Accessibility links

ئازاد محه‌مه‌د: د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی نییه‌،ئێستا د.ئاسۆ فه‌ره‌یدوون پارێزگاری شه‌رعیه‌


له‌دوای نوسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری سلێمانی كه‌ تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو كار به‌ نوسراوه‌كانی جێگری پارێزگار ناكات وهك پارێزگار به‌ وه‌كاله‌ت سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی نوسراوه‌كه‌ به‌ یاسایی ناو ده‌بات و سه‌رۆكی لیستی گۆڕانیش له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ نوسراوه‌كه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ و به‌ سیاسی ناوی ده‌بات.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ نوسراوێكدا ڕایگه‌یاند "كه‌ كار به‌ نوسراوه‌كانی سه‌ردار قادر جێگری پارێزگار ناكرێت به‌ وه‌كاله‌ت و تا ئێستاش،(د.ئاسۆ فه‌ره‌یدون)پارێزگاری شه‌رعی سلێمانیه‌."

ئازاد محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌ میانی لێدوانێكیدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند:له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ مه‌رجه‌عی پارێزگاری سلێمانیه‌ بۆیه‌ مادام دان به‌ پارێزگاری سلێمانی به‌ وه‌كاله‌ت نانێت كه‌واته‌ جێگری پارێزگاری سلێمانی ناتوانێت به‌ناوی پارێزگار به‌ وه‌كاله‌ت نوسراو بكات.

لای خۆشیه‌وه‌ د.غالب محەمەد ئەندامی لیستی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ڕایگه‌یاند "نوسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ یاسایی نیه‌ و مه‌به‌ستی سیاسی هه‌یه‌ به‌ پێی یاسای ژماره‌ ٣ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا مافی دیاری كردنی پارێزگاری هه‌یه‌ نه‌ك كه‌سێكی ته‌عین كراو كه‌ وه‌زیره‌،له‌ كاتێكدا ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێراوی خه‌ڵكه‌ و ئێشتا د.هه‌ڤاڵ ئه‌بو به‌كر پارێزگاری شه‌رعی سلێمانیه.‌"

ڕۆژی ٢٥-٨-٢٠١٦ به‌پێی ڕێكه‌وتنێكی سیاسی پێش وه‌خته‌ی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پۆستی پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ئاڵوگۆڕكرا،هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی هه‌مان ڕێكه‌وتن و له‌ هه‌مانكاتدا پۆسته‌كان ئاڵۆگۆڕ كران به‌ڵام سه‌رۆكی ئێستای ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی(كه‌ له‌ پشكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان)ه‌ ده‌ڵێت هەتا ئێستا د.ئاسۆ فه‌ره‌یدون پارێزگاری شه‌رعی سلێمانیه‌ چونكه‌ له‌ ناو ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵبژێردروه‌ و داوای به‌خشینی كردووه‌ به‌ڵام تا ئێستا له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌خشینی بۆ ده‌رنه‌كراوه‌ ،جگه‌ له‌وه‌ی كاروباره یاسایی و ئیدارییه‌كانی بوون به‌ پارێزگاری سلێمانی ته‌واو نه‌بووه‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ئه‌و دۆسیه‌یه‌ خه‌وێندراوە. سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی"د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی نییه‌. له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ی پێشتر باسم كرد."

ناوبراو گوتیشی " دکتۆر ئاسۆ فه‌ره‌یدوون تا ئه‌وكاته‌ی مه‌رسومی به‌خشین له‌ پۆسته‌كه‌ی بۆ ده‌رده‌چه‌ت هه‌ر پارێزگاره‌ و د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كریش تا مه‌رسومی ده‌ستبه‌كاربونی وه‌ك پارێزگار له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌رنه‌چێت نابێته‌ پارێزگار،سه‌ردار قادریش له‌به‌ر نوسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ناتوانێت به‌ناوی پارێزگار به‌ وه‌كاله‌ت نوسراو ده‌ربكات."

له‌باره‌ی یاسایی بونی پۆسته‌كه‌ی خۆی،وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌ له‌ هه‌مان كاتی دیاریكردنی پارێزگاری سلێمانی وه‌ری گرت،ئازاد محه‌مه‌د گوتی " ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵبژێراوی خه‌ڵكه‌ و ڕاسته‌وخۆ من له‌ ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراوم و مه‌رجه‌عی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن خوی ئه‌نجومه‌نه‌ كه‌ ئه‌و متمانه‌یه‌یان به‌ من دا."

ده‌نگی ئه‌مەریكا په‌یوه‌ندی كرد به‌ سه‌ردار قادر جێگری پارێزگاری سلێمانی به‌ڵام ناوبراو ئاماده‌ نه‌بوو هیچ قسیه‌ك بكات،به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی نوسراوه‌كه‌ی به‌ فه‌رمی پێنه‌گه‌یشتووه‌.

بەشێک لە وتەکانی سەرۆکی ئەنجومەن لەم ڕاپۆرتە دەنگیەدا بەکار هاتووە.

دەقی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرمان ژیار محەمەد

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:12 0:00

XS
SM
MD
LG