Accessibility links

بۆچی سوریا هەوڵدەدات خۆی لە شەڕی غەززە و پەراوێزەکانی ئەو شەڕە دوور بخاتەوە؟


دیمەش، سوریا
دیمەش، سوریا

شارەزایان دەڵێن سوریا هەوڵدەدات خۆی بە دووربگرێت لە جەنگەکەی غەززە، ئەوەش سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکەی سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کە خرایە پاڵ ئیسڕائیل و بووە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد هەوڵ دەدات هاوسەنگییەکی هەستیار دروست بکات لە نێوان ڕووسیا و ئێراندا کە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا یارمەتی حکومەتەکەی ئەسەددییان دا ئەو ناوچانە بگرێتەوە کە لە شەڕەکەدا لە دەستی دابوون.

هەندێک لە گروپە چەکدارییەکانی ناو سوریا بەشێکن لە بەرەی بەرهەڵستکاران، بەرەکە هاوپەیمانییەکی نێوان ئەو گروپە چەکدارییانەیە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و هێرشییان کردووەتە سەر ئیسڕائیلی دوژمنی سەرسەختی ئێران.

بەڵام ڕووسیای هاوپەیمانەکەی دیکەی سوریا پەیوەندییەکی دیبلۆماتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیە و فشاری کردووە بۆ پاراستنی جێگیریی لە باشووری سوریادا کە سنووری بە بەرزاییەکانی گۆلانی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیلەوە هەیە.

دیبلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت چونکە ڕێگە پێدراو نیە لێدوان بۆ میدیاکان بدات، وتی " ئیسڕائیلییەکان ئاشکرا دیارە کە هۆشدارییان داوە بە ئەسەد لەسەر ئەوەی ئەگەر سوریا دژی ئیسڕائیل بەکاربهێندرێت ئەوا ڕژێمەکەی لەناودەبەن."

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا چەندین هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە سوریادا، زۆربەی ئەو هێرشانەش خراونەتە پاڵ ئیسڕائیل، هێرشەکان لە 1 ی مانگی چواردا گەیشتنە لوتکە کاتێک هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و بووە هۆی وێرانبوونی بینای کونسوڵخانەکە و کوژرانی حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران، دووانییان جەنەڕاڵ بوون.

هێرشەکە بووە هۆی ئەوەی ئێران ڕاستەوخۆ بە سەدان موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل. ئەوەش بووە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و مەترسی کەوتنەوەی جەنگێکی بەرفراوانی لە ناوچەکەدا لێکەوتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵا و ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری جەنگەکەی ناو سوریا دەکات بە فرانس پرێسییان ڕاگەیاندووە هێرشەکان بوونە هۆی ئەوەی ئێران بوونە سەربازییەکەی لە باشووری سوریا کەم بکاتەوە، بە تایبەتی لەو ناوچانەدا کە سنوورییان بە بەرزاییەکانی گۆلانەوە هەیە.

کاریگەریی ڕووسیا و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب:

ئەندرۆ تەیلەر، پسپۆڕ لە پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک دەڵێت "ڕووسیا و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب داوایان لە ئەسەد کردووە خۆی بە دووربگرێت لە ململانێکە."

ساڵی ڕابردوو سوریا گەڕایەوە ناو جیهانی عەرەبی، هەوڵی پەیوەندییەکی باشتری داوە لەگەڵ وڵاتە دەوڵەمەندەکانی کەنداودا، ئەوەش بە ئومێدی ئەوەی ئەو وڵاتانە بتوانن یارمەتی بدەن لە دووبارە بونیادنانەوەی وڵاتەکەدا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەر سوریا ڕەنگە ڕێگە بەو جۆرە وەبەرهێنانە نەدەن لە بونیادنانەوەی سوریادا.

لە ساڵی 2018 دا میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریادا دووبارە دامەزراندەوە، هەروەها سەرکردایەتی هەوڵەکانی کردووە بۆ دووبارە یەکخستنەوەی سوریا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا.

وادیارە سوریا ملکەچی داواکانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و ڕووسیا بووە، هەروەها سنوورەکەی لەگەڵ بەرزاییەکانی گۆلاندا سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی چەکدارانی حزبوڵا بە ئارامی ماوەتەوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەوە تەنها 25 هێرشی موشەکی لە سوریاوە دژی بەرزاییەکانی گۆلان ئەنجام دراون، ئیسڕائیل لە ساڵی 1967 بەرزاییەکانی گۆلانی لە سوریا گرت و لە ساڵی 1981 دا لکاندی بە ئیسڕائیلەوە.

تەبلەر وتی " زۆربەی ئەو موشەکانە لە ناوچەی کراوە کەوتوونەتە خوارەوە، لە واشنتن و شوێنەکانی دیکەش ئەوە وەکو کۆدێک دەبیندرێت لەسەر ئەوەی کە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەیەوێت خۆی لە ململانێکەی ناو غەززە بە دووربگرێت."

وتی " ئەسەد هیوادارە عەرەبەکان و ڕۆژئاوا قەرەبووی بکەنەوە لەسەر ئەو دان بە خۆداگرتنەی، ڕووسیاییەکانیش فشار دەخەنە سەریی تاوەکو بەو ڕێگایەدا بڕوات."

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی پێگەیەکی دیکەی لە بەشی سوریا لە گۆلان دامەزراندووە، ئەوەش بە مەبەستی " چاودێریکردنی ئاگربەستەکە و هاندان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان."

لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانی گەورە لە وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەچوون بۆ دەربڕینی هاودەنگی بۆ فەلەستینییەکانی غەززە، شایەتحاڵان دەڵێن لە دیمەشق تەنها ژمارەیەکی کەم خۆپیشاندانییان کردووە.

سوریا پەیوەندییەکی قورسی لەگەڵ گروپی حەماسی فەلەستینییەکاندا هەبووە.

لە ساڵی 2022 دا حەماس و ئەسەد ئاشتبوونەوە، ئەوەش 10 ساڵ دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس کە لە مێژە هاوپەیمانی دیمەشق بوون، پەیوەندییەکانییان لەگەڵ حکومەتی سوریادا پچڕاند. ئەوەش بەهۆی سەرکوتکارییەکانی حکومەتی سوریاوە دژی خۆپیشاندەرە سوننییەکان کە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە سوریادا.

حەماس هەمان فیکری برایەتی موسوڵمانانی هەیە، برایەتی موسوڵمانان گروپێکی سوننی ئیسلامییە کە ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ میسڕ، سوریاش ئەو گروپە بە تیرۆریست دەزانێت.

دیپلۆماتکارەکە وتی " ڕژێمی سوریا ڕقی لە حەماسە و هیچ ئارەزوویەکی نیە پشتیوانی لە برایەتی موسوڵمانان بکات، کە سەرکەوتنی تەنها دەبێتە هۆی پتەوکردنی هاوڕێکانی لە سوریادا."

ساڵی ڕابردوو حەماس ڕایگەیاند پەڕەیەکی نوێ لەگەڵ حکومەتی سوریادا هەڵدەداتەوە، بەڵام ئەسەد پێی وابوو هێشتا " زۆر زووە " بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانییان.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG