بیست ساڵ پاش هێرشەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق و ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆر سەدام حسێن، هێشتا مشتومڕ بەردەوامە لەسەر ڕەوایەتی ئەو شەڕەی کە زۆر لەسەر ئەمەریکا کەوت، چ لە ڕووی گیانی و چ لە ڕووی داراییشەوە.
دکتۆر عەباس کازم، سەرۆکی بەشی عێراق لە نێوەندی ئەتلانتیک کانسڵ دەڵێت "عێراقییەکان دەستکەوتی زۆریان هەیە و لە دیکتاتۆریەت ڕزگاریان بوو؛ هیچ یەکێک لە پێکهاتەکانی گەلی عێراق چیتر لە بەردەم مەترسی گۆڕی بە کۆمەڵ و چەکی کیمیایی و سەرکوتکردندا نەماون و چیتر لە پێداویستییە هەرە سادەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێبەش نەکراون؛ ئێستا هەموو عێراقییەکان بەشدارن لە پرۆسەی سیاسیدا و کەس لە پەراوێز نانرێت."
لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ گومانێک نییە عێراق لە ساڵی 2003 لە دەستی دیکتاتۆرێک ڕزگرکرا، بەڵام ڕووداوەکانی پاش 2003 وەهای کردووە هەندێک لە شارەزایانی سیاسی پێیان وابێت ئەمڕۆش عێراق لە دۆخێکی باشتردا نییە.
دکتۆر ڕێبوار فەتاح شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنکە لە لەندەن دەڵێت " ئێستا عێراق وڵاتێکە کە دەسەڵاتی تیا نییە، کۆمەڵێک خەڵک، کۆمەڵێک سەرۆک خێڵ، کە ناوی خۆیان ناوە حزب، یان گروپە شیعەکانی کە کۆمەڵێک گروپی تایفین کۆمەڵێک تایفەی شیعی کە ئەمڕۆ هەر یەکە و دەسەڵاتی خۆی هەیە لە عێراقدا. هیچ دەسەڵاتێکی نێوەندی نییە لە عێرقدا کە بتوانێت بڕیار بدات."
دکتۆر کازمیش پێیوایە دەکرا سیاسەتێکی ژیرانە بەکاربهێنرایە بۆ جڵەوگرتنی دەسەڵات " پێموایە عێراق دەرفەتی باشی لەبەردەستدا بووە و توانایی گەورەیشی لەبەردەستدا هەبووە تا لە ڕەوشیکی زۆر باشتردا بووایە،" بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت "عێراق لە ئێستادا زۆر باشترە لەوەی لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆردا بێت و سوکایەتی بە هەموو عێراقییەک بکرایە؛ هەرچەندە دەکرا ڕەوشەکە زۆر باشتر بکرێت لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریشەوە."
لەگەڵ ئەوەی دەرئەنجامی شەڕەکە کێشەیەکی نوێ لە عێراقدا سەریهەڵدا، ئەویش شەڕی ئاینزایی نێوان شیعە و سوونە کە بووە مایەی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی تر، بەڵام هێشتا دکتۆر نزار حەیدەر، سەرۆکی نێوەندی ڕاگەیاندنی عێراقی لە ئەمەریکا، ساڵی 2003 بە گرنگترین ساڵ لە مێژووی عێراقدا دادەنێت " ئەو سەروەختەی ئەم وڵاتەمان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمە سەرکوتکارەکەی سەدام حوسەیندا بوو، بە هەموو مانایەک سەروەختێکی ڕەش و کارەساتاوی بوو."
دکتۆر نزار لە بەرنامەی چاوی واشنتندا گوتیشی "لەو سەروەختەدا هەرزانترین شت خوێن و خاکی عێراقییەکان بوو، کوڕەکانی سەدام حوسەین دەچوونە گرتوخانەکانی وڵاتەکەوە کە پڕ بوون لە گەنجانی عێراقی و دەستیان دەکرد بە هەڵمەتی لەناوبردن لە گرتوخانەکاندا و گیراوەکانیان دەکوشت بەبێ دادگاییکردن، گرنگ ئەوە بوو وەک خۆیان دەیانگوت ئەو گرتوخانانە پاک بکرێنەوە بە مەبەستی ئەوەی ژمارەی گیراوەکان کەم بکەنەوە و جارێکی تر زیندانەکان پڕ بکەنەوە. بەڵێ ئەوە ڕەوشی عێراق بوو، بەردەوام لە ترس و تۆقاندندا دەژیا. هاووڵاتیان کە دەچوونە دەرەوە بە گومان بوون لەوەی دەگەڕێنە ماڵەوە یان نا، تەنانەت ئێمەش کە لەو کاتەدا لە دەرەوەی وڵات دەژیاین، نەماندەتوانی تەنانەت بەو شەقامەشدا بڕۆین کە باڵیۆزخانە یان کونسوڵخانە یان تەنانەت ئۆفیسی هێڵی ئاسمانی عێراقی لێبووایە، چونکە دەستی کوشتنی رژێمەکەی سەدام گەیشتبووە دەرەوەش."
یەکێک لە گرفتەکانی کە لە پاش پرۆسەی ئازادی عێراقەوە هاتووەتە ئاراوە دەستوەردانی دەرەکییە لە کاروباری عێراقدا، بە تایبەتی ئاماژە بە ئێران دەکرێت کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە سیاسەتی عێراقدا.
دکتۆر ڕێبوار فەتاح دەڵێت " کاریگەری هێزی دەرەکی بە دیاریکراوی ئێران و ئەمەریکا لە عێراقدا زۆر زیادی کردووە. هێزێکی کاریگەری وەکو حەشدی شەعبی لە عێراقدا لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێت. مۆراڵ و ئەتیک لە عێراقدا نزمە و مافی مرۆڤ بە تەواوەتی داڕماوە."
دکتۆر ڕێبوار ئاماژە بەوەش دەکات پاش چەند ساڵێک لە شەڕی عێراق هاوپەیمانان عێراقیان لە ئاڵۆزییەکی وەهادا بەجێهێشت کە وڵاتانی ناوچەکە بەتەواوەتی بتوانن " بەئارەزوی خۆیان دەستبخەنە ناوی." ئەو گوتیشتی دەبینین ئەمڕۆ لە عێراقدا " تورکیا حاکمە، ئێران حاکمە، سعودیە کاریگەرییەکی زۆری هەیە و ئەمەریکا باڵا دەستە لەوێدا، کەواتە چیدی عێراق بە ڕاستی وڵات نییە. عێراق تێکەڵێکە لە ناکۆکی کۆن و لە خەڵک و ئایدۆلۆژی جیاواز کە هیچ ڕێیەکی بۆمان نەهێشتووەتەوە وەکو دەوڵەت بیبینین. دەوڵەت بە مانای کە دەسەڵاتێکی نێوەندی هەبێت، بتوانێت یاسا جێبەجێ بکات، بەرپرسبێت بەرامبەر جیهان بۆ مافی مرۆڤ بۆ ڕاگرتن سەقامگیری و ئارامی نێودەوڵەتی .. بەڵام عێراق ئەمانە هیچی تێدا نییە."
دکتۆر نزار حەیدەر وێڕای ئەوەی جەخت دەکاتەوە عێراقییەکان سودمەندی سەرەکی بوون لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق بەڵام دانیش بەوەدا دەنێت لە هەموو وڵاتان زیاتر لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بووە "یەکەم بەهۆی ئەوەی ئێران قوربانییەکی دەستی سیاسەتەکانی سەدام حوسەین بوو، توشی شەڕێکی هەشت ساڵە بوو، ئەو شەڕەش بە پشتیوانی دارایی و هەواڵگریی و میدیایی ئەمەریکا و وڵاتانی دراوسێی عێراق بوو وەک وڵاتانی کەنداو و شانشینی ئوردون و هەروەها وڵاتی میسریش. خاڵی دووهەمیش کە بۆچی ئێران سودمەندە گەورەکەیە لەو گۆڕانکارییە؟ چۆنییەتی سەروسەوداکردنی ئێرانە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە نوێیەدا و سەروسەوداکردنی وڵاتانی تری ناوچەکەیە لەگەڵ گۆڕانکارییەکەدا. ئێران یەکەم وڵات بوو لە ناوچەکەدا پشتیوانی لە ئەنجومەنی فەرمانڕەوایان کرد، یەکەم وڵات بوو دانینا بە عێراقی نوێدا، پشتیوانی لە دەستوری عێراقیش کرد و چەندان شتی تریش؛ لە کاتێکدا وڵاتانی کەنداو و ئوردونیش ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان بۆ دەناردین و فەتوای خوێنڕشتنی تایفەییان بەسەردا دەسەپاندین."
لە پاش شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بۆ یەکەم جار لە 3 ی مانگی سێی ساڵی 2008 سەرۆکی ئەو کاتەی ئێران مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەردانی عێراقی کرد و لەلایەن بەرپرسانەوە پێشوازی لێکرا.
لەو کاتەشەوە شارەزایان سیاسی و کاربەدەستانی ئەمەریکاش هەمیشە نیگەرانیان دەربڕیوە لەمەڕ دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە بە تایبەتی لە عێراق.
سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، کە لەلایەن هاوپەیمانییەکی سەر بە ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رۆژی شەممە، ڕۆژێک بەر لە یادی بیستهەمین ساڵی داگیرکردنی عێراق بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هێرشەکەی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکات باسی لە ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن و دەستگیکردن و دادگاییکردنەکەی کرد.
سودانی لە وتاری کردنەوەی کۆنفرانسی دیالۆگی بەغدا ئاماژەی بەوەکرد " ئازار و مەینەتی گەلەکەمان بیرە لەو ساڵانەدا کە شەڕی بێمانا و تێکدانی سیستماتیکی زاڵ بوو".
