیچ زانیارییەکمان لانییە و دەستوەردان لە بابەتەکەدا ناکەین. چەند ڕۆژێکە کوڕەکەم داوای بەدواداچوونی کردووە بۆ دۆسییەکەی، بەڵام بەرپرسانی زیندان دەست و قاچییان بەستووە و لێیانداوە و سەر و دەستیان شکاندووە و لەو کاتەوەش کوڕەکەم دەستی داوەتە مان گرتن لەخواردن."

بەگوێرەی هەواڵێکی هەنگاو لەمبارەیەوە کەیوان ڕەشوزادە لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی ئومێد سەعیدی، کامەران قاسمی، عەبدولعەزیز محەمەد پوور و نایب حاجی پوور لە مانگی دەی ساڵی 2019 لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ورمێ دەستبەسەر کراوە.

دوای ماوەیەک ئەو پێنج هاووڵاتییە لە مانگی یازدەی ساڵی 2020 لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە تۆمەتی "چالاکی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حزبی کۆمەڵە" هەریەکێکیان بە 10 ساڵ و یەک ڕۆژ زیندانیکردن سزا دران و دواتر سزاکەیان لەسەر داوای بەدواداچوونی ئەو زیندانییانە بۆ 7 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردن کەم کراوەتەوە و لەو کاتەوە هەر کام لەو پێنج زیندانییە بە بێ ئەوەی موڵەتی هاتنەدەرەوی کاتییان پێدرابێت، ماوەی نزیکەی پێنج ساڵە لە زینداندا و لە ژێر بارودۆخێکی قورسدا بەسەر دەبەن.


سەرچاوە/ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ

XS
SM
MD
LG