Accessibility links

ڕوناک فەرەج چالاکوانی مافەکانی ژنان، لە سلێمانی کۆچی دوایی دەکات


ڕووناک فەرەج
ڕووناک فەرەج

ڕوناک فەرەج، چالاکوانی ناوداری مافەکانی ژنان و بەرپرسی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕوناکبیریی ژنان، لە شاری سلێمانی و پاش چەند هەفتەیەک لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشییە لەناکاوەکەیدا کۆچی دوایی کرد.
خاتوو فەرەج کە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای خانمانی هەرێمی کوردستانیش بوو، یەکێک بوو لەو ژنە چالاکوان و نوسەر و لێکۆڵەرانەی بەردەوام لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەینوسی و بە شێوازێکی بابەتیانە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی داکۆکیکاران بوو لە مافەکانی ژنان و کچان.

هانا شوان
هانا شوان

هانا شوان، نوسەر و ڕۆژنامەوان دەڵێت "ڕوناک فەرەج، لە بیرکردنەوەیدا بە یەکێک لە ژنە ڕچە شکێنەکانی کورد دادەنرێت و خاوەنی پێنوسێکی بە بڕشت بووە لە پێناو ئامانجەکانیدا و ئەو پێنوسە بەپێزەی لە چەندان لێکۆڵینەوەی زانستیدا بەکارهێناوە بۆ پاراستن و داکۆکی و دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی ژنان و کچان."

ئەم چالاکوانە کوردە، دەیان ساڵی تەمەنی تەرخانکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو بیرۆکانەی بەگژ مافەکانی ژناندا دەچوونەوە، بەردەوامیش لەوبڕوایەدا بووە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان و کچان لەناو خێزانەوە دەستپێدەکات، واتە لە نێوان باوک و کچ و هاوسەرەکان و خوشک و براکان و ..هەتادوایی.
ڕوناک فەرەج، لە زۆرێک لە بابەتە هەستیارە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەشداری لە بەرنامە و دیمانە و وتووێژە تایبەتەکانی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکادا کردووە و هەمیشەش ڕایەکانی جێی سەرنج و ستایشی وەرگر بوو.

XS
SM
MD
LG