Accessibility links

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی: گرتووخانەکان پڕبوون لە سزادراو و دۆخەکە وابڕوات دووچاری گرفتی گەورە دەبین


وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گرتووخانەکانی چاکسازی گەوران لە هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی پڕبوون لە سزادراو و دۆخەکە وا بڕوات دووچاری گرفتی گەورە دەبن.

کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "چاکسازی گەورانی سلێمانی پێویستە 900 سزادراوی تێدا بێت، کەچی ئێستا هەزارو 600 سزادراوی تێدایە. چاکسازی گەورانی هەولێر بۆ 900 کەس دروستکراوەو ئێستا 1800 سزادراوی تێدایە. چاکسازی گەورانی دهۆکیش 2500 سزادراوی تێدایە لەکاتێکدایە بۆ 900 کەس دروستکراوە."

دەشڵێت،"ئێستا کێشەی قەرەباڵغی گرتووخانەکانمان هەیە، گەر ژمارەی سزادراو زیاتر بکات دووچاری گرفتی گەورە دەبین."

تاوانباران بە بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، تاوانبارانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە ڕووی ژمارەوە لە ڕیزی پێشەوەی جۆرەکانی تری تاوانن کە لە هەرێمی کوردستان دووچاری سزای یاسایی دەبنەوە.

بەپێی ئامارێکی فەرمی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەماوەی پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2024دا، زیاتر لە هەزار تۆمەتبار بە بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، ئەمە جگە لەوانەی کە لەلایەن دادگاوە دۆسیەکانیان یەکلایی کراوەتەوەو سزای یاساییان بەسەردا سەپێنراوە.

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم دەڵێت،"دۆخەکە وا بڕوات گرتووخانەکانی چاکسازی دەرەقەتی وەرگرتنی ئەو هەموو سزادراوە نایەن، بۆیە دەبێت کێشەی ماددەی هۆشبەر لەدەرەوە چارەسەر بکرێت و ڕێگە نەدرێت لەمە زیاتر تەشەنە بکات، بەتایبەت مایەی مەترسییە گوێبیستی دەست بەسەرداگرتنی بڕی زۆری ماددەی هۆشبەر دەبین."

هەروەها وتیشی،"هێنانی تۆمەتبارانی ماددەی هۆشبەر بۆ گرتووخانەکان هیچ لە کێشەکان چارەسەر ناکات، چارەسەر وشککردنی دەروازەکانی هێنانی ماددەی هۆشبەرە کە ئێستا هەرێم بووەتە ترانزێت، لەکاتێکدا ساڵانی ڕابردوو هەرێمی کوردستان پاکترین شوێنی ناوچەکە بووە بۆ مەسەلەی ماددەی هۆشبەر."

لەکۆتایی مانگی 4 ی 2024، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەگوندی ئاوباری نزیک قەزای دەربەندیخان دەستیان بەسەر کارگەیەکی ماددەی هۆشبەردا گرت، بە پێی وتەی بەرپرسانی ئاسایشی هەرێم کارگەی بەرهەمهێنانی کریستاڵ بووە.

کوێستان محەمەد وتی،"لەهەموو ناوچەکەدا دەست بەسەر کارگەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێم گیراوە، ئەمە کارەساتەو دەبێت بەری پێبگیرێت."

دەوترێت گرتووخانەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بوونەتە جێگەیەک بۆ ناساندنی بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر بەیەکتری، بەجۆرێک گەر پێشتر ماددەی هۆشبەریان بە زەحمەت دەست خستبێت، ئەوا دوای تەواوکردنی وادەی سزاکانیان و ئازادکردنیان دەتوانن بەئاسانترین شێوەو لە ڕێگەی یەکترییەوە ماددەی هۆشبەر دەست بخەن.

بەڵام وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمە ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت،"لە گرتووخانەکانی چاکسازی ژووری لە سێدارەدان و بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر جیان لە یەکتری، شوێنی نانخواردن و نوستنیان جیایە، مەگەر لەکاتی وەرزش کردن و هێنانیان بۆ بەر خۆر تێکەڵ ببن."

بەپێی وتەی کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، هەڵکشانی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، هەروەها خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و سۆشیال میدیاهۆکاری قەرەباڵغکردنی گرتووخانەکانی چاکسازین لە هەرێمی کوردستان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:05 0:00
XS
SM
MD
LG