Accessibility links

حەماس دەڵێت وەڵامی ئیسڕائیلمان لەسەر پێشنیارەکەی بۆ ئاگربەست بە دەست گەیشتووە و تاوتوێی دەکەین


خەلیل ئەلحیە، نوێنەری حەماس کە بنکەکەی لە قەتەرە
خەلیل ئەلحیە، نوێنەری حەماس کە بنکەکەی لە قەتەرە

خەلیل ئەلحیە، سەرۆکی تیمی دانوستانکاری حەماس ڕۆژی شەممە،27ی مانگی چوار ڕایگەیاند کە وەڵامی فەڕمی ئیسڕائیلی بە دەست گەیشتووە لەسەر نوێترین پێشنیارەکەی بۆ ئاگربەست و پێش ئەوەی وەڵام بداتەوە تاوتوێی دەکات.

خەلیل ئەلحیە کە لە ئێستادا لە قەتەڕ دادەنیشێت لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمڕۆ حەماس وەڵامی فەڕمی زایۆنی داگیرکاری بە دەست گەیشتووە لەسەر پێشنیارەکەمان بۆ ئاگربەست کە لە 13 ی مانگی چواردا پێشکەشی نێوەندگرە میسڕیی و قەتەڕییەکانمان کردبوو."

دوای شەش مانگ لە جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە، گفتوگۆکان بۆ ئاگربەست هێشتا چەقییان بەستووە، ئەمە لە کاتێکدا کە حەماس سوورە لەسەر داواکانی لەسەر ئەوەی هەر ڕێککەوتنێک بکرێت دەبێت کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی تێدا بێت.

ڕۆژی هەینی شاندێکی میسڕیی سەردانی ئیسڕائیلییان کرد لە هەوڵێکدا بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاگربەست و گەڕانەوەی بارمتەکان.

بەرپرسێکی نزیک لە گفتوگۆکانەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی ئیسڕائیل هیچ پێشنیارێکی نوێی نیە پێشکەشی بکات، وتیشی بەڵام ئامادەیە تاوتوێی ئاگربەستێکی سنووردار بکات کە تێیدا 33 بارمتە لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن، لە بری ئەو 40 بارمتەیەی کە پێشتر قسەی لەسەر کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ئەمەریکا و 17 وڵاتی دیکە داوایان لە حەماس کرد سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکات، ئەوەش لە پێناو ڕێگە خۆشکردن لەبەردەم کۆتایی هێنان بە قەیرانەکاندا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG