Accessibility links

"ئاڵۆزى سیاسى و ئەمنى"ئەو دەرفەتەى داعش لە عێراق و سوریا بۆى دەگەڕێت


ناسەقامگیرى سیاسى و ئەمنى، ئەو دەرفەتەیە کە داعش بۆ سود لێوەرگرتن و زیندوو بوونەوە بەدوایدا دەگەڕێت، خەریکە ئەو دەرفەتەى لە عێراق و سوریا بۆ دەرەخسێتەوە.

داعش هێشتا لە عێراق و سوریا خاوەنى ژمارەیەکى زۆر چەکدارە، لە حاڵەتى تێکچوونى ئەمنى و سیاسى دا لەو دوو وڵاتە، تواناى سود وەرگرتنەوەى لەو چەکدارانە هەیە.

هێزە عێراقیەکان و شەڕڤانانى کورد لە سوریا، ئەو هێزانەن کە پێشتر ڕۆڵیان لە بەرەنگاربوونەوەى داعش دا هەبووە، بەڵام لەئێستادا هێزە عێراقیەکان بەنارەزایەتیە نێوخۆییەکان و شەرڤانانیش بە شەڕى تورکیاوە سەرقاڵن، ئەمەش زوومى ئەو هێزانە لەسەر داعش لادەبات.

نازم کەهیە، رێکخەرى پەیوەندیەکانى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى بۆ شەڕى داعش لەکەرکوک، پێیوایە داعش لە ناوچەکەدا ماوە، بەدواى دەرفەتدا دەگەرێت، بۆ پەلاماردانى هەندێک ناوچەکە.

نازم کەهیە، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"تێکچوونى دۆخ و ناسەقامیرى سیاسى و ئەمنى، ئەو دەرفەتەیە کە داعش بەدوایدا دەگەڕێت و خەریکە دەستیشى دەکەوێت."

شەڕڤانان هێزەکانى بەرەو سنور و بۆ بەرچدانەوەى هێرشى تورکیا دەگوێزێتەوە، هێزە عێراقیەکانیش لە زۆر ناوچەوە بۆ بەغدا گوازراونەتەوە، ئەمەش فشارى سەر چەکدارانى داعش کەمدەکاتەوە.

لەگەڵ ئاڵۆزبوونى دۆخەکەدا لەو دوو وڵاتە، داعش دەستى بە جم و جۆڵ و هێرش کردۆتەوە، بەتایبەت لە سنورى رەقە پەلامارى چەند خاڵێکى پشکنین ى داوە، شەوى رابردووش، رێگەى نێوان بەغداى پایتەخت و پارێزگاى ئەنیاریشى بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک کۆنترۆڵ کردووە.

هەروەها 5 هاوڵاتیش لە پارێزگاى کەرکوک سەربڕدراون، کە پەنجەى تۆمەت بۆ داعش درێژ دەکرێت، بەتایبەت ئەنجامدانى ئەم هێرشانە، دواى کشانەوەى بەشێک لە هێزە عێراقیەکان دێت بۆ ناو بەغدا.

مەریوان نادر ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، روونیکردەوە ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆشایى ئەمنى زۆرى تێدایە و داعش سودیان لێ دەبینێت، وتى"نارەزایەتیەکانى بەغدا وایکردووە هێزە عێراقیەکان تەرکیزیان لاى داعش نەمێنێت."

پەرلەمانتارەکەى عێراق، ئاماژەى بەوەشکرد سەرۆکایەتى حکومەتى عێراقیان لەو بۆشاییە ئەمنیانە ئاگادار کردۆتەوە، کە لەناوچەکەدا دروست بوون،بەڵام تا ئێستا هیچ نەکراوە.

دروستبوونى بۆشایى ئەمنى لە عێراق و سوریا و سەرقاڵبوونى هێزە فەرمیەکان لەو دوو وڵاتە، وادەکات چاودێرى سنورەکان لاواز ببێت و هێڵى هاتووچۆى نێوان ئەو دوو وڵاتەش، جارێکى تر پێکەوە گرێ بدرێتەوە و داعش سود لەو هێڵانە وەربگرێتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:41 0:00


XS
SM
MD
LG