Accessibility links

مەسعود بارزانی: ئومێدەوارین "ئەم وەزعە خۆشە" بەردەوام بێت کە لە عێراق و هەرێم هاتووەتە ئاراوە


مەسعود بارزانی
مەسعود بارزانی

دوای چەندین مانگ لە ئاڵۆزی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە تایبەت لەسەر پرسی نەوت و بودجە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، دەڵێت ئێستا "کەشوهەوایەکی زۆر زۆر لەبار و ئیرادەیەکی بەهێز" هاتووەتە کایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا و هیوادارە "ئەو وەزعە خۆشە بەردەوام بێت."

"من ناچمەوە سەر ڕابردوو بەڵام ئێستا کەشوهەوایەکی زۆر زۆر لەبار هاتۆتە ئاراوە، وە ئێمە ئیرادەیەکی بەهێز دەبینین و نیەتێکی پاک،" ئەمە وتەی مەسعود بارزانی بوو لە سەر بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێم لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە 11ی مانگی پێنجی 2023.

لە مەڕاسیمەکەدا لە بارزان چەندین سەرکردەی باڵای عێراق، لە نێوانیان سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان، ئامادەبوون.

بارزانی لە مەراسیمەکەدا گوتیشی، "لێرەدا دەمەوێت پڕ بە دڵ سوپاسی برای بەڕێزم جەنابی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی بکەم کە ئەبینین زۆر بە جدی هەوڵ دەدات ئەو ڕێککەوتنە سیاسیەی کە کراوە جێبەجێ بکات و جورئەتی پیشانداوە. لێرەوە دڵنیای دەکەمەوە کە ئێمەش بە هەموو توانایەکەوە پشتگیری دەکەین."

ئەمەش لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم و عێراق چەندین پرسی ئاڵۆز لە نێواندا هەیە بەتایبەت لەسەر بابەتی وزە، تا دواجار لە کۆتایی مانگی سێ تورکیا ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هەرێمی ڕاگرت دوای یەکلایی بوونەوەی سکاڵایه‌کی عێراق له‌سه‌ر تورکیا له‌ ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی. دوای ئەمە، حکومەتی هەرێم و عێراق لە بەغدا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرێت.

لەمەراسیمەکەدا محەمەد شیاع سودانی ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ حکومەتەکەی "24 کاتژمێر" کاردەکات بۆ گەشەپێدانی دەزگاکانی دەوڵەت "تاوەکو حکومەتێکی خزمەتگوزاری بێت کە خزمەت پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات و جێگای ڕەزامەندی خودای گەورە و گەلی عێراق بێت."

سودانی وتیشی،"هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی داگیرکاری و تاوانەکانی رژێمی بەعس بوونەتەوە و سەلماندیان گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، گەلێکە رازی نابێت بە زەلیل بوون و ستەم قبوڵ ناکەن....لەگەڵ براکانیان لە لایەنەکانی دیکەی عێراق، لەم شاخە سەربەرزانەوە بۆ ماوەی چەندین دەیە رووبەڕووی ستەم بوونەوە."

جەختیشی کردەوە حکومەتەکەی لەسەر بنەمای "هاوتەریبکردنی قسە لەگەڵ کردار" کاردەکات.

لای خۆیەوە لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەبەردەم بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی هەرێم و عێراق جەختی لەوەکردەوە" قۆناغەکانی رابردوو پێمان دەڵێن کە عیراق ئارامی بەخۆیەوە نابینيت بەبێ هاوکاری هەماهەنگی، هەرێمی کوردستانیش سەقامگیری ئابووری بەخۆیەوە نابینێت بەبێ حکومەتی فیدراڵی."

سەرۆک کۆماری عێراق وتیشی" پێویستە زمانی گفتوگۆ و سازن و لێکتێگەیشتن ببێتە فاکتەری سیاسەتێکی نوێ لە عێراقدا کە خزمەتی هەموو لایەک بکات و وڵاتەکەمان ئاوەدان بکاتەوە."

بارودۆخی ناوخۆی هەرێم

لە ناوخۆی هەرێمیش، بەرپرسانی باڵا لە نێوانیان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت ئامادە بوون.

ئامادەبووی جێگەی سەرنج بریتی بوو لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کە بەهۆی ناکۆکیەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ چەندین مانگ لەگەڵ وەزیرانی یەکێتی سەرجەم کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیان بایکۆت کردبوو.

قوباد تاڵەبانی هیچ لێدوانێکی لە مەراسیمەکەدا نەدا، بەڵام دوای تەواوبوونی گوتارەکان تاجە گوڵینەی لە مۆنۆمێنتی بارزان دانا و لە دەفتەری یادگاریدا نووسینێکی جێهێشت.

سەبارەت بە هۆکاری بەشداری نەکردنی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، سیروان بارزانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە گوێرەی زانیاریەکانم هۆکاری بەشداری نەکردنی ئەوەیە دایکی بەڕێزیان کەمێک نەخۆشە و لە ئەڵمانیان."

مەسعود بارزانی بارزانی لەوتارەکەیدا داوای لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کرد" هەرچی زووە پێش 18ی ئەم مانگە هەموو بەیەکەوە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بکەن و دڵسۆزانە باسی گرفتەکان بکەن و چارەسەریان بکەن."

بارزانی داوای لەهەردوو مەکتەبی سیاسی حزبەکەی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێش ئەو کۆبوونەوە "بەرفراوانە" بەجیا کۆببنەوە و زەمینەسازی بکەن لەپێناو سەرخستنی کۆبوونەوەکە، "تاوەکو ئەم تەمومژە نەمێنێت و کەشێکی گونجاو بۆ کۆبوونەوە گەورەکە ساز بکەن."

وتیشی" نابێت دەرفەتەکان لەدەستبدرێن و دەبێت سوود لە راپەڕین وەربگیرن، دڵسۆزانە و برایانە ئەو داوایە ئاراستەی هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە کۆتایی بە کێشەکانیان بهێنن."

لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوای لەهەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کرد، بەپیر داواکارییەکەی مەسعود بارزانی یەوە بێن "بۆ ئاشتی و پێکەوە دانیشتن."

XS
SM
MD
LG