Accessibility links

دكتۆر شێركۆ كرمانج: دیراسات له‌سه‌ر كورد له‌ ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا داگیركراوه‌


له‌ دنیادا هه‌وڵی تاك به‌ هێندی هه‌وڵی گروپ كاریگه‌ری هه‌بووه‌ و به ‌هێندی ئه‌ویش له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌كانه‌وه‌ گرنگی پێ دراوه‌، دواجار په‌رتوكه‌كه‌ی دكتۆر شێركۆ كرمانج كه‌ مامۆستای زانكۆیه‌ له‌ شاریقه ‌و سه‌رۆكی به‌شی په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌‌ له‌و زانكۆیه‌. له‌ لایه‌ن گوگڵ سكۆله‌ره‌وه،‌ وه‌ك یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مانه‌ ناوزه‌ندی كردووه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ١٠٠ توێژه‌ره‌ و ئه‌كادیمیستی جیهانه‌وه،‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌ به‌كارهاتووه‌. په‌رتوكه‌كه‌شی له‌ ژێر ناوی Identity And Nation in Iraq شوناس و نه‌ته‌وه‌ له‌ عێراقدا.

له‌ به‌رنامه‌ی ئەم هەفتەیەی تیرێژ میوانداری به‌ڕێز دكتۆر شێركۆ كرمانج دەکەین كه‌ جگه‌ له‌ گرنگی هه‌بوونی نوسه‌ری كورد به‌ زوبانی ئینگلیزی یان هه‌ر زمانێكی تر و گه‌یاندنی دیدی كورد له‌ خه‌ڵكی كورده‌وه‌ بۆ دنیای ده‌ره‌وه‌، باس له‌ كه‌م و كورتیه‌كانی ڕۆڵی حكومه‌تی هه‌رێم كراوه‌،‌ سه‌باره‌ت به‌و هه‌وڵانه‌. هه‌روه‌ها له‌ به‌رنامه‌كه‌دا باس له‌ په‌یوه‌ندی حزبه‌ ‌كوردییه‌كان كراوه‌ به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ كه‌ زیاتر ده‌‌چێته‌ چ ڕێكار‌ێكی دیپلۆماسیه‌وه‌.

ئه‌م نوسه‌ره‌ی كورد باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئاساییه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی له‌ پشت هه‌ر كوردێكه‌وه‌ بێت، به‌ تایبه‌تی هه‌وڵه‌ تاكه‌ كه‌سییەکان یاخود ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌م دواییه‌ی گروپێك كه‌ زوبانی سۆرانیان خستووه‌ته‌ نێو به‌شی وه‌رگێڕانی گوگڵه‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ دكتۆر شێركۆ ده‌ڵێت ''من بۆ خۆم له‌م سات و وه‌خته‌ كه‌ حكومه‌ت خۆی گیرۆده‌ی خراپی ڕه‌وشی ئابوریه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێناكه‌م. ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ش كه‌ هه‌وڵی تاكه كه‌سه‌،‌ تا ئێستا له‌ لایه‌نی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ مایه‌ی گرنگی پێ دان نه‌بووه‌ و به‌رده‌وام كه‌م دیده‌ كراوه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لاوازی ئه‌قڵی به‌ڕێوه‌بردن."

دكتۆر شێركۆ كه‌ ئێستا وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ توێژه‌ره‌وه‌یه‌كی دیکە، خه‌ریكی به‌رهه‌مێكی نوسینی تر ده‌بن له‌سه‌ر په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر و چاوه‌ڕوانی ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمیش ناكات. پێشی وایه‌ حه‌ز ده‌كات كه‌ حكومه‌ته‌كه‌مان له‌ پشت هه‌موو پرۆژه‌یه‌كی باشه‌وه‌ بێت ''كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت ده‌ستی له‌ پشتی كه‌سێكه‌وه‌ بێت كه‌ ببێته‌ كۆیله‌ی ئه‌و، ببێت به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و شته‌ بنوسێت كه‌ حكومه‌ت حه‌زی پێیه‌تی یان ئه‌و كاره‌ بكات كه‌ ئه‌وان ده‌یخوازن. گرفته‌كه‌ له‌م تێگه‌یشتنه‌دایه‌، ده‌بێت پشتیوانیه‌كانی بۆ خزمه‌تی پرۆژه‌كه ‌و گه‌لی كوردیش بێت. ئه‌وان تاكو ئێستا له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ نزیك بونه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌هۆڵ لێده‌رن و مه‌دیح كه‌رن، ئه‌وه‌ی كوردی قه‌دیم پێیان ده‌وتن چاوه‌ش."

ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ باس و خواسته‌كانی كورد له‌ دنیای ده‌ره‌وه‌، زۆربه‌ی چاوگه‌كان كه‌ به‌ زمانی بیانی هه‌بن، نوسه‌ره‌كانی یان عه‌ره‌بن یان فارس یان تو‌رك یان ڕۆژئاوایین. به ‌كه‌می نوسه‌ره‌كانی كورد بن كه‌ به‌ لای ئه‌م نوسه‌ره‌وه‌ گرنگ و ماهییه‌تی خۆی هه‌یه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ دكتۆر شێركۆ ده‌ڵێت ''ئێمه‌ كه‌ كوردین و به‌ ئینگلیزی ده‌نوسین، پێویسته‌ دیدی كورد بگه‌یه‌نین، مه‌سه‌له‌كه‌ گه‌یاندنی ده‌نگێكه‌.

دراسات له‌سه‌ر كورد له‌ سه‌د ساڵی ڕابروو داگیركراوه‌، ئینگلیز یان عه‌ره‌ب یان تورك و فارس هاتوون كاریان له‌سه‌ر كورد كردووه‌ به‌ دیدێكی خۆیان گێرانه‌وه‌یان كردووه‌ و نوسیویانه‌. به‌ نموونه‌ به‌رده‌وام له‌ دیدی ئه‌وانه‌وه‌ دروست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی مایه‌ی پارچه‌ بوون و شه‌ڕ و ئاشوبه‌ و كه‌وتنه‌وه‌ی ناسه‌قامگیریه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، له‌ به‌رامبه‌ردا دیدی كورد ته‌واو دیدێكی پێچه‌وانه‌یه‌، به‌ هۆكاری نكوڵی لێكردن و زه‌ودكردنی مافی كورد ئه‌و وڵاتانه‌ به‌رده‌وام له‌ ناسه‌قام گیریدا بووه‌."

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌شدا، ئایا ئه‌و تێزه‌ زاڵه‌ چۆن بشكێنین؟ كه‌ دروست بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی یان قه‌واره‌یه‌ك وه‌ها لێكدانه‌وه‌ی بۆ كراوه‌. له‌و باره‌یه‌وه‌ دكتۆر شێركۆ ده‌ڵێت ''له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژئاوا دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، ئه‌م نه‌خشه‌یه‌یان داناوه‌ و خۆیان به‌ دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و سیستەمه‌ ده‌زانن. ئێمه‌ ده‌بێت له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بین ئه‌م دیده‌ هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه‌. به‌ دنیا بڵێین كه‌ كورد جوداخواز نیه‌، به‌ڵكو سه‌ربه‌خۆ خوازه‌."

له‌ وتوێژەه‌كه‌مان له‌ به‌رنامه‌ی تیرێژ باس له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێم و جیهانی ده‌ره‌وه‌ كراوه‌، پی وایه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وه‌‌ نه‌كراوه‌ وه‌كو په‌یوه‌ندی نێوان دوو ده‌وڵه‌ت، یان په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ولاتاندا، زیاتر په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌ كه‌س و بنه‌ماڵه‌كانه‌. به ‌نموونه‌ په‌یوه‌ندی پارتی و توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان و چوار ده‌وره‌كه‌یه‌تی، نه‌وه‌كو له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ ئێران له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌ كه‌سه‌، نه‌وه‌كو له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت. زیاتر ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ش بۆ مانه‌وه‌ی خۆیانه‌ و حیزبه‌كانیانه‌، نه‌وه‌كو به‌هێز بوونی هه‌رێمه‌كه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:47 0:00

XS
SM
MD
LG