ده‌کرێت بگوترێت به‌دبه‌خت ترین و سته‌ملێکراوترین پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م سه‌روه‌خته (قادر که‌ریمی) پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بێت کاتێک ده‌خوازێت له‌شه‌ڕی دژی کۆماری ئیسلامی یان له شه‌ڕی دژی تێرۆریستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا خوێنی بڕژێت، به‌ڵام به ده‌ستی کورد خۆی کۆتایی به ژیانی ده‌هێنرێت.
هێشتاش ژانی برینه‌کانی شه‌ڕه ناوخۆییه‌کانی کورد و کورد هه‌ر به‌سوێن و ده‌کولێنه‌وه، که‌چی ناو به‌ناو وه‌ک ڕووداوه‌که‌ی کێله شین له نێوان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستاندا له ده‌رگای یه‌ک به یه‌کی ماڵی کورد ده‌دات و ترس و نیگه‌رانیه‌کی زۆریشی هێناوه‌ته ئاراوه له ده‌می ئه‌گه‌ره‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م ڕه‌وشه‌دا.
وه‌ک سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن کۆبوونه‌وه‌کان له نێوان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستاندا له دوێنێوه ده‌ستیپێکردووه.
میوانه‌کانی به‌رنامه:
عه‌لی که‌ریمی، نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر
تاهیر خالیدی، نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر
هه‌رچه‌نده گۆڕانکاریه‌کی زۆر له ناوچه‌که‌دا به‌ڕێوه‌یه وه‌ک شیکه‌ره‌وه به‌رده‌وام ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن به‌ڵام ئه‌م رووداوه‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه خه‌ڵکی کوردی دووچاری واقوڕمان کرد له کاتێکدا هیچ لایه‌نێک نییه له به‌شه جیاوازه‌کانی کوردستاندا جه‌خت له یه‌کڕیزی و هاو هه‌ڵوێستی له نێو ماڵی کورددا نه‌کاته‌وه.
زۆر بارێکی ئاساییه جیاوازی زۆر هه‌بن له نێوان لایه‌نه سیاسیه‌کاندا به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌موو سنورێکی ئاسایی ده‌رده‌چێت ئه‌وه‌یه کاتێک په‌نا ده‌برێته به‌ر چه‌ک بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ئه‌و جیاوازیانه.
ڕاستیه‌کی تاڵه کاتێک ده‌گوترێت مه‌خابن له ته‌واوی ئه‌و ناکۆکی و شه‌ڕه ناوخۆییانه‌ی ڕوویانداوه هه‌میشه ده‌ستی ده‌ره‌کی هێنده‌ی کورت بینی لایه‌نه سیاسیه‌کان به‌رامبه‌ر به ئاینده ڕۆڵی خۆی بینیوه.
پرسیارگه‌ل ئێجگار زۆرن له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه، له‌وانه؛
بۆ له‌م کاته‌دا کێشه‌کان ده‌گه‌نه ترۆپک و هیچ ڕێگه چاره‌یه‌ک نامێنێت بێ له به‌کارهێنانی چه‌ک؟
بۆ هه‌ندێک له میدیاکان و تۆڕه‌کانی سۆشیال میدیا پڕ بوون له نوسینی وروژێنه‌ر و هانده‌ر بۆ په‌ره‌سه‌ندن و خۆشکردنی ئاگری ئه‌م شه‌ڕه؟ ئایا ئه‌مانه هه‌وڵدان نین بۆ فه‌رامۆشکردنی ڕووداوه‌که و به‌گرنگ وه‌رگرتنی په‌راوێزه‌کانی؟
ئایا پارتی کرێکارانی کوردستان ئاماده‌یه داوای لێبوردن له گه‌لی کورد بکات له به‌رامبه‌ر خوێنی پێشمه‌رگه‌یه‌کی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران؟
ئایا کاتێک دوو لایه‌نی سیاسی به‌شه‌ڕ دێن، مه‌رجه تاکه‌کانیش هه‌ر یه‌ک له جێی خۆیه‌وه ببێته جه‌نگاوه‌ر؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش له به‌رنامه‌ی ( له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا) یه: