Accessibility links

سەرباری نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی بەڵام هێشتا لەمپەر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردندا هەیە


سەرباری بەردەوامی کۆبوونەوەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و دەزگای هەڵبژاردن، بەڵام هێشتا لەمپەرەکانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کۆتایی ئەمساڵ لانەبراون و کورسی پێکهاتەکان یەکێکە لە لەمپەرەکان.

هەرچەندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک نەریتێکی سەرۆکایەتی 18ی مانگی یازدەی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەستپێنەکردووە، لە کاتێکدا ئامادەکارییەکان بۆ مانگی شەش پێویستە بکرێن.

عەبدولسەلام بەرواری ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند"یەکێتی تەنها لە مەسەلەی کورسی پێکهاتەکان ڕای جیاوازی هەیە، دەیەوێت کورسییەکان بەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێت، بەڵام پارتی پێیوایە ئەم پرسە بۆ خودی پێکهاتەکان جێبهێڵرێت."

بەرواری وتیشی"ژینگەیەکی لەبار لە نێوان یەکێتی و پارتی دروستبووە، رەنگە مەسەلەی کۆتاکانیش بە ئاسانی چارەسەر بکرێت."

سەرباری دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن، بەڵام هێشتا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کۆتایی ئەمساڵدا بەتەواوەتی یەکلایی نەکراوەتەوە، یەکێتی نیشتمانی بە هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکرێت بەوەی وەک پێویست ئامادە نییە بۆ پرۆسەکە.

عەتا سەراوی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"یەکێتی لە هەڵبژاردن ناترسێت و لەسەر سندوقەکانی دەنگدان وەڵامی ئەو پڕوپاگەندانە دەدەینەوە گوایە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندا نین."
هەروەها وتیشی"کادرەکانی یەکێتی خاوەن هزر و فکرن، بۆیە هەرگیز لە هەڵبژاردن ناترسین."

پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی 9 ی مانگی 10ی ساڵی رابردوو تەمەنی خۆی بۆ ماوەی سالێک درێژ کردەوە، گەر لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، چاوەڕوان دەکرێت هەرێم گرفتی بۆشایی یاسایی بۆ دروست ببێت و لە ئێستاشدا دۆسیەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدڕاڵی عێراقە.

عەتا سەراوی دەڵێت"لە ساڵی 1991 ەوە هەرگیز هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا نەکراوە، چونکە لە پرۆسەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات تێنەگەیشتووین."

ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی وەکو دوو هێزی حوکمڕانی هەرێم، ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بەهێزتر کردووە، سەرباری ئەوەی هێشتا چەندین لەمپەر لەبەردەم ئەنجامدانی پرۆسەکەدا ماون.

شێخ محەمەد شاکەلی سیاسەتمەداری دیاری هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند"خەریکە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی تەواو باش دەبێت، گرنگە پێکەوە هەوڵی باشکردنی کەم و کوڕییەکان بدەن، چونکە فشاری نێودەوڵەتی و ناوخۆییش لەسەریان هەیە."

XS
SM
MD
LG