Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگە دەکات و داواش دەکات هەولێر و بەغدا پێکەوە کاربکەن


پاش سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لۆید ئۆستن بۆ هەولێر و کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، کۆنگرەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا سەرۆکی هەرێم گوتی هاوڕابوون لە "گرنگی پشتگیری کردن لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و کارکردنی پێکەوەی هاوبەشمان لە ناوچەکە بۆ پاراستنی سەقامگیری."

بارزانی سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە و پشتگیری بەردەوام لە عێراق و هەرێمی کوردستان و گوتی " ئێمە بەرژەوەندی و بەهای هاوبەش لەگەڵ ئەمەریکا کۆمان دەکاتەوە. پێکەوە دەتوانین ئارامی و سەقامگیری عێراق و هاوبەش بپارێزین."

لۆید ئۆستن پاش ئەوەی ئاماژەی بە ئەزموونی چەندین ساڵی کارکردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کرد و باسی ڕۆڵی گرنگی پێشمەرگەی کرد لە شەڕی دژ بە داعشدا و گوتی "لە ڕێگەی هاوپەیمانی جیهانی بۆ شکستپێهێنانی داعش [داعش]، زیاتر لە 50 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەمان لە کابوسی داعش ڕزگارکرد و زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار عێراقیمان ئازاد کرد، جا با دەستخۆشی لەو بەشدارییە گرنگەی پێشمەرگەی کورد وەکو بەشێک لە هێزی ئاسایشی عێڕاقی لەم شەڕەدا ."

لۆید ئۆستن گوتیشی داعش تا ئێستاش هەڕەشەیە بۆ سەر هاووڵاتیان و کارکردنی هاوبەشی بە گرنگ نرخاند بەڵام داعشی بە تەنها مەترسی دانەنا و ئاماژەی بە مەترسییەکانی ئێرانیش کرد " بەداخەوە داعش تەنها هەڕەشە نییە بۆسەر هاووڵاتیان، بەڵکو ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران دەکات، ئەم هێرشانە پێشێلکاریەکی رونی عێراقن و ژیانی هاووڵاتیان دەخەنە مەترسیەوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردن لە خەڵکی عێراق."

وەزیری بەرگری ئەمەرکا لۆید ئۆستن لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، هەولێر 7ی مانگی سێی 2023
وەزیری بەرگری ئەمەرکا لۆید ئۆستن لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، هەولێر 7ی مانگی سێی 2023

ئۆستن کە پاش سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محمەد شیاع سودانی، گەیشتە هەولێر باسی لە گرنگی پێکەوە کارکردنی هەولێر و بەغداش کرد و گوتی "هەولێر و بەغدا دەبێت پێکەوە کاربکەن بۆئەوەی کارەکان لەبەرژەوەندی هەردولا بێت، داواش لەسەرکردە سیاسییەکانی کورد دەکەین واز لە ناکۆکی و جیاوازیەکان بهێنن و پێکەوە کاربکەن بۆئەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکەن".

پێشتر لە بەغدا پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران محمەد شیاع سودانی ئۆستن بە ڕۆژنامەوانانی گوت " هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق ئامادەن لە عێراق بمێننەوە".

ئەو گوتیشی " ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردن و فراوانکردنی هاوبەشیمان بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق."

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیری عێراقیش گوتی لە کۆبونەوەکەیاندا " باس لە هاوکاری و هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ئەرکی هێزە ئاسایشییەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەدواداچوونی چەتەکانی تیرۆریستی داعش کرا."

ئەم سەردانەی ئۆستن هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی 20 هەمین ساڵیادی هێرشەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق کە لە ئەنجامدا ڕژێمی بەعسی سەدام حسێن ڕووخا. لەو کاتەوە ئەمەریکا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە عێراقدا.

لە ئێستادا ئەمەریکا 2500 سەربازی لە عێراق هەیە بۆ یارمەتیدانی ڕاوێژکردن و هاوکاریکردنی هێزە ناوخۆییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

XS
SM
MD
LG