Accessibility links

پاراستنی کۆمپـیوته‌ر له‌ ڤایرۆس و هاککردن


ڤایرۆسی کۆمپـیوته‌ر یه‌کێـکه‌ له‌و فایله‌ زیان به‌خشانه‌ی که‌ ڕۆژانه‌ کێشه‌ بۆ به‌کارهێنه‌رانی کۆمپـیوته‌ر دروسـتده‌کات و به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی شاره‌زایـیه‌کی باشیان له‌ بواری کۆمپـیوته‌ردا نیـیه‌.

بیست سـاڵ له‌مه‌وبه‌ر که‌ هێشتا تۆڕی ئنته‌رنێت نه‌گه‌یشتبووه‌ زۆر شوێنی ئه‌م جیهانه‌، ڤایرۆسه‌کان زیاتر له‌ ڕێگه‌ی فلۆپی دیسک و سی‌دیـیه‌وه‌ بڵاو ده‌بوونه‌وه‌‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئنته‌رنێت بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی نه‌ک ته‌نها ڤایرۆس، به‌ڵـکو وۆرم و ترۆجان و ڕووتکیت‌ که‌ ئه‌مانه‌ هه‌ر هه‌موویان به‌ جۆرێـک زیان به‌ کۆمپـیوته‌ر و زانیاریـیه‌ تایبه‌ته‌کانی خه‌ڵکی ده‌گه‌یه‌نن. بۆیه‌ ده‌بێت ئیمه‌ش لای خۆمانه‌وه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت که‌مێـک زانیاریـیه‌کی سه‌ره‌تایـیمان له‌سه‌ر ئه‌م فایله‌ زیان به‌خشانه‌ هه‌بێت و بزانین چۆن کۆمپـیوته‌ر لێـیان پارێزراو ده‌بێت.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ میوانداری ئه‌م دوو به‌ڕێزه‌مان کردووه‌:

ئاراس نوری، ئەندازیار و پەرەپـێدەری نەرمەواڵە (Software) له‌ ئه‌ڵمانیا، ماستەر لە زانستی کۆمپـیوتەر.

ئه‌ندامی هه‌رسێ کۆمه‌ڵی:
کورد ئای تی گرووپ www.kurditgroup.org
زانستپه‌روه‌رانی کورد www.zkurd.org
چاوگ www.chawg.org
خاوەنی پرۆژەکانی دۆتکورد dotku.org و کۆسک kosc.org

هونه‌ر قادر، ئه‌ندازیاری کۆمپـیوته‌ر و پاراستنی زانیاریـیه‌کان له‌ تۆڕه‌کانی کۆمپـیوته‌ر له‌ ئه‌مه‌ریکا. ماسته‌ر له‌م بواره‌ له‌ زانکۆی جۆرج مه‌یسن له‌ ئه‌مه‌ریکا.

هه‌ردوو شاره‌زا کۆکن له‌سه‌ر گرنگی بوونی دژه‌ ڤایرۆس له‌ کۆمپـیوته‌ره‌کانماندا و به‌رده‌وام نوێ بکرێنه‌وه‌، چونکه‌ ڕۆژانه‌ فایلی زیان به‌خشی نوێ دێته‌ نێو تۆڕی ئنته‌رنێته‌وه‌.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێن به‌ بوونی دژه‌ ڤایرۆس و نوێکردنه‌وه‌ی مانای ئه‌وه‌ نیـیه‌ ئیدی کۆمپـیوته‌ره‌کانمان 100% له‌و فایله‌ زیان به‌خشانه‌ پارێزراو ده‌بن، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ده‌بێت وریا بین کاتێـک ئنته‌رنێت به‌کارده‌هێنین، له‌وانه‌:

