نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، لە دواین لێدوانیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لەو ئاستەنگ و دەرفەتانە کرد کە لەبەردەم عێراقدا هەیە بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
جینین هێنس پلاسخارت، جەخی لە پێویستی پابەندبوونی بەردەوام و گرنگیدان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لە بری ئەجێندای تاکەکەسی یان حزبی کردەوە. هەروەها تیشکیشی خستە سەر ڕێگەی سەقامگری و پێشکەوتن لە هەرێمی کوردستان.
خاتوو پلاسخارت لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەگرتووەکاندا ڕایگەیاند، لە کاتێکدا زۆر کەس دان بەوەدا دەنێن عێراق لە مێژووی خۆیدا زۆرجار ڕووبەڕووی سەختی بووەتەوە ، بەڵام ئەوان پێیان وایە کە هۆکارە سەرەکییەکانی ناسەقامگیری لەم ساڵانەی دواییدا تا ڕادەیەکی زۆر وەک خۆیان ماونەتەوە "ئەم هۆکارانە بریتین لە گەندەڵی، ناکاریگەری حوکمڕانی، کاریگەریی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەت، نەبوونی لێپرسینەوە، دابەشبوونی سیاسی، خراپی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، نایەکسانی، بەرزی ڕێژەی بێکاری و پشتبەستنی زۆر بە نەوت."
کێشەکانی نێوان یەكێتی و پارتی
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان خاتوو پلاسخارت ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد و گوتی "ناکۆکی نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لە چەند مانگی ڕابردوودا هەرێمی کوردستانی لە مەترسییەکی گەورە نزیک کردەوە."
گوتیشی " زۆر کەس بارودۆخی سیاسییان بە بێباکانە و نابەرپرسیارانە وەسف کرد."
بەڵام باسی لەوەش کرد لە ئەنجامی چەندین هەوڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و چەند کەسێکی تر "لایەنەکان گەڕانەوە سەر مێزی گفتوگۆ و هەندێک پێشوەچوونی ئەرێنی ئەنجام درا." ئاماژەی بەوەش کرد کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی "هەواڵی باشی" لێکەوتەوە.
لە کۆتاییدا پاش زیاتر لە 6 مانگ لە یەکشەممەی ڕابردوو کابینەی حکومەتی هەرێم پێکەوە کۆبونەوەی ئەنجام دا.
هەڵبژاردنەکان هەرێم
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێم، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەمێژە دواکەوتووە، کە بڕیاربوو لە مانگی 10 ی 2022 ئەنجام بدرابایە.
لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی کە لە ئێستادا وادەی هەڵبژاردنەکان بۆ 18ی مانگی 11 ی 2023 دیاری کراوە، خاتوو پلاسخارت دەیەوێت هەندێک خاڵی گرنگ بە بیر لایەنەکان بهێنێتەوە " دەبێت بەپەلە ڕێککەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکانی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. دواخستنی زیاتر زیان بە متمانەی گشتی دەگەیەنێت."
کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا
جینین هێنس پلاسخارت لەو بڕوایەدایە ناکۆکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای گرژ کردووە و کاریگەری لەسەر پرسەکانی وەک بودجە، سەرچاوە سەروشتییەکان، ناوچە جێناکۆکەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شەنگال دروستکردووە.
ئاسایشی ئاو
لە دانیشتەکەدا باس لە کەمی ئاو و حاڵەتی نائاسایی کەشوهەواش کرا کە لە عێراقدا سەریهەڵدا و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا کاریگەرییە ترسناکەکانی دەربکەون. خاتوو پلاسخارت دەستخۆشی لە پابەندبوونی عێراق بە ئاسایشی ئاو و پلانەکانی نوێکردنەوەی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئاو ی کرد و جەختیشی لەسەر هاوکاریی ناوچەیی و دابەشکردنی سەرچاوەی دادپەروەرانە لە نێوان وڵاتانی دراوسێی عێراقدا کردەوە کە گرنگە بۆ چارەسەری بەردەوامی قەیرانی ئاو.
سەرەڕای ئەم ئەم ئاستەنگانە باس لە شیانە گەورەکانی عێراق بۆ پێشکەوتن کرا . گوتیشی پشتڕاستکردنەوەی حکومەتی نوێی عێراق لە ئۆکتۆبەری 2020 وەک دەرفەتێکی چارەنووسساز بۆ چارەسەرکردنی پرسە دیارەکان و دەستپێکردنی چاکسازیی مانادار سەیرکرا. گوتێشی " حکومەت خواستی خۆی نیشانداوە لە گرنگیدان بە ئەرکە سەرەکییەکانی و دوورکەوتنەوە لەو ئاڵۆزیانەی کە دەتوانن سەقامگیری سیاسی بخەنە مەترسییەوە."