لە کاتێکدا ئەمەریکا چەندین جار سوتاندنی قورئان و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئاین سەرکۆنە کردووە، کەسایەتی باڵای شیعەکانی عێراق موقتەدا سەدر ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی پشتیوانی لە سووتاندنی پەرتووکە ئاینییەکان دەکات.
سەدر لە تویتەکەی ڕۆژی دووشەممەیدا ڕایگەیاند " ئەمەریکا خۆی بە زلهێز و بەهێزترین دادەنێت لە جیهاندا وەهاش ڕایدەگەیەنێت پارێزەری کەمایەتییەکان و خەڵکی بێدەسەڵاتە، لە هەمان کاتدا پشتیوانی لە سووتاندنی پەرتووکە ئاسمانییەکان دەکات و هەروەهاش لە پێشێلکردنی هەستی موسوڵمانان لە سەرانسەری جیهاندا."
لە پاش ڕووداوی ئەم دواییانەی سوتاندی قورئان لەلایەن هاووڵاتییەکی عێراقی لە سوید، ئەمەریکا سەرکۆنەی ئەو ڕووداوەی کرد و ماثیۆ میللەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەو کردارەی بە کارێکی قێزەون ناودێر کرد و گوتی " کارێکی قێزەونە هەر کەسێک بێت و سووکایەتی بەو کتێبە ئاینییانە بکات کە خەڵکێکی زۆر لە جیهاندا بە شکۆوە سەیری دەکەن. ئێمە ڕێزێکی زۆر لە قورئانی پیرۆز و کتێبە پیرۆزەکانی تریش دەگرین، لە هەمان کاتیشدا پشتیوانی دەکەین لە مافی ئازادی ئاینی و بڕوای ئاینی و ئازادی ڕادەربڕینی هەموو کەسێک. ئێمە سەرکۆنەی ڕەفتارێکی لەو شێوەیەی سووتاندنی قورئان دەکەین و پێمان وایە کارێکی قێزەونە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بڕوامان بەوەیە ئەوە مافی هەموو کەسێکە ئازادانە ڕای خۆی دەرببڕێت."
سەدر کە هەفتەی ڕابردوو لەسەر داوای ئەو، لایەنگرانی هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و گڕیان لە باڵەخانەکە بەردا، لە تویتەکەیدا ئەمەریکا بە دژی دیموکراسی لە قەڵەم دەدات و دەڵێت " ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕادەگەیەنێت دەوڵەتێکی دیموکراتییە و دیموکراتیش واتا ( ڕای گەڵ) یان گەڕانەوە بۆ ڕای زۆینەی گەل، بەڵام ( جۆو بایدن) هیچ بایەخێکی نەداوە بە ڕای گەل. وەک سەرۆکەکانی پێشتریش کە کردوویانە کاتێک عێراقیان داگیرکرد لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆربەی گەلی ئەمەریکا نەک هەر داگیرکردنی عێڕاقیان ڕەتدەکردەوە، بەڵکو داگیرکردنیشیان ڕەتدەکردەوە. کەواتە ئەمەریکا دژی دیموکراتییە وەک چۆن دژی ئاشتییە چونکە داگیرکارە و دوژمنی ئاسمانە چونکە پشتیوانی لە بەدکاری دەکات."
وەزارەتی دەرەوە دەڵێت لە ماوەی چارەکە سەدی ڕابردوودا بە هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیان وڵات لە دیکتاتۆریەتەوە بەرەو دیموکراسی چوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هەبوونی دەنگ و ڕەنگی جیاواز لە پەرلەمانی وڵاتەکاندا. عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی لە حوکمڕانییەکی دیکتاتۆرییەوە گوڕدرا بە وڵاتێکی دیموکراسی، ئەویش لە پاش پرۆسەی ئازادی ساڵی 2003 بە هاوکاری هێزی هاوپەیمانان و بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا ڕژێمی پێشووی دیکتاتۆر سەدام حسێن ڕووخێندرا. ئەمڕۆ لە ئەنجامی ئەو دیموکراسییەی دەسەتەبەر بووە، شیعە کە زۆرینەی خەڵکی عێراقن، ئەوان حکومڕانی وڵاتەکە دەکەن، لە کاتێکدا لە سەردەمی سەدام حسێن نەک تەنیا دەسەڵاتیان نەبوو، بەڵکو بە شێوەی زۆر دڕندانە سەرکەوت دەکران.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە ئەمەریکا پەیوەستە بە فراوانکردنی ڕێبازی دیموکراسی هەتا ئەو کاتەی هەموو هاووڵاتیان لە سەرانسەری جیهاندا بگەن بە مافە بنچینەییەکانی خۆیان.
موقتەدا سەدر کە باوکی لەلایەن ڕژێمی پێشووی سەدام حسێنەوە کوژرا ، لە تویتەکەیدا دەشڵێت "ئایا کار گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی دوژمنانی دیموکراتی و ئاشتی و ئاسمان هەڵمان بسوڕێنن. سوێند بە خودا ئەمەریکا و دەوڵەتەکەی خراپەیان بۆ ئێمە و بۆ ئاینەکەشمان دەوێت. ئەوەی دەیکەن سەرەتایەکە بۆ بڵاوکردنەوەی بەدکاری تا عێراق ببێتە پاشکۆی ئەمەریکا و ببێتە وڵاتێکی ڕەگەز خواز، نەخیر و هەزار جارنەخێر. گەلی عێراق وەک گەلێکی دادپەروەر و گەلێکی ڕاستەقینە و بە پاکیزەیی و خاوەن شکۆ دەمێنێتەوە. دەشڵم و ڕای دەگەیەنم عێراق گەلی قورئان و گەلی پێغەمبەران و پەیامبەران و پیاوچاکانە."
میشێل تەیلەر باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕووداوی قورئان سوتاندن و بڵاوبوونەوەی ڕق و کینە ڕایگەیاند " زۆر هیواداربووم و لەو بڕوایەشدام هەموومان هەر ئاوەها دەبین کە بە یەک دەنگ وابەستەی ڕاگرتنی بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە دەبین بەرامبەر ئاینەکان و لەو بڕوایەشدام زۆر نزیکین لەو بڕیارەمان. لەگەڵ ئەو هەموو دەربڕینانەی هەمانە بەرامبەر ئەو جۆرە ڕق و کینانە، بەڵام نابێت ئازادیی ڕادەربڕین بکرێتە پردێک بۆ میکانیزمی ڕاگرتنی ڕق و کینەکان، هەربۆیەشە بە داخەوە پێویستە دەنگ دژی ئەو دەقە نا هاوسەنگە بدەین کە زۆر پێچەوانەی هەڵوێستە درێژخایەنەکانمانە لەسەر ئازادی ڕادەربڕین."