لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا پێکدادان لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و پاسداران و هێزە نیمچە لەشکرییە خۆجێیەکاندا لە کوردستانی ئێراندا ڕوویداوە.
موستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەڵێت پێکدادانەکە یان پشێویەکە لە ناوچەی ڕەبەت لە نزیک شاری سەردەشت ڕوویداوە، کاتێک پێسمەرگەکانی دیموکرات بۆ چالاکی سیاسی لەو ناوچەیە بوون و هێزی پاسدار و هێزی تریش بۆیان دەچن و دەبێتە شەڕ و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەرگری لە خۆیان دەکەن و دەشڵێت "خۆشبەختانە لەو شەڕەدا حیزبی دیموکراتی کوردستان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
بەڕێز شەڵماشی دەڵێت بەپێی ئەو دەنگۆیانەی هەن کە بە زانیاری ورد ناودێریان ناکات، ژمارەیەک لە پاسداران و هێزەکانی تری لەگەڵ پاسداراندا بوون کوژراو و بریندارن.
ئەم ئەندامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان باسیش لەوە دەکات کە ئێستا لەناوخۆی ڕۆژهەلاتی کوردستاندا ژمارەیەکی زۆری لاوان خۆیان ڕێکخستووە لە چوارچێوەی پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، وەک دەڵێت لایەنگری حیزبی دیموکراتی کوردستانن بەڵام ڕاستەوخۆ لەگەڵ حیزبدا نین و جۆرە ئەرکێکیان بۆخۆیان داناوە بۆ نمونە لە جێگایەک گەر پێویست بێت دەردەکەون و لەو بارانەشدا جاری وەها هەیە شەڕیش ڕوودەدەن.
بەڵێن ساڵح وتووێژی لەگەڵ موستەفا شڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: