كێشه ناوخۆییه‌كانی ناو یه‌كێتی و دروستبونی ناوه‌ندی بڕيار ڕێگرن له جێبه‌جێكردنی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی.
دکتۆر شۆڕش حاجی گوته‌بێژی فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مەریكا باس له‌چه‌ند ته‌وه‌رێك ده‌كات.
د.شۆڕش حاجی له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ده‌ڵێت "حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و حیزبه‌كانی تریش گه‌یشتونه‌ته قۆناغێك كه به‌ڕاستی نازانن چی بكه‌ن، به‌تایبه‌ت هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌تایبه‌ت پارتی دیموكرارتی كوردستان له دوای ١٢ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه كه‌شو هه‌وایه‌كیان هێناوه‌ته ئاراوه كه خۆشیان نازانن چۆن لێی ده‌رباز بن."
مانگی ڕابردوو پارتی دیموكراتی كوردستان به شاندێكی باڵا سه‌ردانی لایه‌نه‌سیاسیه‌كانی كرد و به پێی وته‌ی د.شۆڕش حاجی شانده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان پێشنیازی گۆڕینی سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان پێبووه.
دکتۆر حاجی دەڵێت "ئێمه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باسی گۆڕینی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیشیان ده‌كرد هه‌ر پێشوازیمان له وه‌فدی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد."
سه‌باره‌ت به ئه‌نجامی کۆبونەوەکانیش گوتی "ئێمه ئێستا چاوه‌ڕێی وه‌فدی پارتین ئه‌گه‌ر پارتی و كاك مه‌سعود له ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی خۆیان په‌شیمان نه‌بوبێتنه‌وه ئه‌وا ده‌بێت له‌خولی دووهه‌می دانوستانه‌كاندا بڵێن په‌یامه‌كه‌ی كاك مه‌سعود بۆ گۆڕینی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه به‌و شێوه‌یه ده‌مانه‌وێت جێ به‌جێ بكرێت."
هه‌روه‌ها گوتیشی" كاتی هاتنه‌وه‌ی وه‌فده‌كه دیار نییه ئه‌وه هه‌ر له‌میدیاكانه‌وه ده‌بینین كه جارێك ده‌ڵێن كاك مه‌سعود له ده‌ره‌وه‌یه جارێكیش ده‌ڵێن مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ده‌ره‌وه‌یه."
وته‌بێژی فه‌رمی گۆڕان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه پێده‌چێت پارتی دیموكراتی كوردستان له پێشنیاره‌كانی خۆیان په‌شیمان بوبێتنه‌وه "ده‌ركه‌وت كه‌سه‌رۆكی پارتیش كاك مه‌سعود و پارتیش له په‌یامه‌كه‌ی خۆشیان په‌شیمان بونه‌ته‌وه له‌جیاتی باسكردن له سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه ئێستا به‌ته‌نها ده‌ستیان كردووه به‌گۆڕین و باسكردن له سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان،كه‌واته ئه‌گه‌ر له‌ژێر هه‌ر فشارێكدا بوبێت و بۆ په‌رده‌پۆشكردنی هه‌ر شتێكی تر بێت ئێستا لێی په‌شیمان بونه‌ته‌وه."
له‌باره‌ی ڕێكکە‌وتنه‌كه‌ی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیشەوە شۆڕش حاجی وته‌بێژی فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایگەیاند" هەتا ئێستا ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی جێ به‌جێ نه‌كراوه و به‌شێكی په‌یوه‌ندی به كێشه‌و ململانێ نێوخۆییه‌كانی یه‌كێتیه‌وه هه‌یه به‌شێكیشی په‌یوه‌ندی به دروست بونی ناوه‌ندی بڕیاره‌وه هه‌یه له‌ناو یه‌كێتیدا."
گوتیشی "ئێمه پێشتر به هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی یه‌كێتی باڵی ناوه‌ندی بڕیار و ئه‌و باڵه‌ی به زۆرینه ناوده‌برێت وتوه كه به‌یه‌ك مه‌سافه له‌هه‌ردولاتان نزیك و دورین به‌ڵام له ئێستادا له‌ناو هه‌ردوو باڵه‌كه‌دا وه‌ك ئه‌شخاس هه‌ن كه پشتگیری له ڕێكکه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و گۆڕاندان و هه‌ندێكیش له‌گه‌ڵ ڕێكه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتین،به‌شێوازی جاران كه فیفتی فیتیه بۆ دابه‌شكردنی پۆست و ئیمتیازاتی كوردستان له نێوان پارتی و یه‌كێتیدا."
