Accessibility links

پەکەکە ڕەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵەوە هەبێت


مەڕاسیمی بەخاک سپاردنی قوربانیانی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ، 14ی یازدەی 2022
مەڕاسیمی بەخاک سپاردنی قوربانیانی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ، 14ی یازدەی 2022

پاش تەقینەوەکەی ڕۆژی دووشەممەی ئەستەنبوڵ تورکیا پەکەکەی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبارکرد کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی بەلایەنی کەم 80 کەسی تر و دەڵێت 47 کەس دەستگیرکراون لە ناویاندا ژنێکی سوریاییش.

پەکەکە ڕەتیکردەوە هیچ ڕۆڵێکی هەبێت لە بۆردومانەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا و دەڵێت خەڵکی مەدەنی ناکەینە ئامانج. ناوەندی پاراستنی گەل لەڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی سێشەممەیدا دەڵێت "گەلەکەمان و رای گشتیی دیموکراتیک دەزانن، کە هیچ پەیوەندییەکمان بەو ڕووداوەوە نییە، ئێمە هاووڵاتیانی مەدەنی ناکەینە ئامانج و چالاکی دژی هاووڵاتیانی مەدەنیش قبوڵ ناکەین. ئێمە بزووتنەوەیەکی وەهاین، کە تێکۆشان و خەباتێکی دادپەروەرانە و ڕەوا بۆ ئازادی بەرێوە دەبەین. ئێمە لە چوارچێوەی ئەو ڕوانگە و دیدەدا دەجوڵێینەوە، کە دەمانەوێت داهاتوویەکی هاوبەش، دیموکراتیک، ئازاد و یەکسان لەگەڵ کۆمەڵگای تورکیا بنیات بنێین. بۆ ئەوەش هەرگیز نابێت، کە هاووڵاتیانی مەدەنی لە خاکی تورکیادا بکرێنە ئامانج."


هێزەکانی سوریای دیموکراتیکی (هەسەدە) دەڵێت هیچ پەیوەندییەکیان بەم هێرشەوە نییە. مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە تویتێکدا دەڵێت "ئێمە رایدەگەیەنین، کە هێزەکانمان هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکەی سەر ئەستەنبوڵەوە نییە و ئێمە ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە، کە لە دژی هێزەکانمان بڵاوکراونەتەوە. لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانیان و گەلی تورکیا دەردەبڕین، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین."


وەزیری ناوخۆی تورکیا سولیەمان سۆیلو ڕایگەیاند پەکەکە و چەکدارانی یەپەگە لە سوریا دەستیان هەبووە لەو تەقینەوەیەدا. تورکیا یەپەگە بە باڵێکی پەکەکە دەزانێت، بەڵام ئەمەریکا یەپەگە بە هاوپەیمانی لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە سوریا دەزانێت.

XS
SM
MD
LG