Accessibility links

کۆنسۆڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر سەرکۆنەی تاوانی ڕژێمی بەعس دژ بە کوردە فەیلییەکان دەکات


لە 43هەمین ساڵیادی تاوانی ڕژێمی بەعس دژ بە کوردە فەیلییەکان، کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر باس لەو تاوانانە دەکات کە دژ بە کوردە فەیلییەکان لە عێراقدا کراوە.
کۆنسوڵخانەکە لە پەیامێکیدا دەڵێت " حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندە بە برەودان بە مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموان."

لەم یادەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیش بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا دەڵێت "ئەوه‌ى دەرهەق بە کوردانی فەیلی کرا، پاکتاوێکی نەژادیی ڕەگەزپەرستانە بوو. تيایدا وێڕای بێسەروشوێنکردنی دەیان هەزار هاووڵاتیی بێتاوان، سەتان هەزاریشیان دووچاری ڕاگواستن و وڵاتبەدەرکردن و زەوتکردنی ماڵ و موڵکیان و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە بوونه‌وه‌ تەنها لەبەر کوردبوون و داکۆکیکردنیان لە ناسنامە و مافە ڕەواکانی میللەتەکەیان."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە " ناساندنی ئەو تاوانە بە جینۆساید لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە، حکومەت و دەوڵەتی عێراق ڕووبەڕووی ئەرک و بەرپرسیاریەتیی یاسایی و مرۆیی دەکاتەوە بۆ قەرەبۆکردنەوەی قوربانييان."
لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعسدا، لە ساڵانی 1970کان کوردانی فەیلی ڕووبەڕووی پەراوێزخستنی سیستماتیک لەلایەن دەوڵەتەوە بوونەوە و کرانە ئامانج. ئاژانسی یەکێتی ئەوروپا بۆ پەناخوازان دەڵێت کوردانی فەیلی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران ،مافی هاووڵاتیبوونیان لێسەندرایەوە و 300 هەزار کەسیان دەرکران بۆ ئێران.
لە پاش ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەشێکی زۆری کوردە فەیلیەکان گەڕانەوە بۆعێراق.
لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی 2019 وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەوڵی گەڕاندنەوەی مافی نەتەوەیی و پێگەی یاسایی کوردی فەیلی دەدا، بەڵام هێشتا زۆرێک لە کوردانی فەیلی بێ هاووڵاتینامەن.
هەرچەندە ئامارێکی تەواو لەبەردەستدا نییە بەڵام بە پێی پێگەی مافی کەمینە نەتەوەکانی جیهان نزیکەی 1 ملیۆن و نیو کوردی فەیلی لە عێراقدا هەن کە زۆربەیان لە بەغدا نیشتەجێن.

XS
SM
MD
LG