گوتیشی "عێراقییەکان لە 15ی 10ی 2005دا دەستوورێکی هەمیشەیییان پەسەند کرد، کە هاووڵاتیبوون دادەمەزرێنێت و هەموو ئازادییەک مسۆگەر دەکات و بووەتە ئەو سەقفە ئارامەی عێراقییەکان پەنای بۆ دەبەن ، دوای ئەوەی لە ژێر سێبەری ترس و چەوساندنەوەدا ژیاون."
یادی 20 ساڵەی شەڕی عێراق هاوکاتە لەگەڵ جەژنی نەورۆزدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە پەیامی پیرۆزبایی نەورۆزدا ئاماژەی بە گرفتە سیاسییەکانی وڵاتەکە کرد و گوتی " داوا له لايهنه عێراقييهكان دهكهم به گيانێكى عێراقييانهى نيشتمانى كه حزب و نهتهوه و ئايين و مهزههب تێپهڕێنێت، ههموومان پێكهوه بۆ عێراقێک كار بكهين، وڵاتى ههموومان بێت. عێراقێک كه ئارامى و سهقامگيرى و سهروهرى، ژيان و شكۆ و ئێستا و داهاتووى نهوهكانى، پارێزراو بێت. عێراقێک به ههموومان پێكهوه بتوانين بيكهينه نيشتمانێكى باشتر بۆ ههمووان. "
سەرۆکی هەرێمیش ئاماژەی بە یادی 20 ساڵەی ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراقدا نەکرد، بەڵام گوتیشی " ههموومان دوێنيى ژێردهستى و ستهمكاريمان لهبيره. ههموومان گرتن و كوشتن و ڕاگواستن، سووتاندن و وێرانكردن و لهناوبردن، كيمياباران و ئهنفال و جينۆسايدمان لهبيره و ههرگيز لهبيرمان ناچنهوه. بهڵام ههموو ئهمانه نهيانتوانى ئيرادهى كورد و گهلى كوردستان بۆ ژيان و ئازادى و سهرفرازى بشكێنن! چونكه كورد لهگهڵ يهكهم گڕى ههموو نهورۆزێكدا، دووباره تێدههڵدهچێتهوه و بهگوڕتر دهستپێدهكاتهوه."
دکتۆر ڕێبوار لە لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باس لە دەستکەوتەکانی کورد دەکات لەو گۆڕانکارییانەی کە 20 ساڵ لەمەوبەر لە عێراقدا دروست بوون و دەڵێت " کورد توانی ببێتە یەکەیەکی قانونی و شەرعی لە عێراقدا، ئەتوانین بڵێین کورد بە جیهان ناسرا. ئەمە ڕەنگە پۆزتیڤترین لایەنی جەنگەکە بووبێت بۆ کورد، بەڵام ڕەنگە پرسیارێکی تریش هەبێت ئایا پاش ئەوە کورد چیکرد؟ ئەگینا هیچ گومان لەوەدا نییە کە وەکو یەکەیەکی سیاسی یاسای و شەڕعی لە ناوچەکەدا جێگیرکرا کە پێشتر شتی وا نەبوو."
گەردەلولی بیابان لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی عێراق لە دیکتاتۆریەت لە 20 ی مانگی سێی ساڵی 2003 لە دەمی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆرج واڵکەر بوش دەستیپێکرد و پاشان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوەکە لە پرۆسەی ڕزگارکردنەوە گۆڕا بۆ داگیرکردنی عێراق.
لە 9 ی مانگی چواری هەمان ساڵ سێ هەفتە پاش دەستپێکردنی شەڕەکە حکومەتی بەعس لە بەغدا ڕووخا و هێزەکانی هاوپەیمانان بەغدایان کۆنترۆڵ کرد و خەڵکی پیکەرەکانی سەدامیان لە بەغدا ڕووخاند.
سەدام حسێن لە 13 ی مانگی دوازدەی 2003 لە کێڵگەیەک لە نزیک تکریت دەستگیرکرا. پاشان دادگاییکردنی دەستیپێکرد و هەتا 5 ی مانگی یازدەی ساڵی 2006 بەردەوام بوو، دەرئەنجام سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا و لە 30 ی مانگی دوازدەی ساڵی 2006 لەسێدارە درا.
لە 31 ی هەشتی 2010 ئەرکی شەڕکەری ئەمەریکا لە عێراق کۆتایی هات و سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا باراک ئۆباما لە وتارێکیدا جەخت لەسەر قوربانییە هاوبەشەکانی شەڕەکە کردەوە و گوتیشی ئەمەریکا دەستبەرداری عێراق نابێت بەڵام ئاماژەی بەوە کرد "لە کۆتاییدا تەنها عێراقییەکان دەتوانن ناکۆکیەکانیان چارەسەر بکەن و شەقامەکانیان بپارێزن."
ساڵێک پاش ئەوە لە 21 ی مانگی دەی ساڵی 2011 باراک ئۆباما بە فەرمی کۆتایی بە شەڕی عێراق هێنا و فەرمانی کشانەوەی 39 هەزار سەربازی ئەمەریکای لە عێراق دا.
لە ئێستادا ئەمەریکا 2500 سەربازی لە عێراق هەیە بۆ یارمەتیدانی ڕاوێژکردن و هاوکاریکردنی هێزە ناوخۆییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.