هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا چالاکوان گۆهدار زێباری پاش نزیکی 3 ساڵ لە دەستگیرکردنی دوێنێ چوارشەممەلە هەولێر ئازادبکرێت، بەڵام پارێزەرەکەی دەڵێت پێدەچێت بۆ جاری سێیەم سزا بدرێت و براکەشی بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت تۆمەتی ئێستا پەیوەندی هەیە بە چەکێکی جۆری تاپڕ کە وەک یادگاری لە باپیریەوە بۆی ماوەتەوە.
ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری گیراوانی بادینان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە چاوەڕێ بووین لە 16ی مانگ کە دەکاتە دوێنێ گۆهدار ئازاد بکرێت و بە خێزانەکەی شاد ببێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئازاد نەکرا."
وتیشی"ئێمە زانیاریمان هەیە کەیسێکی تر لەسەری کراوەتەوە. بە گوێرەی مادەی 15 کە تایبەتە بە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، لە کاتێکدا ئەو چەکە بەکاردەهێنرێت بۆ ڕاوکردن چونکە لە جۆری تاپڕە، ئەوە چەکی بێ مۆڵەت نیە."
گۆهدار زێباری لە 22ی مانگی دەی 2020 لەگەڵ چەند کەسێک کە دواتر بە زیندانیانی بادینان ناویان دەرکرد، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی دەستگیرکران و هەریەکەیان بەپێی ماددەی یەکەم لە یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003 ی پەرلەمان کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، بە 6 ساڵ زیندانیکردن سزادران. بەڵام پارێزەرەکانیان دەڵێن ئەوان هیچ کارێکیان نەکردبوو کە بە تێکدانی ئاسایش دابنرێت، بەڵکو خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان کردبوو و گروپ چاتێکیان لە سۆشیال میدیا دروستکردبوو.
گۆهدار لە مانگی 2ی 2022 بە فەرمانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سزاکەی بەڕێژەی 60٪ کەمکرایەوە. لەژێر ڕۆشنایی فرمانەکەی سەرۆکی هەرێم، بڕیاربوو 16ی سێی 2023 گۆهدار ئازاد بکرێت، بەڵام دواتر لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بە 7 مانگ حوکمدرا بە تاوانی "گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی".
ئەوکات یەکێک لە پارێزەرانی ئەو دۆسێیەیە، بەشدار حەسەن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سکاڵەکە دەبوو لەلایەن کۆمپانیای تۆیۆتا یان دایۆوە بکرایە، کەچی ئاسایش و داواکاری گشتی هەولێر لە بری ئەوان سکاڵایان تۆمارکردووە."
زێدان زێباری، برای گۆهدار زێباری، ئەمڕۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند کە بڕیاری سێ بارە ڕاگرتنی گۆهدار لە زیندان بارودۆخێکی سەختی بۆ خێزانەکەیان دروستکردووە.
زێدان وتی، "تەنانەت ڕێگەیان نەدا ئێمە بچینە ژورەوە. هەرچەندە چەندین کاتژمێر چاوەڕێ بووین کە براکەمان ئازاد بکرێت، بەڵام ئازاد نەکرا ئەگەرچی تا شەویش چاوەڕێمان کرد."
دەشڵێت، "ئێمە هیچ کات داوای بینینی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت ناکەین سەبارەت بە دۆسیەی گۆهدار، گۆهداریش ئەوە قبوڵ ناکات و ڕازی نابێت، ئامادەیە هەر لە زیندان بمێنێت. ئەوان ئازادی براکەم نەکەن بە منەت لە سەرمان، بەڵام داواکارین ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دۆسیەی براکەم بێدەنگ نەبن و هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئازادی براکەم. با دادگا سەروەربێت لە دۆسیەی براکەم. ئەرکی لایەنە سیاسیەکانیشە بۆ ئەوە فشار دروست بکەن لەسەر حکومەت."
بەگوێرەی پارێزەرە ڕەمەزان ئەرتیسی، بەڕێوەبەری چاکسازی هەولێر پێی ڕاگەیاندون کە هیچ دۆسیەییەک لەسەر گۆهدار نەماوە و دوای گواستنەوەی بۆ ئاسایش ئازاد دەکرێت. بەڵام دوای مانەوەی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، هێشتا ئەوان بە فەرمی لەسەری هۆکاری ئازادنەکردنی ئاگادار نەکراونەتەوە.
پارێزەرەکە دەڵێت دۆسیەی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت ئەو دۆسییەیە کە پێدەچێت جارێکی تر گۆهدار زێباری لەسەر سزا بدرێت،. بەڵام زێدان زێباری برای گۆهدار ڕەتی دەکاتەوە براکەی چەکی پێ بووبێت و دەڵێت، "ئەو چەکە لە جۆری تاپڕە، کە زۆر کۆنە و هی باپیرمە هی گۆهداتر نیە، ئێمە لە ماڵەوە وەک یادگاری پاراستومانە. وە چەکەکەش لە ناو ماڵدا بووە نەک لە ناو ئۆتۆمبێلدا وەک ئەوەی ڕووبەڕووی براکەم کراوەتەوە لە زینداندا."
بە گوێرەی پارێزەری دۆسیەکە، لە ئەگەری دادگایی کردنی گۆهدار بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، پێشبینی دەکرێت سزای ماددی یاخود زیندانی زیاتر ڕووبەڕووی بکرێتەوە.
ڕەمەزان ئەرتیسی ڕایگەیاند، " دوو مادە هەیە: ئەگەر بە مادەی 21 بێت ئەوە تەنها سزادانی مادییە، بەڵام ئەگەر 15 بێت هەم سزای پارەیە و هەم سزای زیندانیش دەگرێتەوە."
بۆ زانیاری زیاتر دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێو دەوڵەتیەکان، بەڵام پەیوەندییەکە تا بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە بەردەست نەبوو. بە هەمان شێوە، شەهرام میرحاج، وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم، بەردەست نەبوو.
عقید ئەردەڵان، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو دۆسیەیە پەیوەندی بە ئێمەوە نیە و ئێمە هیچ قسەیەکی لەسەر ناکەین."