  • کلیکی لینکێک نه‌که‌ین که‌ له‌ سه‌رچاوه‌که‌ی دڵنیا نه‌بین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ ئیمه‌یڵی ناسیاوێکیشمان هاتبێت.
  • هه‌ر له‌ خۆمانه‌وه‌ به‌رنامه‌ یان هه‌ر فایلێک له‌سه‌ر ئنته‌رنێت دانه‌به‌زێنین، بۆ نمونه‌ له‌ ماڵپه‌ڕێـکی نه‌ناسراو نووسراوه‌ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ بۆ چاککردنی وێنه‌ زۆر باشه‌، به‌ڵام کاتێـک دایده‌بزێنیته‌ نێو کۆمپـیوته‌ره‌که‌ت ڤایرۆس ده‌رده‌چێت.
  • ئه‌گه‌ر فه‌یسبوکت هه‌یه‌ و که‌سێـک داوایکرد وه‌کو هاوڕێ په‌سه‌ندی بکه‌یت، نه‌یکه‌یت هه‌تا دڵنیا ئه‌بیت ئه‌و که‌سه‌ ساخته‌ نیـیه‌، چونکه‌ زۆر جار به‌ ناو و وێنه‌ی که‌سانی ناسراو هه‌وڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی فایلی زیان به‌خش ده‌درێت.

پاراستنی کۆمپـیوته‌ر له‌ هاککردن

به‌شێـک له‌و فایله‌ زیان به‌خشانه‌ بۆ هاککردنی کۆمپـیوته‌ر به‌کارده‌هێنرێن، واته‌ که‌سێـک له‌ ڕێگه‌ی هێڵی ئنته‌رنێته‌که‌ته‌وه‌ زانیاری له‌ کۆمپـیوته‌ره‌که‌ت ده‌بات. بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ هاککردن به‌رنامه‌کانی دیواری ئاگرین (FireWall) به‌کارده‌هێنرێن. ئه‌م به‌رنامانه‌ وه‌کو خاڵێـکی پشـکنین له‌ کۆمپـیوته‌ردا کارده‌کات. داتای دۆست و دوژمن له‌ یه‌ک جیاده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م به‌رنامانه‌ش وه‌کو دژه‌ ڤایرۆس وان 100% کۆمپـیوته‌ر ناپارێزن. بۆیه‌ باشتر وایه‌ ئه‌گه‌ر کۆمپـیوته‌رێـک زانیاری زۆر گرنگی تێدابێت هێڵی ئنته‌رنێت لێ نه‌به‌سـترێت یان نه‌خرێته‌ نێو تۆڕێـکی کۆمپـیوته‌ره‌وه‌.

پاراستنی ڕاوته‌ر (Router)

ڕاوته‌ر ئه‌و ئامێره‌یه‌ که‌ له‌ هێڵی ئنته‌رنێت ده‌به‌سترێت چ له‌ ماڵ یان شوێنی کار تاوه‌کو به‌ شێوه‌یه‌کی بێ ته‌لی ئنته‌رنێت به‌ لاپـتۆپ و مۆبایل و ئامێره‌کانی دیکه‌ بدات. زۆر گرنگه‌ ئه‌م ئامێره‌ وشه‌ی نهێنی (Password) له‌سه‌ربێت. بۆچی؟

  • ئه‌گه‌ر له‌سه‌ری نه‌بێت، شیانی هه‌یه‌ خه‌ڵکی دیکه‌ به‌کاریبهێنن و به‌وه‌ش ئنته‌رنێته‌که‌ت خاو ده‌بێته‌وه‌.
  • ڕه‌نگه‌ تاوانی پـێبکرێت و خاوه‌ن ئنته‌رنێت و ڕاوته‌ره‌که‌ش تووشی کێشه‌ ببێت، چونکه‌ هه‌موو هێڵێـکی ئنته‌رنێت ژماره‌ی خۆی هه‌یه‌ که‌ به‌ ip address ناسراوه‌، واته‌ وه‌کو چۆن ئۆتۆمبیل ژماره‌ی هه‌یه‌ وه‌هاش ئنته‌رنێتی هه‌ر شوێنێـک ژماره‌یه‌کی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر سه‌رپـێچی پـێبکرێت ڕه‌نگه‌ خاوه‌نه‌که‌ی ڕووبه‌ڕووی لێپـێـچینه‌وه‌ی یاسایی ببێت ئه‌گه‌ر‌ که‌سه‌ تاوانکاره‌که‌ به‌ ماک ئه‌درێسی MAC address ئامێره‌که‌ی ئاشکرا نه‌کرێت، چونکه‌ هه‌موو کۆمپـیوته‌رێـک و مۆبایلێـک ماک ئه‌درێسی خۆی هه‌یه‌ و کاتێـک له‌ ڕێگه‌ی ڕاوته‌رێکه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئنته‌رنێت ده‌کات ژماره‌ی ماک ئه‌درێسه‌که‌ی له‌ ناو ڕاوته‌رکه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕۆژ و کاتی په‌یوه‌ندیـیه‌که‌ی.
  • بوار به‌ هاککردن ده‌دات. ئه‌و کۆمپـیوته‌ر و مۆبایلانه‌ی له‌ نێو تۆڕی ڕاوته‌رێـکدا کارده‌که‌ن بوار ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی ڕاوته‌ره‌که‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌کتر بکه‌ن و ده‌توانن فایل له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ئاڵوگۆڕبکه‌ن.