هاوکات ڕه‌خنه‌شی له سیاسه‌ته‌كانی ئێستای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان گرت و گوتی "من پێم وایه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێستای یه‌كێتی كه له دیوێكیدا ده‌ڵێت ئێمه ڕێكکه‌وتنی ستراتیژیمان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یه و گه‌شه‌ی پێده‌ده‌ین له‌دیوێكی تریشدا ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ ڕێكه‌وتنی گۆڕان و یه‌كێتین ئه‌مه زیانی له یه‌كێتی داوه ، وه به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ش زیانی له كۆی پڕۆسه‌ی سیاسی و خه‌ڵك به گشتی داوه ، وه پێم وایه ده‌بێت مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌فه‌رمی هه‌ڵوێستی هه‌بێت و بڕیار بدات ئایا له‌گه‌ڵ ڕێكه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕانه كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه یان ده‌یانه‌وێت وه‌كو جاران فیفتی به فیفتی بچن له‌گه‌ڵ پارتی ڕێك بكه‌ون؟
له‌باره‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتییه‌وه،د.شۆڕش حاجی گوتی " جارێ باسكردن له یه‌كگرتنه‌وه ده‌سته‌واژه‌یه‌كی خراپه ،چونكه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شێك نییه له‌یه‌كێتی و له‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش ئینشقاقی نه‌كردوه،ڕاسته هه‌ندێك له‌و براده‌رانه‌ی ئێستا سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانن یاخود بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان پێكهێناوه پێشتر له ناو یه‌كێتیدا بوون به‌ڵام خه‌ڵكی تریش هه‌یه له‌ناو گۆڕان كه هیچ پاشخانێكی سیاسی نه‌بووه پێشتر بۆیه ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه هه‌ڵه‌یه وه قۆناغی یه‌كگرتنه‌وه قۆناغێكی زۆر له‌دوای ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌یه واتا ئێمه باس له‌یه‌كگرتن ناكه‌ین چونكه یه‌كگرتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان یان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌رلایه‌نێكی سیاسی ده‌بێت پێشتر به‌رنامه‌ی سیاسی ڕێكبخرێت."
وته‌بێژی فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه مه‌سه‌له‌ی یه‌كگرتنه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی لای ئه‌وان(بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان) نه بڕیاره نه پێشنیاره گوتیشی "ئێمه له‌گه‌ڵ جێبه‌جێ كردنی ناوه‌ڕۆكی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان گۆڕان و یه‌كێتیداین."
د.شۆڕش حاجی ئه‌وه‌شی گوت " ئێستا ئه‌وه‌ش نه‌ماوه بڵێن گۆڕان له‌ناوه‌ندی بڕیار نزیكتره یان كێ ؟چونكه له‌هه‌ردولا خه‌ڵك هه‌یه كه له‌گه‌ڵ جێبه‌جێ كردنی ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ی گۆڕان و یه‌كێتین و له‌هه‌ردولاش خه‌ڵك هه‌ن كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن بچن له‌گه‌ڵ پارتی ڕێك بكه‌ونه‌وه وه‌ك جاران."
سه‌باره‌ت به دوابڕیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ كشانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی له حكومه‌تی هه‌رێم، وته‌بێژی فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت" ئه‌م بڕیاره په‌یوه‌ندی به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه هه‌یه ، ئێمه له حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات نه‌ماوین و به‌رپرسیارێتی شكست و سیاسه‌ته چه‌وته‌كانی ده‌سه‌ڵات ناكه‌ین."
کاتێک پرسیاری سەبارەت بە گەڕانەویە نەوشیروان مستەفا لێ‌کرا بەڕیز حاجی گوتی "من ئاگاداری كاتێكی دیاری كرا‌و نیم بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كاك نه‌وشیروان مسته‌فا،به‌ڵام كاك نه‌وشیروان بۆ چاره‌سه‌ری پزیشكی چۆته ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئێستا له‌ژێر چاودێری پزیشكدایه،وه ته‌ندروستیشی باشه ،ئێمه كاك نه‌وشیروان له‌ناو خۆماندا ناومان ناوه غائیبی حازر چونكه ئێستا له سایه‌ی ته‌كنه‌لۆژیاوه به‌رده‌وام و ڕۆژانه ئاگاداری دۆخی سیاسیه و چاودێری ده‌كات وه كاك نه‌وشیروان له‌بریاره‌كاندا له‌گه‌ڵ ڕای زۆرینەیە و ئاگای له بڕیاره‌كانی جڤاتی نیشتمانیه و ئێمه ڕۆژانه په‌یوه‌ندی پێوه ده‌كه‌ین."
دەقی وتووێژەکەی ژیار محەمەد پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ شۆڕشی حاجی