سەرچاوەکانی هەواڵ لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن پەرلەمانی هەرێم هەوڵەکانی خۆی بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆکی هەرێم ڕادەگرێت.
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت هەوڵەکان ڕانەگیراون بەڵام بۆ ئەوەیە کە پەرلەمان دانیشتنی ئاسایی خۆی بکات و 56 دەنگی پێویست هەبێت و هەروەهاش لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بگەنە سازان.
بەڕێز حەمە ساڵح دەشڵێت ئەوەی کە ژمارەیەک لە ئەندامانی یەکگرتووی ئیسلامی بەشداریان لە دانیشتنە نا ئاساییەکەی ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوودا نەکرد و دۆسێیەکی ناوخۆیی یەکگرتووە و زانراویشە لەناو سەرکردایەتی و پەرلەمانتارەکانی یەکگرتوودا ڕای جیاواز هەن و دەشڵێت نامانەوێت گوتارێکی خراپمان هەبێت بەرامبەر یەکگرتووی ئیسلامی چونکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە بەرەی ئۆپزسیۆندا و ئەمانەش بێ لەوەی تا ئێستاش (کاتی ئەم وتووێژە) یەکگرتووی ئیسلامی وەک لایەنێکی سیاسی پڕۆژەی خۆی ڕەت نەکردۆتەوە بەڵام هەندێک لە ئەندامانی یەکگرتوو پێیان باشە لایەنەکان بگەنە سازان.
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵین ساڵح، ئەم ئەندام پەرلەمانەی هەرێم ئاماژەش بەوە دەکات کە چوار لایەنی سیاسی (گۆڕان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی) سورن لەسەر پڕۆژەکانیان بۆ جێگیر کردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەماندا.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: