Accessibility links

دوو زیندانی کورد لە ئێران سزای لەسێدارەدانیان هەڵدوەشێندرێتەوە


بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی ئێران دوو زیندانی کورد کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، سزاکەیان لەلایەن دادگاوە هەڵوەشێندراوەتەوە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئاژانسی دەنگوباسی هرانا ڕایانگەیاندووە کە سزای لەسێدارەدانی شاکر بێهروز بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە لەلایەن لقی یەکی دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشاوەتەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوە بەسەر بڕیارەکە جارێکی تر دۆسێکەی گەڕێندراوەتەوە هەمان دادگای کە حوکمەکەی بەسەردا سەپاندبوو.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو و هرانا لە بەڵگەنامەی هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکەی شاکر بهێروزدا هاتووە لەبەر ئەوەی پاش ئەوەی سێ مانگ ئەندامی حزبی دیموکرات بووە و بە خواستی خۆی گەڕاوەتەوە و خۆی ڕادەستی ئیتڵاعات کردووە ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە لە حزبی دیموکرات کشاوەتەوە. هەروها ئەوەش لەبەرچاو گیراوە کە لە کاتی دەسگیرکردنیدا چەکدار نەنبووە بۆیە ئەم تۆمەتەی لەسەر لابراوە.

شاکر بێهروز خەڵکی گوندی دزەی مەرگەوەڕە کە وەک هەنگاو دەڵێت بۆ ماوەی حەوت مانگ ئەندامی حزبی دیموکرات بووە پاش دەستلەکارکێشانەوەی لەو حزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێڕان و لە 12 ی مانگی سێی ساڵی 2019 لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو پاش زیاتر لە یەک ساڵ لە ئیدارەی ئیتڵاعات ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە کرا. لە مانگی هەشتی ساڵی 2020 لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمییە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندربوو.

لەلایەکی تریشەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند سزای لەسێدارەدانی هونەرمەند سامان یاسین ناسراو بە سامان سەیدی کە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدایە، لە دیوانی باڵای ئێراندا هەڵوەشاوەتەوە.

تۆڕەکە دەڵێت " لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی ئەم زیندانییە سیاسییەی مەحکووم بە ئێعدام، بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانەوە حوکمەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە نێرراوەتەوە بۆ بەردەم دادگای یەکەم کە حوکمەکەی دەرکردووە."

بە پێی سەرچاوەکانی کە لە ڕێی چالاکوانانەوە هەواڵەکانی نێو ئێران بڵاو دەکەنەوە، هونەرمەند سامان یاسین لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە هەفتەی ڕابردوو هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

سامان یاسین ناسراو بە سامان سەیدی کوردێکی خەڵکی کرماشانەو هونەرمەندی ڕاپە. ئەو لە 2 ی مانگی 10 لە میانەی خۆپیشانانە ناڕەزایەتییەکانی تاراندا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیر کرا. سەرەتا برایە زینانی ئێوین. بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵی نێو ئێران ئەو لە 29 ی مانگی 11 پاش ئەوەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی کە بنکەکەی لە لەندەنە، ئێران لە دوای چین لە پلەی دووهەمدایە لە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان و لە ساڵی 2021دا بەلانیکەم 314 کەس لە سێدارە دراون.

XS
SM
MD
LG