Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی چین کۆبووەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە گەشتی بۆ چین کردووە، ڕۆژی هەینی 26ی مانگی چوار لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و شی جینپینگ بە ئەنتۆنی بلینکینی ڕاگەیاند کە پێویستە هەردوو وڵات هاوبەش بن نەک ڕکابەر.

سەرۆکی چین بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی ساڵی ڕابردووی لەگەڵ جۆو بایدن ڕایگەیاند "هەندێک پێشکەوتنی ئەرێنی" هەبووە، بەڵام "هێشتا کێشە هەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێت و بوار هەیە بۆ هەوڵی زیاتر".

شی جەختی لە نیگەرانییەکانی چین کردەوە سەبارەت بەوەی گوایە ئەمەریکا گەشە ئابوورییەکەی چین سەرکوت دەکات و وتی " ئەمە پرسێکی سەرەکییە کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، وەکو یەکەم قۆپچەی کراسەکە کە دەبێت ببەسترێت، ئەوەش لە پێناو ئەوەدا کە پەیوەندییەکەی نێوان چین و ئەمەریکا بە ڕاستی جێگیر ببێت و باش ببێت و بەرەو پێشەوە بڕوات."

وەزیری بەرگری ئەمەریکا جگە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکی چین، لە ماوەی کۆبوونەوەیەکی پێنج کاتژمێر و نیویدا لەگەڵ دیبلۆماتکاری باڵای چین وانگ ییدا نیگەرانییەکانی ئەمەریکای سەبارەت بە پشتیوانییەکانی چین لە سوپای ڕووسیا دەربڕی.

بلینکن لە کۆتایی سەردانەکەیدا ڕۆژی هەینی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " جەختم لە نیگەرانییە جددییەکەمان کردەوە سەبارەت بە دابینکردنی کەلوپەلی سەربازیی لەلایەن چینەوە بۆ بەهێزکردنی جەنگە دڕندە دوژمنکارییەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا."

وتیشی " چین دابینکاری سەرەکی ئامێرەکان و مایکرۆ ئەلیکترۆنی و نایترۆسیلۆلوزە، کە گرنگە بۆ دروستکردنی تەقەمەنی و موشەک و ئەو کەلوپەلانەی دیکە کە مۆسکۆ بەکارییان دەهێنێت بۆ بەهێزکردنی بناغەی پیشەسازییە بەرگرییەکەی."

بلینکن وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە کە ئایا ئەمەریکا سزا بەسەر چیندا دەسەپێنێت بەهۆی پشتیوانییەکانییەوە بۆ ڕووسیا یاخود نا.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئەو جۆرە یارمەتییەی چین بۆ ڕووسیا زیان دەگەیەنێت بە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا، تەنانەت لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکان جێگیر بوونەتەوە. پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە لە ساڵی 2022 دا خراپ بوون دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سەردانی تایوانی کرد، هەروەها دوای ئەوەش کە ئەمەریکا لە ساڵی 2023 دا باڵۆنێکی گومانلێکراوی سیخوڕیی چینی بەسەر ئاسمانی ئەمەریکادا خستە خوارەوە.

چین وتوویەتی چەکی نەداوە بە هیچ لایەنێک، وتیشی " بەرهەمهێنەری قەیرانەکانی ئۆکرانیا نیە و بەشێک نیە لە قەیرانەکانی ئۆکرانیا." بەڵام ئاماژەی بەوە داوە کە بازرگانییە ئاساییەکەی نێوان چین و ڕووسیا نابێت تێکبدرێت یاخود سنووردار بکرێت.

پێشتر وانگ بە بلینکنی ڕاگەیاندبوو" کەشتییە زەبەلاحەکەی "پەیوەندییەکەی نێوان چین و ئەمەریکا جێگیرکراوە، " بەڵام فاکتەرە نەرێنییەکان لە پەیوەندییەکەدا هێشتا لە زیادبوون و دروستبووندان."

وانگ وتیشی ئەمەریکا " ڕێوشوێنی بێ کۆتای گرتووەتەبەر بۆ سەرکوتکردنی ئابووری و بازرگانی و زانست و تەکنەلۆجیای چین."

وانگ بە بلینکنی وت " پەیوەندییەکە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە تێکدانێک بووەتەوە. مافە ڕەواکانی گەشەی چین بەبێ هۆکار سەرکوتکراون و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانیشمان ڕووبەڕووی ئاڵنگاری بوونەتەوە."

یارمەتی بەرگریی بۆ تایوان:

چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە بلینکن بگاتە چین، سەرۆک بایدن پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە 8 ملیار دۆلاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە گەورە سەربازییەکەی چین تەرخان کردووە، هەروەها ملیاران دۆلاریش بۆ یارمەتیدانی بەرگری تایوان و 61 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا تەرخان کردووە.

وانگ وتی ئەمەریکا دەبێت چیتر " هێڵە سوورەکانی " سەروەریی و ئاسایش و گەشەکردنەکانی چین نەبەزێنێت، ئەوەش وەکو ئاماژەیەکی دیار بۆ تایوان و ناکۆکییەکان لە دەریای باشووری چین. چین تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و تایوانیش دەسەڵاتی چین بەسەر دوورگەکەدا ڕەت دەکاتەوە.

ئەو بابەتانەی دیکە کە لە ماوەی گفتوگۆکانی بلینکندا لەگەڵ بەرپرسانی چیندا باس کراون بریتی بوون لە زیرەکی دەستکرد و هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ سنووردارکردنی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە چین دابینییان دەکات و بەکاردێن بۆ دروستکردنی دەرمانی فینتانیڵ.

بلینکن و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا سەنگییان خستووەتە سەر هەوڵەکانی هاریکاریکردن لەگەڵ چین دژی دەرمانە هۆشبەرەکان، بلینکن لەگەڵ وەزیری ئاسایشی گشتی چینیشدا کۆبووەوە و تاوتوێی پرسی فینتانیڵییان کرد.

بلینکن لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی چین بەرەوپێشچوونێکی کردووە لەسەر ئەو پرسە، بەڵام " هێشتا پێویستە کاری زیاتر بکرێت."

بلینکن وتی دوو وڵاتەکە ڕازیش بوون لەسەر ئەنجامدانی یەکەمین گفتوگۆ لەسەر زیرەکی دەستکرد لە هەفتەکانی داهاتوودا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG