Accessibility links

موقتەدا سەدر پشتگیری لە خۆپیشاندانەکانی لایەنگری فەلەستینییەکان لە زانکۆکانی ئەمەریکا دەکات


موقتەدا سەدر
موقتەدا سەدر

سەرکردەی ئایینی عێراقی موقتەدا سەدر ڕۆژی شەممە پشتگیری خۆی دەربڕی بۆ خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی فەلەستینییەکان لە زانکۆکانی ئەمەریکادا و داوای کۆتایی هێنانی کارەکانی پۆلیسی کرد لە دژییان.

سەدر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" داوای ڕاگرتنی سەرکوتکردنی ئەو دەنگانە دەکەین کە داکۆکی لە ئاشتی و ئازادی دەکەن."

وتیشی" دەنگی زانکۆکانی ئەمەریکا کە داوای کۆتایی هێنان دەکەن بە تیرۆری زایۆنی دەنگی ئێمەشە."

دوای هێرشەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2003 دا لە عێراق بۆ دوورخستنەوەی دیکتاتۆر سەدام حوسەین، سەدر سەرکردایەتی گروپێکی چەکداریی کرد دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا.

سەدر لە عێراقدا ملیۆنان لایەنگری هەیە و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر سیاسەتی عێراق هەیە.

خۆپیشاندان دژی جەنگەکەی ئیسڕائیل لە غەززە لە زانکۆکانی ئەمەریکادا بەڕێوەچوون، ئەمەریکا گەورەترین دابینکاری کەلوپەلی سەربازییە بۆ ئیسڕائیل.

خوێندکارانی خۆپیشاندەر دەڵێن هاوسۆزی خۆیان بۆ فەلەستینییەکانی غەززە دەردەبڕن.

لە وەڵامێکدا بۆ کارە تێکدەرەکان لە خۆپیشاندانەکاندا، پۆلیس ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەرانی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەستگیرکردووە.

لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1170 کەس لەو هێرشەدا کوژراون، کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون. چەکدارەکان نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیل دەڵێت هێشتا 129 بارمتە لە غەززە ماونەتەوە.

هێرشەکەی حەماس بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە. بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن لانیکەم 34,388 فەلەستینی لە غەززە کوژراون.

سەرجەم پارتە سیاسییەکانی عێراق پشتیوانی لە پرسی فەلەستینییەکان دەکەن، هاوشێوەی ئێرانی دوژمنی سەرسەختی ئیسڕائیل، عێراق دانی نەناوە بە دەوڵەتی ئیسڕائیلدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG