Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پاکێجی یارمەتییەکانی بە بڕی 95 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا و ئیسڕائیل و تایوان پەسەند کرد


مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پاکێجی یارمەتییەکانییان بە بڕی 95 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا و ئیسڕائیل و تایوان پەسەند کرد، ئێستا پڕۆژە یاساکە ڕەوانەی ئەنجومەنی سینات دەکرێت و ئەگەر پەسەند بکرێت ئەوا دواتر ڕەوانەی کۆشکی سپی دەکرێت و سەرۆک بایدن پەسەندی دەکات.

پاکێجەکە 61 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە جەنگەکەیدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا، 26 ملیار دۆلاریش بۆ ئیسڕائیل و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتییانی سڤیل لەو ناوچانەدا کە شەڕییان تێدایە تەرخان کراوە، بە غەززەشەوە، 8 ملیار دۆلاری دیکەش بۆ ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک تەرخان کراوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی شەممە وتی " ئەمڕۆ ئەندامانی هەردوو پارتەکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەنگییاندا بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە ئاسایشییە نیشتیمانییەکانمان و ناردنی پەیامێکی بەهێز سەبارەت بە هێزی سەرکردایەتی ئەمەریکا لەسەر تەختەی جیهان. لەم ساتە هەستیارەدا، پێکەوە وەڵامی داوا مێژووییەکەیان دایەوە، پڕۆژە یاسایەکی بەپەلەی ئاسایشی نیشتیمانییان پەسەند کرد کە چەندین مانگە شەڕی بۆ دەکەم."

وتی " داوا لە ئەنجومەنی سینات دەکەم بە پەلە ئەم پاکێجە ڕەوانە بکاتەوە سەر مێزەکەم بۆ ئەوەی بتوانم واژۆی بکەن و بیکەم بە یاسا، دەشتوانین بە خێرایی چەک و کەلوپەلەکان ڕەوانەی ئۆکرانیا بکەین بۆ ئەوەی پێویستییە بەپەلەکانییان لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا بۆ دابین بکەین."
بڕیارە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە دیموکراتەکان زۆرینەن تێیدا هەفتەی داهاتوو دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە بکات و دواتر بینێرێتەوە بۆ سەرۆک بایدن تاوەکو واژۆی بکات و ببێت بە یاسا.

ڕابەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات چەک شومەر وتی " دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی سینات کارەکان تەواو دەکات."

وتی " بۆ هاوڕێکانمان لە ئۆکرانیا و بۆ هاوپەیمانەکانیشمان لە ناتۆ و بۆ هاوپەیمانەکانمان لە ئیسڕائیل و هاووڵاتییانی سڤیل لە سەرانسەری جیهاندا کە پێویستییان بە یارمەتییە: دڵنیا بن ئەمەریکا جارێکی دیکە بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات."

XS
SM
MD
LG