Accessibility links

تورکیا لە لێکۆڵینەوەیەکی ' تیرۆردا ' ڕۆژنامەنووسانی لایەنگری کورد دەستگیر دەکات


بەپێی پارێزەر و خاوەن کارەکانییان، ڕۆژی سێشەممە 9 هاووڵاتی تورکیایی کە کار بۆ میدیاکانی لایەنگری کورد دەکەن لە تورکیا دەستگیرکراون، کەسوکاری یەکێک لە دەستگیرکراوەکانیش دەڵێن بە تۆمەتی " چالاکی تیرۆریستی " دەستگیرکراون.

پارێزەرانی دەستەی توێژینەوەکانی میدیا و یاسا، کە ڕێکخراوێکی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە، دەڵێن چوار ژن و پێنج پیاو بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە سێ شاردا دەستگیرکراون، ئیستەنبوڵ و ئەنکەرە و شاری ئورفای باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا.

وتیشییان ئەوانەی دەستگیرکراون لە دەزگا هەواڵییەکانی وەکو دەزگای میزۆپۆتامیا و ڕۆژنامەی یەنی یاسام کارییان کردووە، هەروەها چەندین ڕۆژنامەنووسی دیکەشییان تێدایە.

دەستەی توێژینەوەکانی میدیا و یاسا وتیشی نۆ کەسەکە ڕێگەیان پێنەدراوە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر دەستییان بگات بە پارێزەرەکانییان.

وتی " هیچ ڕوونکردنەوەیەک نەدراوە سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسەکان."

میزۆپۆتامیا وتی یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکانی لە ئەنکەرە لە ماوەی " ئەرکێکی پۆلیسدا لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکراوە."

خزمی یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە پۆلیس چووەتە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسەکە.

وتی خێزانەکانی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە دەستگیرکراون پێیان وتراوە کە دەستگیرکردنەکان " لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا بوون کە لە ساڵی 2022 دا لەسەر چالاکییە تیرۆریستییەکان دەستیپێکردووە."

وتیشی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکراون بەیانی ڕۆژی سێشەممە لە بنکەیەکی پۆلیسی شارەکەدا دەستبەسەر بوون.

ڕێکخراوی ئازادی ڕۆژنامەگەری پەیامنێرانی بێ سنوور وتی " لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات."

لە شوێنەکانی دیکەش، پۆلیسی بەلجیکا ستودیۆکانی کەناڵە کوردییەکانی وەکو کەناڵی ستێرک تی ڤی و میدیا نیوزییان پشکنیوە کە لە بەلجیکاوە پەخش دەکەن، ئەمەش بەپێی کەناڵەکان خۆیان.

ئۆفیسی داواکاری گشتی بەلجیکا لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی سێشەممە وتی پشکنینەکان لە " شەودا " ئەنجام دراون و لەسەر داوای دەسەڵاتی دادوەری فەڕەنسا بوون، کە هەوڵ دەدات " بەڵگەی ئەگەری پشتیوانی دارایی لە تیرۆر بدۆزێتەوە."

سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەرکەکانی پۆلیسەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت پشکنینەکان " هیچ پەیوەندییەکییان " بە دەستگیرکردنەکانەوە نەبووە لە تورکیا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG