باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، چوار پەیامی نوێی دایە هەرێمی کوردستان کە پەیوەستن بە داهاتووی هەرێمەکە. دەڵێت"نیگەرانین لە پاشەکشەی دیموکراسی و میکانیزمی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە" ، وە هەروەها بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرێمیش لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا داوا دەکات ڕێکەوتن لەگەڵ بەغداد بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد "ئەمەریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا دەستپێدەکاتەوە."
ئەلینە ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، بە ئامادەبوونی ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە میدیاکاران ئاماژەی بەوە کرد ئەمەریکا نیگەرانە لەو دۆخەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبەکاندا بە ڕاشکاوی ئەو نیگەرانییانەیان خستووەتە ڕوو. داواشیانکردووە بۆ چارەسەری كێشەکانیش لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دەبێت ڕێکەوتن لەگەڵ بەغداد بکرێت و لە ناوخۆش هەوڵی یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسیاکان بدرێت.
ڕۆمەناوسکی وتی" بابەتێک کە باسی دەکەین پاشەکشەی دیموکراسییە لە هەرێمی کوردستاندا کە لەم چەند ساڵەی دواتردا بە ئاڕاستەیەکی خراپدا ڕۆشتووە" هەروەها وتیشی"گفتوگۆی جدیمان هەبووە لەسەر ئازادی کاری ڕاگەیاندن، مافەکانی مرۆڤ و ئەو توندوتیژیانەی لەسەر بنەمای جێندەری ئەنجام دەدرێن."
وتیشی" هانی لایەنە سیاسیەکان دەدین کە ڕێکبکەون و بە گفتووگۆ بگەنە چارەسەر."
پرسی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، کە یەکێکە لە کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، هەرچەندە ئەمەریکا چەندین جار فشاری کردووە بۆ یەکگرتنەوەیان، بەڵام تا ئێستا ئەم بڕیارە بە تەواوەتی نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەرپرسەکەی ئەمەریکا دەڵێت"ئەمەریکا ناڕازییە لە بەڕێوەچوونی چاکسازییەکانی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە."
وتیشی"بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام دەبین لە هاندان و گفتۆگۆکانمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ئامانجەکان بۆ چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەدیبهێنین."
ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان لە لایەک و کێشەکان لەگەڵ عێراق تەوەرێکی تری دیدارەکەبوو، باڵیۆزی ئەمەریکا جەختی لەسەر یەکڕیزی و ڕێکەوتنی هاوبەشی نێوانیان کردەوە.
وتی"هانی گفتوگۆی جدی دەدەین لە نێوان لایەنە سیاسیەکان لە کوردستان و عێراقیشدا، نەک تەنیا لەبەر هۆکاری ئابوری و دابەشکردنی داهات بە شەفافی، بەڵکو بۆ سەقامگیریکردن لە ناوچەکەدا."
سەرباری کێشەکانی هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیری سیاسی و نیگەرانییەکانی ئەمەریکا، هێشتا هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی ستراتیژی گرنگی ئەمەریکایە و لە پەیوەندیکردن لەگەڵیدا بەردەوام دەبن.
ئەلینە ڕۆمەناوسکی ئاماژەی بەوە کرد" پەیوەندییەکانمان بەردەوام دەبێت هێشتا هەرێمی کوردستان ستراتیژە و ئەوان هاوبەشمانن."
وتیشی ئەمەریکا دەیەوێت گرنگی بە وەبەرهێنان بدات لە ناو هەرێمی کوردستاندا و بۆ ئەم مەبەستە لە ئایندەیەکی نزیکدا تیمێکی باڵای بازرگانی ئەمەریکا دێتە هەرێمی کوردستان.