Accessibility links

گۆرانیبێژێکی ئێرانی لە دۆسییەی ' گەندەڵیکردن لەسەر زەویدا " بێتاوان دەرچووە


موستەفا نیلی پارێزەری گۆرانیبێژ توماج ساڵحی لەمدواییانەدا ئاشکرای کرد کە لە ماوەی ڕێکارە یاساییەکانی ساڵی ڕابردوودا لە ئێران ساڵحی لەسەر دۆسییەی تاوانی " گەندەڵیکردن لەسەر زەوی " بێتاوان دەرچووە و دەبووایە لێخۆشبوونە گشتییەکەی مانگی دووی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی بیگرتایەوە.

نیلی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی ئیعتیماد وتی دادوەرەکان وتوویانە فەرمانی لێخۆشبوونەکە تۆمەتی " گەندەڵیکردن لەسەر زەوی " تێدا نەبووە.

وتی " هەندێک دۆسییە لە فەرمانی لێخۆشبوونەکەی ڕابەردا هەبوون."

بەڵام نیلی هێشتا سوور بوو لەسەر ئەوەی کە " توماج لە ڕێکارە یاساییەکانی ساڵی ڕابردوودا بێتاوان دەرچووە لە تۆمەتی گەندەڵیکردن لەسەر زەویدا."

لێدوانەکەی نیلی دوای ئەوە دێت کە لەمدواییانەدا سزای مەرگ بەسەر ساڵحیدا سەپێندراوە. سزاکە مشتومڕێکی گەورەی بە دوای خۆیدا هێناوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیش سەرکۆنە کراوە.

ساڵحی لە مانگی 10 ی ساڵی 2022 دا دەستگیرکرا و سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش بەهۆی بەشداریکردنییەوە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022 دا لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی، بەڵام دواتر ئازادکرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای باڵای ئێران بڕیاریدا کە کەموکورتی هەیە لە سزاکەدا. بەڵام ساڵحی لە 30 ی مانگی یانزەی ساڵی 2023 دا دەستگیرکرایەوە، ئەوەش بەهۆی دەربڕینی بۆچوونی خۆیەوە لەسەر حکومەتی ئێران و ئاشکراکردنی ئەوەی کە لە ماوەی زیندانیکردنیدا ئەشکەنجە دراوە و بۆ ماوەی 252 ڕۆژ خراوەتە زیندانی تاکەکەسییەوە.

نیلی وتی " دوای ئەو چاوپێککەوتنە، سزای یەک ساڵ زیندانیکردن سەپێندرا بەسەر توماجدا."

ساڵحی بەوە ناسراوە کە لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا ڕەخنەکانی لەسەر حکومەتی ئێران بە شێوازی هونەریی دەربڕیوە.

لە 18 ی مانگی چواردا ساڵحی لە لقی یەکی دادگای پاسدارانی ئیسلامی لە ئەسفەهان دادگاییکرا و بە تۆمەتی " گردبوونەوە و هاوکاریکردن و یارمەتیدان لە یاخیبووندا " تۆمەتبار کرا. لە 24 ی مانگی چواردا تیمە یاساییەکەی لە سزای مەرگ ئاگادار کراونەتەوە.

سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر ساڵحیدا بووەتە هۆی زیادبوونی خۆپیشاندانەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانیشدا. ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و کەسایەتییە گشتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆستییان کردووە و نامە و وێنە و گۆرانییەکانی ساڵحییان بڵاوکردووەتەوە، داوای ئازادکردنی دەکەن.

زۆرێک لە چالاکەوانان و پیشەگەران سەرکۆنەی بڕیارەکەیان کردووە. چالاکەوانانی پارێزگای ئەلبورز وتییان " تۆمارە شەرمەزارییەکەی حکومەت ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەشتر دەبێت."

ڕۆژی هەینی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک سەرکۆنەی سەرکوتکردنی ژنانی ئێرانی کرد لەلایەن کۆماری ئیسلاییەوە، بە تایبەتی لە ژێر یاساکانی باڵاپۆشی زۆرەملێدا. هەروەها داوای کرد دەستبەجێ ساڵحی ئازاد بکرێت.

تورک داواشی کرد سەرجەم ئەو کەسانە ئازاد بکرێن کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسەر ئازادی ڕادەربڕین زیندانی کراون، بە ئازادی ڕادەربڕینی هونەریشەوە.

تورک داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ جێبەجێکردنی سەرجەم سزاکانی مەرگ ڕابگرێت.

دوای هەواڵەکان لەسەر سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر ساڵحیدا، چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، بە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە بە جیا سەرکۆنەی بڕیارەکەیان کردووە و داوایان کردووە دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک ساڵحی ئازاد بکرێت.

سەرچاوە/ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG