وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرقاڵی گفتووگۆن بۆ گواستنەوەی میلاکاتی خوێندنی کوردی لە کەرکوک لەسەر حکومەتی هەرێمەوە بۆ سەر حکومەتی عێراق، ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی کە وەفدی کوردی لەکاتی پێکهێنانی کابینەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانیدا لەگەڵ لایەنە شیعەکان لەسەری ڕێککەوتبوون. چالاکوانێکی سیاسیش لەکەرکوک دەڵێت، "ئەمە پاشەکشەیە بۆ حکومەتی هەرێم."
شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لیژنەیەکی باڵای وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بۆ گواستنەوەی میلاکاتی خوێندنی کوردی لەکەرکوک سەردانی بەغدامان کرد. دواتر لیژنەیەکی وەزارەتی پەروەردەی عێراقیش هاتنە هەولێر، داتا و ئامارەکانمان ڕادەستیانکرد. بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە و چاوەڕوانی پەسەندکردنی بودجەی عێراقین."
خوێندنی کوردی لە کەرکوک لە ساڵی 2003 ئەوکاتەی کورد لەو پارێزگایە دەسەڵاتی گرتە دەست کراوەتەوە. لە ئێستادا 435 خوێندنگای کوردی و 40 باخچەی ساوایان لە پارێزگاکە سەر بە خوێندنی کوردین، کە 9 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر و 92 هەزار قوتابی تێیاندا دەوام دەکەن.
ئەو وانە و پرۆگرامانەی لە خوێندنی کوردی لە کەرکوک دەخوێنرێن هاوشێوەی مادە و پرۆگرامەکانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام لە حاڵەتی گواستنەوەی خوێندنی کوردی دا بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکان دا دەکرێت، چونکە پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی عێراق و هەرێم جیاوازن لە یەکتری.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لەکەرکوک ئاماژەی بەو پێشنیارانە کرد کە لەبارەی پرۆگرامەکانی خوێندنی کوردییەوە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی عێراقیان کردووە، وتی "پێشنیارمان کرد پرۆگرامە زانستییەکانی وەکو کیمیاو فیزیاو زیندەوەرزانی و بیرکاری هەمان پرۆگرامەکانی عێراق بن، بەڵام کۆمەڵایەتی و کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی با پرۆگرامەکانی هەرێم بن."
خوێندنی کوردی لەکەرکوک ماوەی 5 ساڵە و لەمانگی 10 ی ساڵی 2017 ەوە لەوکاتەوەی پارێزگاکە لەلایەن عێراقەوە کۆنترۆڵ کرا، کەوتووەتە نێوان بەرداشی ململانێ هەرێم و عێراقەوە و بەپێی قسەی بەرپرسانی کەرکوک بێت وەک پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.
شێرزاد رەشید وتی"گرفتێکی وا لەبەردەم گواستنەوەی خوێندنی کوردیدا بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق نییە، ئەوان نیازیان هەیە کارەکە ئەنجام بدرێت."
جگە لە جیاوازی پرۆگرام و ڕێنماییەکان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لەکەرکوک مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دابین دەکرێت و هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەرێم گرفتی دواکەوتنی مووچەیان هەیە. بەڵام ئەم گرفتە لای خوێندنی عەرەبی بوونی نییە.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لەکەرکوک وتی"گەر میلاکاتی خوێندنی کوردی لەکەرکوک خرایە سەر عێراق، موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش لە عێراقەوە دابین دەکرێت."
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی بۆتەوە، ماوەی چەند ساڵێکە هیچ مامۆستا و فەرمانبەرێکی بۆ خوێندنی کوردی لەکەرکوک دانەمەزراندووە، لەکاتێکدا هەندێک لە خوێندنگاکان گرفتی کەمی فەرمانبەریان هەیە.
شێرزاد رەشید بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لەکەرکوک، وتی"هەزار و 46 وانەبێژمان هەیەو مووچەکانیان لەلایەن هەرێمەوە دابین دەکرێت. داوامان لە عێراق کردووە حسابیان بۆ بکرێت و دابمەزرێن."
هەروەها وتیشی"داوای چارەسەرکردنی گرفتی ئەو مامۆستایانەشمان کردووە کە تەمەنیان لەنێوان 60 بۆ 63 ساڵیدایە، چونکە لە عێراق خانەنیشین کراون و لە هەرێم هێشتا لە خزمەت بەردەوامن."
گواستنەوەی خوێندنی کوردی لە سەر هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەر عێراق بە واتای پاشەکشەکردنی هەرێم لەڕووی فەرهەنگییەوە لێکدەدرێتەوە.
رەجەب عاسی چالاکوانی سیاسی لەکەرکوک، پێیوایە دەستبەرداربوونی حکومەتی هەرێم لەخوێندنی کوردی لەکەرکوک دوو پەیامی نەرێنی لەپشتەوەیە.
ئەو دەڵێت، "پەیامی یەکەم بە واتای باڵادەستبوونی عێراق بەسەر فەرهەنگی کوردی لەکەرکوک دێت. پەیامی دووەمیش دەستبەرداربوونی هەرێمە لە هەزاران فەرمانبەری کورد و فەرهەنگی کوردیش، لەکاتێکدا دەبوو هەرێم هەوڵیبدایە موچەکانیان بخرایەتە سەر عێراق، بەڵام خۆی سەرپەرشتی خوێندنی کوردی کردبا."