بۆیه‌ باشتره‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ‌ که‌سانی شاره‌زا بکرێت بۆ دانانی ڕاوته‌ر و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وشه‌ نهێنیـیه‌که‌ هه‌ر به‌ نهێنی بهێڵرێته‌وه‌.

وشه‌ی نهێنی (Password)

گرنگه‌ له‌ په‌راوێزی ئه‌م بابه‌ته‌ باسی وشه‌ی نهێنیش بکه‌ین، چونکه‌ زۆر که‌س هه‌ن وشه‌ی نهێنی ئاسان داده‌نێن تاوه‌کو له‌ بیریان نه‌چێته‌وه‌، بۆ نمونه‌ ده‌چن ژماره‌ ته‌له‌فون یان ناوی منداڵه‌کانیان ده‌که‌ن به‌ وشه‌ی نهێنی، ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات زۆر به‌ ئاسانی له‌ لایه‌ن خه‌ڵـکیـیه‌وه‌ بدۆزرێته‌وه‌، بۆیه‌ باشتره‌ وشه‌ی نهێنی له‌ چه‌ند پـیتێک و ژماره‌یه‌ک و هێمایه‌ک پـێـکبهێنرێت، بۆ نمونه‌ (QHtb9401@_&).

پـرسیاری نهێنی

زۆر له‌و کۆمپانیایانه‌ی خزمه‌تگوزاری ئیمه‌یڵیان هه‌یه‌ وه‌کو یاهو و جی‌مه‌یڵ، له‌ کاتی دانانی وشه‌ی نهێنی کۆمه‌ڵێـک پـرسیار ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م ئه‌و که‌سه‌ی ده‌یه‌وێت حسابێـکی ئیمه‌یڵ بکاته‌وه‌ و ده‌ڵێت دووانیان هه‌ڵبژێره‌ و وه‌ڵامیان بده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ڕۆژێـک وشه‌ نهێنیه‌که‌ی له‌بیرچۆوه‌ هه‌مان ئه‌و پـرسیارانه‌ی لێ بکات، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌کانی ڕاستبوون، ئه‌وا ئیمه‌یڵه‌که‌ی بۆ ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت وشه‌یه‌کی نهێنی نوێ دابنێ. ئه‌مه‌ش مه‌ترسی هه‌یه‌ به‌ ئاسانی له‌ لایه‌ن که‌سانی ناسیاوه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پـرسیارانه‌ بدۆزرێنه‌وه‌، بۆ نمونه‌ یه‌ک له‌ پـرسیاره‌کان ده‌ڵێت یه‌که‌م کارت چی بوو؟ یان خوێندنی ئاماده‌ییت له‌ کوێ ته‌واو کردووه‌؟، وه‌ڵامی ئه‌م پـرسیارانه‌ زۆر که‌س ده‌یزانن به‌ تایبه‌تی له‌ کۆمه‌ڵگای کوردیدا. بۆ ئه‌مه‌ش‌ باشتر وایه‌ جۆره‌ پـرسیارێـک هه‌ڵبـبژێردرێن که‌ دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌که‌ی له‌ لایه‌ن که‌سانی دیکه‌وه‌ قورس بێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:20:23 0:00

XS
SM
MD
LG