Accessibility links

سەرۆک بایدن دەڵێت هەر جوڵەیەکی ڕووسیا بۆ ناو ئۆکرانیا بە داگیرکردن هەژماردەکرێت


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ڕوونی کردۆتەوە بۆ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن هەر جوڵەیەکی ڕوسیا بۆ ناو ئۆکرانیا وەکو داگیرکردن هەژماردەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا وتی هاوپەیمانان دابەشبوون لەسەر چۆنێتی وەڵامدانەوەی ڕوسیا لەحاڵەتێکدا ئەگەر " هێرشێکی بچووک " بکاتە سەر ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " زۆر ڕوون بووم لەگەڵ سەرۆک پوتندا، بەتەواوەتی تێگەیشتووە. ئەگەر هەر یەکەیەکی ڕوسی سنووری ئۆکرانیا ببەزێنێت وەکو داگیرکردن هەژماردەکرێت."

بایدن وتی داگیرکردنی ئۆکرانیا دەبێتە هۆی ئەوەی ڕوسیا ڕووبەڕووی " وەڵامێکی توند ببێتەوە، لەڕووی ئابووریشەوە، وەکو ئەوەی چۆن بە وردەکارییەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا باسمان لێوە کردووە و بەڕوونیش بە سەرۆک پوتن وتراوە."

وتیشی " بەڵام هیچ گومانێک نیە، هیچ گومانێک لەوەدا نیە ئەگەر پوتن ئەم بژاردەیە هەڵبژێرێت ئەوا ڕوسیا باجێکی گەورە دەدات."

ڕوسیا دەیان هەزاران سەربازی لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوە دەترسن مۆسکۆ پلانی هێرشێکی دیکەی هەبێت بۆ سەر ئۆکرانیا، کە لە ساڵی 2014 دا دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای داگیرکرد. مۆسکۆش ئەو جۆرە پلانانە ڕەت دەکاتەوە.

بایدن وتیشی واشنتن چاودێری سیناریۆکانی دیکەش دەکات.

وتی " ڕوسیا مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە بەکارهێنانی کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دیکە لەجیاتی بەکارهێنانی ئاشکرای هێزە سەربازییەکەی بۆ ئەنجامدانی دوژمنکاری. لەوانەش بەکارهێنانی ڕێکخراوە نیمچە سەربازییەکانەوە کە سەر بە سوپای وڵاتەکە نین، هەروەها ئەنجامدانی کارەکان لەلایەن ئەو سەربازە ڕوسیانەوە کە جلوبەرگی سەربازیی ڕوسییان نەپۆشیوە."

بایدن وتی لەو کارە نادیارانەی کە مۆسکۆ لەوانەیە ئەنجامیان بدات هێرشی ئەلیکترۆنیە.

بایدن وتی " دەبێت ئامادە بین بۆ وەڵامدانەوەی سەرجەم ئەمانە بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە و یەکگرتوو، بەو ئامڕازانەی کە هەمانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG